موقته‌دا سه‌در بڕیاری داخستنی باره‌گاكانی سه‌رایا سه‌لام ده‌رده‌كات

‌موقته‌دا سه‌در

وێستگه‌ نیوزـ

بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كاردانه‌وه‌ی له‌نێو سه‌ركرده‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی عیراق لێكه‌وته‌وه‌، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در وه‌ك یه‌كه‌م كه‌س به‌ده‌م بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆ داخستنی باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی و تێكه‌ڵكردنیان به‌ سوپای عیراقه‌وه‌ چوو و بریاریدا باره‌گاكانی سه‌رایا سه‌لام-ی سه‌ربه‌ ره‌وته‌كه‌ی دابخات.

لە تویتێکدا كه‌ له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر كردویه‌تی، موقته‌دا سه‌در، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در رایگەیاندوه‌: بڕیاره‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لەبارەی حەشدی شەعبی، کارێکی گرنگە و یەکەم هەنگاوی دروستە بە ئاراستەی بونیادنانی وڵاتێکی بەهێز.

لەبارەی هێزەکانی سەرایا سەلامی سه‌ربه‌ ره‌وته‌كه‌ی، موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاندوه‌ كه‌ بڕیاری داخستنی سەرجەم بارەگاکانی ئه‌و گروپه‌ و بەستنەوەی بە لایەنی ئەمنی ده‌ركردوه‌، سوپاس و ستایشی عادل عەبدولمەهدیی لەسەر ئەو بڕیارانە كردو کە لەبارەی حەشدی شەعبییەوە دەریکردون.

هاوكات قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتیی عه‌سائبی ئه‌هلی حه‌ق رایگه‌یاندوه‌ كه‌ بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، بڕیارێكی دروسته‌ و هۆكاریشه‌ بۆئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌بی وه‌ك به‌شێكی جێگیر له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان بمێنێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ش هۆكاره‌ بۆ شكشت هێنان به‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌دران.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئوسامە نوجیَفی، سەرۆکی هاوپەیمانی بڕیاری عیراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەوەی چەک بە دەست دەوڵەت بێت، هەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی کۆمەڵگە لە گروپە چەکدارەکان.

داواشیكردوه‌ هەنگاوەکانی ئه‌و بڕیاره‌ جێبەجێبکرێت و حه‌شدی شه‌عبی لە ناوچانە دوربخرێته‌وه‌ كه‌ دانیشتوانەکەی بەدەستیانەوە ناڵاندویانە وەک جرف سەخر و سلێمان بەگ و تەلەعفەر. 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1ی‌ ته‌مموزی‌ 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق فه‌رمانی‌ دیوانی‌ ژماره‌ 237ی‌ تایبه‌ت به‌ چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌ركرد و تیایدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌  به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ و به‌پێی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ به‌پێی‌ ده‌ستوور پێیدراوه‌ و بۆ به‌هێزكردنی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ژماره‌یه‌ك بڕیاری‌ داوه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ده‌ڵێت: "هه‌موو هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ وه‌ك به‌شێكی‌ دانه‌بڕاو له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان كارده‌كه‌ن و هه‌موو یاسا و رێساكانی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ‌ ده‌بێت و له‌ژێر فه‌رمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌داندا ده‌بن و سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌رپرسیان ده‌بێت كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ داده‌نرێت".


PM:11:15:01/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 4220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت