لیژنەی مافی مرۆڤ ئاماری زیندانیکراوەکانی عیراقی ئاشکراکرد

‌ئاماری زیندانیکراوەکانی عیراق ئاشکرا بوو

وێستگه‌ نیوز ـ
بەختیار شاوەیس، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ میوانداریی بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاکسازییەکان و زیندانیکراوانی عیراقیان کردووە و دەرکەوتووە، کۆمەڵێک دۆسیە هەیە پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە و ئەوەش بە دانانی وەزیری داد یەکلایی دەکرێنەوە.


بەختیار شاوەیس، كه‌له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، وەک لیژنه‌ی مافی مرۆڤ داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکەن، کاندیدێک پەسەندبکات بۆ پۆستی وەزارەتی داد، بۆئەوەی بەشێک لەو کێشانە چارەسەر ببێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی زۆریی زیندانیکراوەکانەوە، دۆخی زیندانەکان پێویستی بە پێداچوونەوەی مامەڵە هەیە لەگەڵ زیندانیکراوەکان و کەسوکاریان و پێداویستییەکان لە رووی خواردن و خواردنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا لە عیراقدا 28 گرتووخانە و زیندانی هەیە، سەرجەمیان 36 هەزار و 742 کەسیان بە تۆمەت و تاوانی جیاجیا تیایدا راگیراون.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ ئاشکرایکرد، لەو ژمارەیە هەزار و 442 کەسیشیان سزادراون.

لە کۆی ئەو کەسانەی کە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە بە مادەی تیرۆر، ژمارەیان گەیشتووەتە 18 هەزار و 700 کەس، کە دەکاتە نزیکەی 55%ی سەرجەم زیندانیکراوە حکومدراوەکان، هەروەها هەزار و 900 کەسیشیان بە تاوانی جیاجیا کە هاوڵاتی بیانین.

لە دوای دروستبوونی رێکخراوی داعش و پێشتریش بەهۆی کردەوە توندوتیژییەکانی رێکخراوی قاعیدەوە، ژمارەیەکی زۆر بە تۆمەتی ئەندامبوون لەو رێکخراوانە لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە بە یاسای تیرۆر دادگایی کراون و سزای زیندانیکردنی قورس یان لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

هــ. ر


PM:07:22:12/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 3296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو