بارزانی‌: دوای‌ داخستنی‌ ئه‌م ته‌له‌فونه‌ شڕو شیتاڵت كۆكه‌ره‌وه‌ بچۆره‌وه‌ ماڵه‌وه‌

‌بارزانی‌


وێستگه‌ نیوز-

ئه‌رسه‌لان بایز، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، ئاشكرای‌ كرد، كه‌ له‌سه‌ر نوسینی‌ ووتارێك دژی‌ مام جه‌لال بارزانی‌ به‌ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی‌ كردووه‌ به‌سه‌رنوسه‌ری‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و پێووتووه‌ شڕو شیتاڵت كۆده‌كه‌یته‌وه‌و ده‌ستبه‌جێ‌ نوسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵیت.

ئه‌رسه‌لان بایز، له‌گۆشه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ ئاماژه‌ی‌ نوسیویه‌تی‌ "لەو سەرو بەندەدا لە گەرمەی بگرەو بەردەو گفتوگۆ سەخت و توندەكانی نێوان تیمە یەكگرتووەكەی گەلی كورد لەگەڵ عەرەبەكان. ڕۆژنامەی (التأخی) وتارێكی توندی ڕەخنە ئامێزی بێ‌ سەروبەری لەسەر جەنابی (مام جەلال) بڵاوكردبۆوە. كاتێ‌ جەنابی كاك (مەسعود بارزانی) چاوی بە وتارەكە دەكەوێت زۆر ناڕەحەت و توڕە دەبێت و ئاگر دەكاتەوە. یەكسەر فەرمان بە دەوروبەرەكەی دەدات سەرنووسەری ڕۆژنامەكەی بۆ وەربگرن."

ئه‌رسه‌لان بایز نوسیه‌ویه‌تی‌ "كاك (مەسعود) بێ‌ یەك و دوو بە توڕەبوونێكی بێ‌ ئەندازە بە سەرنووسەرەكە دەڵێ‌: دوای داخستنی ئەم تەلەفۆنە یەكسەر شڕوشیتاڵت كۆ دەكەیتەوەو دەست بەجێ‌ نووسینگەی ڕۆژنامەكە جێ‌ دەهێڵی. كاك (مەسعود) لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێت: تۆ بە چ هەقێك بە چ عەقڵ و لۆژیكێك لەم بارودۆخە دژوارەدا ئەو جۆرە وتارانە لەسەر (مام جەلال) دەنووسیت…؟ (پیاوی گەورە هەر ئەوەی لێ‌ چاوەڕوان دەكرێت). ئێمە لێرە ڕۆژانە وەكو یەك تیم هیلاك و ماندوو شەونخونی دەكەین مەڵۆ مەڵۆ كۆی دەكەینەوە. لە هەوڵی چەسپاندنی خاڵێكی باشین لە دەستوری عێراقدا تۆش نەزانانە دەتەوێ‌ ئاگر بەربدەیتە خەرمانی ماندوو بوونەكەمان".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌ "دیارە سەرنووسەرەكە بە هۆی هەقی و دروستی قسەكانی كاك (مەسعود) و توڕە بوونەكەی متەق لە دەمی نایەتە دەرەوە، دوای تەواوبوونی تەلەفۆنەكە بە شكستی و ناڕەحەتیەكی زۆرەوە كەل و پەل و جانتاكەی كۆ دەكاتەوەو دەست بەجێ‌ ڕۆژنامەكە جێ‌ دەهێڵێ‌".

مه‌به‌ستی‌ ئه‌رسه‌لان بایز، بۆ نوسینی‌ ئه‌م ووتاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "ڕەمزو پیاوە گەورەكان گیانی لێبوردەیی و هەست كردن بە لێپرسراوێتی گەورەیان لە ئەستۆیە. هەڵوێستی لێبوردەیی و خەمخۆریی یەكڕیزی گەلی كوردی ئەو دوو جوامێرە بۆ ئەو پانزە ساڵەی ڕابردوو خەرمانێكەو ئەبێ‌ هەموومان لێیانەوە فێربین".

هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی‌ "هەقە ڕۆژنامەو گۆڤارو شاشەی تەلەفزیۆنەكانیش هۆكاری تەبایی و برایەتی ڕیزەكانی گەل بن نەك چاندنی تۆوی دوو بەرەكی و بەنزین بە ژیلەمۆداكردن و سوتاندنی خەرمانی دەیان ساڵەی بەری خوێنی شەهیدان".

هه‌روه‌ها ئه‌رسه‌لان بایز زانیاری‌ ئه‌وه‌ش ئه‌دات كه‌ "دوای دوو ڕۆژ لە سەرگەردانی و بیركردنەوەی چۆنیەتی ڕاست كردنەوەی هەڵەكانی، دوای پێداچوونەوە بە هزری خۆی بیرۆكەی سەردانی (مام جەلال)ی دەكەوێتە بەر سێرەی خەیاڵی. هەر چۆنێ‌ بێ‌ خۆی دەگەیەنێتە بارەگای نیشتەجێ‌ بوونی (مام)، دوای داوای لێبوردن. ئیتر وەكو خۆی بەسەرهاتەكان بۆ (مام جەلال) دەگێڕێتەوە. (مام)یش یەكسەر پێی دەڵێ‌: كوڕم ئەوە من عەفوم كردی (لێبوردەیی پیاوی گەورە) بەڵام بۆچی وا دەكەن. ئێمە هەموومان بەیەكەوەش ناتوانین تەواوی مافەكانی گەلی كورد لە دەستوری عێراقدا جێگیر بكەین جا چ جای دووبەرەكی و لەیەكتر ترازانمان. كابرای سەرنووسەر هەر بەوە ڕازی نابێت دەڵێ‌: بەڵكو لای (كاك مەسعود)یش شەفاعەتێكم بۆ بكەیت. (مام)یش دەڵێ‌: خەمت نەبێت ئەوەشت بۆ دەكەم.".



PM:04:27:11/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 117652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت