ئیمامی مزگەوتێک و کوڕەکەی دیپۆرتی عیراق دەکرێنه‌وه‌

‌شێخ ئەبو رەعد.. فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
حکومەتی سوید سێ بیانی دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکاتەوە، لەناویاندا ئیمامێکی عیراقی بەناوی ئەبو رەعد و کوڕەکەی کە تۆمەتی ئەوەیان دراوەتەپاڵ پشتگیری داعش دەکەن.


ئۆفیسی کۆچبەری سوێد رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەبو رەعدی تەمەن 53 ساڵ کە ناوی راستەقینەی "ریاز عەبدولکەریم جاسم"ـە، رۆڵی گەورەی لە بزووتنەوەیەکی ئیسلامی سەلەفی لە سوید گێڕاوە، دیپۆرت دەکرێتەوە.

ئەبو رەعد چەند ساڵێکە لەژێر چاوێری دەزگا هەواڵگرییەکاندایە، کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ خۆی و کوڕەکەی لەلایەن پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە دەستگیرکران.

بە وتەی پۆلیسی سوید، ئه‌بو ره‌عد لە تۆڕه‌ کۆمەڵایەتییه‌كان پاڵپشتی داعشی کردووە، بۆ ئەوەش پۆستێکی فەیسبووک لە ساڵی 2014 دەکاتە بەڵگە کە لەو کاتەی داعش موسڵی کۆنترۆڵکردووە، ئەبو رەعد پیرۆزبایی کردووە.

ئەبو رەعد، لە مزگەوتێکی شاری گاڤل لە رۆژهەڵاتی سوید پێشنوێز و وتارخوێنە، کەسی دووەم کوڕی ئەبو رەعدە و هەر لەگەڵ باوکی دەستگیرکراوە، ئۆفیسی کۆچبەری سویدی ئاماژە بە کەسی سێیەمیش دەکات کە ئەویش مامۆستایەکی ئایینییە لە شاری ئومیا لە باکووری سوید.

یاسایەکی سوید ئاماژە بە دیپۆرتکردنەوەی هەر کەسێک دەکات کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بەڵام لە حاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەشیان، لەوانەیە ئەو سێ کەسە بۆ هەمیشە بکەونە ژێر چاودێری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە.

ئەبو رەعد و خێزانەکەی لە ساڵی 1991 لە عیراقەوە چوونەتە سعودیە، دواتر خۆی و کوڕەکە لە 1998 شوێنی نیشتەجێبوونیان لە سوید پێدراوە، بەڵام نەیانتوانیوە مافی مانه‌وه‌ بەدەستبهێنن.

ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دژەتیرۆری سوێد رایگەیاند، تووندووتیژی ئایینی لە سوید زیادیکردووە، بەجۆرێک ژمارەی ئەوانەی پشتیوانی تووندووتیژی دەکەن لە سەدان کەسەوە بۆ هەزاران کەس لەم چەند ساڵەدا بەرزبووەتەوە.

هــ. ر


AM:11:55:13/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 8840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت