عادل عه‌بدولمه‌هدی چه‌ند بڕیارێكی تایبه‌تی بۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌ركرد
وێستگه نیوز –
سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاری دا حه‌شدی شه‌عبی هاوشێوه‌ی سوپا رێكبخرێت و هیچ باره‌گایه‌كیان له‌ناو شار و شارۆچكه‌كان نه‌بێت و دڵسۆزییان ته‌نها بۆ حكومه‌ت بێت و بكرێن به دامه‌زراوه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 1ی ته‌مموزی 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق فه‌رمانی دیوانی ژماره 237ی تایبه‌ت به چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ركرد و تیایدا رایگه‌یاندووه كه به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌پێی ده‌ستوور پێیدراوه و بۆ به‌هێزكردنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه ژماره‌یه‌ك بڕیاری داوه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌ڵێت: "هه‌موو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك به‌شێكی دانه‌بڕاو له هێزه چه‌كداره‌كان كارده‌كه‌ن و هه‌موو یاسا و رێساكانی هێزه چه‌كداره‌كانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت و له‌ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چهكدارهداندا ده‌بن و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌رپرسیان ده‌بێت كه له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه داده‌نرێت".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستبه‌رداری هه‌موو ئه‌و ناوانه ده‌بن كه له كاتی شه‌ڕی داعشدا به‌كاریانهێناوه و ده‌گۆڕێن به ناوی سه‌ربازی وه‌ك (فیرقه، لیوا، فه‌وج...هتد)، ئه‌مه‌ش حه‌شدی عه‌شایه‌ری و هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تر ده‌گرێته‌وه و ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و پله سه‌ربازییانه‌یان ده‌بێت كه له‌ناو هێزه چه‌كداره‌كاندا كاری پێده‌كرێت".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌ڵێت: "پێكهاته‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌ندامه‌كانی كۆتایی به هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی و پابه‌ندبوونیان له‌گه‌ڵ هه‌ر حزب و لایه‌نێكدا ده‌هێنن".
عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "ئه‌و گروپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه په‌یوه‌ندی ناكه‌ن به هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه ده‌توانن ببنه رێكخراوی سیاسی پابه‌ند به یاسای حزبه‌كان و یاسا كارپێكراوه‌كان، به‌ڵام چه‌ك هه‌ڵگرتنیان قه‌ده‌غه ده‌بێت و ته‌نها به وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت ده‌توانن بۆ پاراستنی باره‌گا و سه‌ركرده‌كانیان ده‌توانن چه‌ك هه‌ڵبگرن".
له فه‌رمانه‌كه‌دا هاتووه كه "سه‌ربازگه‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دیاریده‌كرێت و دهخرێنهێر چاودێری یاسای جه‌نگه‌وه و هه‌موو ئه‌و باره‌گایانه‌ی به ناوی گروپه‌كانی حه‌شدی شهعبییهوهن له شاره‌كان و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان داده‌خرێن و بوونی هه‌ر گروپێكی چه‌كداری ئاشكرا و نهێنی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م رێنماییانه قه‌ده‌غه ده‌بێت و به ده‌رچوو له یاسا داده‌نرێن و به‌دواداچوونیان بۆ ده‌كرێت".
راشیگه‌یاندووه كه "هه‌موو باره‌گا ئابوورییه‌كان و بازگه‌كان و شوێنه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م یاسا نوێیه‌ی كاركردنی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك دامه‌زراوه داده‌خرێن و ده‌بنه به‌شێك له هێزه چه‌كداره‌كان".
له كۆتایی فه‌رمانه‌كه‌دا راگه‌یه‌ندراوه كه رۆژی 31ی ته‌مموزی 2019 دواواده‌یه بۆ دانانی رێنمایی پێویست بۆ كۆتاییهاتنی كاركردن به‌پێی ئه‌م رێنماییانه.
PM:08:54:01/07/2019
ئه‌م بابه‌ته 4512
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت