ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عیراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كۆده‌بێته‌وه‌

‌کابینەکەی عەبدولمەهدی تەواو دەکرێت

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمرۆ شەممە پەرلەمانی‌ عیراق کۆدەبێـتەوە و تەوەری سەرەکی دانیشتنەکەش تایبەت دەبێت بە تەواوکردنی‌ کابینەکەی‌ عادل عەبدولمەهدی‌.


بەپێی‌ کارنامەی کۆبوونەوەکە، کاتژمێر 11ی‌ پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 22ی حوزه‌یرانی 2019، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراق دەستپێدەکات، جگە لە دەنگدان لەسەر تەواوکردنی‌ کابینەی‌ حکومەت گفتوگۆ لەبارەی‌ چەند تەوەرێکی‌ دیکەشەوە دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زاری‌ سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیی‌ دەوڵەتی‌ یاسا بڵاویکردەوە، سەرۆک ئەرکانی سوپای عیراق فەریقی یەکەم عوسمان غانمی‌، کاندیدی عادل عەبدولمەهدییە بۆ وەزیری بەرگری.

هاوکات ئاماژەی‌ بەوەشکرد، "فەریق مۆفەق جەنابی کە بریکاری وەزارەتی ناوخۆیە بۆ کاروباری پۆلیس، کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عیراقە بۆ وەزیری ناوخۆ".

پێشتریش موقتەدا سەدر لە پەیامێکیدا داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی‌ پەرلەمانی‌ عیراق کرد دەسەڵاتی‌ تەواو بدەن بە عادل عەبدولمەهدی‌، تا لەماوەی‌ 10 رۆژدا کابینەی‌ حکومەتەکەی‌ تەواو بکات.

هاوکات داواشی‌ لە عادل عەبدولمەهدی‌ کرد، بەرژەوەندی‌ گشتی‌ لەبەرچاوبگرێت و کەسانی‌ پسپۆڕ و دەستپاک و لێهاتوو هەڵبژێرێت دەنا پشتیوانی‌ لێناکەن.

نزیکەی‌ هەشت مانگ بەر لەئێستا پەرلەمانی عیراق متمانەی بە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەخشی، بەڵام تا ئێستا وەزارەتەكانی ناوخۆ، بەرگری، داد و پەروەردە، بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانەوە یەكلانەكراونەتەوە.

هــ. ر


AM:09:56:22/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 2280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو