قادری حاجی عه‌لی: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ئێستادا ڕێگره له‌گۆڕانكاری
وێستگه نیوز-
له گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه چه‌ند رۆژنامه‌نوسێك له‌گه‌ڵی سازیانكردووه، "قادری حاجی عه‌لی" سیاسه‌تمه‌دار‌و كه‌سایه‌تی دیاری گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر دوایین پێشهاته سیاسیه‌كانی هه‌رێم‌و نیگه‌رانی‌و نائومێدی خه‌ڵك له‌حزبه‌كان به‌گشتی، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پرسی تری تایبه‌ت به‌هۆكاره‌كانی چاره‌سه‌ر نه‌كردنی پرسی موچه‌و پاشه‌كشێی به‌رده‌وامی ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان له‌سایه‌ی ئه‌م مۆدیله له‌ئیداره‌و حوكمڕانی.
پ/ باسه‌ره‌تا به پرسیاره ده‌ست پێبكه‌ین، ناونیشانی ئێستای سیاسی ئێوه چییه؟
و/من له‌مڕۆدا وه‌ك سیاسییه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌ژیم‌و سه‌ر به هیچ ئۆرگانێكی حیزبی نیم. گه‌رچی زۆربه‌ی ژیانی خۆم له خه‌بات‌و كاری سیاسیی‌دا به‌سه‌ر بردووه، به‌لاَم هه‌رگیز سیاسه‌تكردن بۆ من نه‌بۆته پیشه، به‌ڵكو كه‌ره‌سیه‌ك بووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگایه‌وه ژیانی گه‌له‌كه‌مانی پێخۆش‌و باش بكه‌م. هه‌روه‌كو چۆن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا كاتێك له‌شاخ خه‌باتی چه‌كداریمان ده‌كرد، له‌پێناو چه‌ند پرنسیپێكدا تێده‌كۆشاین‌و ئه‌وه‌نده‌ی بیرمان له شه‌هید بوون ده‌كرده‌وه هێنده بیرمان نه‌ده‌كرده‌وه ڕۆژێك له ڕۆژان ببین به سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و وه‌زیر، ئاوهاش كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانمان دامه‌زراند بیرمان له‌ده‌ستكه‌وتی شه‌خسی‌و به‌رژه‌وه‌ندی خێزانی نه‌ده‌كرده‌وه. ئێستاش ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به ژیانی من له سیاسه‌تدا ده‌دات ڕاستگۆیبوونه به‌رامبه‌ر به‌و ئایدیا‌و پرنسیپانه‌ی كه كاتی خۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانمان له‌پێناویدا دامه‌زراند.
پ/ ئه‌م قۆناغه كه هه‌ندێك به قۆناغی تاریك‌و نائومێدكه‌ر ناوی ده‌بات، ئێوه ناوی ده‌نێن چی؟
و/ له‌مێژوی نزیكی ڕاپه‌ڕین‌و شۆڕشه‌كانی كورددا شكستی كاتی‌و سه‌ركه‌وتنی كاتیش تۆمار كراوه. كاتێك له 1975 دا شۆڕش بلاَوه‌ی پێكرا، هه‌ندێك به ئاشبه‌تاڵ، هه‌ندێكی تر به نسكۆ له‌قه‌ڵه‌میان ده‌دا. ئه‌م دۆخه‌ش سه‌ره‌نجام تێكشكان‌و بێئومێدییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا دروستكرد. چونكه هه‌م شكستێكی سیاسی‌و هه‌م شكستێكی چه‌كداری بوو. له‌ساڵی 1988یشدا پاش پرۆسه‌ی ئه‌نفال، جارێكی تر رووبه‌ڕوی كاره‌ساتێكی مرۆیی‌و سیاسی گه‌وره‌تر بوینه‌وه، كه هه‌ندێ كه‌س به‌ئاشبه‌تاڵی چه‌كداری ناویان ناوه، به‌لاَم چونكه ئیراده هه‌بوو، هێزی به‌رگری‌و شۆڕش له هه‌ردوو جاره‌كه‌دا هه‌ستایه‌وه‌و ئه‌م ئه‌زمونه‌ی دروستكرد كه ئێستا له‌به‌رده‌ستماندایه. له‌دوای فه‌شه‌لی حوكمڕانی یه‌كێتی‌و پارتی‌و نائومێدبوونی هاونیشتمانیان له‌م دوو ده‌سه‌لاَته، كۆمه‌ڵگای ئێمه هێزی به‌رگری نوێی دروستكرد كه له ڕووه سیاسیه‌كه‌یه‌وه له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا به‌رجه‌سته بوو. بێگومان له‌م قۆناغه‌شدا پاشه‌كشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردوه، به‌لاَم بڕوای ته‌واوه‌تیمان به‌وه‌یه كه ئه‌مه‌ش دوا قۆناغی مێژووی خه‌بات‌و به‌رگری كۆمه‌ڵگای ئێمه نابێت بۆ ئازادی‌و دادپه‌روه‌ری.
به‌ڕای من ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا تیایدا ده‌ژین نسكۆیه‌كی سیاسی‌و ئیداری‌و ئه‌خلاقیشه. له باشترین حاڵه‌تدا ده‌توانیین بڵێین پاشه‌كشێیه‌كی ته‌واوه له دیموكراسی، گومان خستنه بۆ سه‌ر خه‌باتی په‌رله‌مانی بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی دیموكراسی، وه سه‌ركێشانێكه بۆ ناو قۆناغی سیستمێكی بنه‌ماڵه‌یی سوڵتانی.
ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێت دیارده‌ی نه‌مانی جیاوازییه له گوتاری سیاسی حیزبه‌كاندا. لاوازبوونی بڕوا‌و متمانه‌ی خه‌ڵكه به هه‌ڵبژاردن‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی.
جێگاگرتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانه به‌ده‌ستكه‌وتی شه‌خسی‌و پۆست‌و پایه بۆ خێزانه سیاسییه‌كان‌و منداڵ‌و خزم‌و كه‌س‌و كاریان، وه بێئه‌رزشكردنی گرنگترین ده‌زگای سیستمی دیموكراسییه كه په‌رله‌مانه له‌ڕوی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی‌و هه‌یبه‌ت‌و توانایه‌وه. وێرانكردنی ئینتیمای هاولاَتیانه بۆ نیشتیمانه‌كه‌یان. ڕۆچونی ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵیه بۆ هه‌ناوی هه‌موو دامه‌زراوه‌كان له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه. زۆر شتی تریش.
به‌لاَم له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌دا هه‌ست ده‌كه‌م خه‌ڵك وه‌ك شكسته‌كانی پێشوو ئیراده‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی هه‌یه. بایكۆت‌و سزادانی حزبه‌كان له‌هه‌ڵبژاردندا ئه‌م ڕاستیه ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌مڕۆ به بایكۆتی ده‌نگ، سبه‌ینێش به‌یاسا یان به‌هه‌ر ئامرازێكی تری مه‌ده‌نی سزایان ده‌ده‌ن.
پ/ به‌به‌شداری به‌شێك له‌هێزه سیاسیه‌كان له حكومه‌تدا، ئاینده‌ی حوكمڕانی له‌كوردستاندا چۆن ده‌بینیت؟
و/ ئاساییه له‌ولاَتێكی دیموكراسیدا به‌توانا‌و به‌ركه‌وته‌یی ده‌نگی خۆت وه‌به‌جێگیركردنی به‌رنامه‌كه‌ت یان به‌شێكی به‌رنامه‌كه‌ت له‌حكومه‌تدا به‌شداری بكه‌یت. به‌تایبه‌ت كه به‌رنامه‌ی حكومه‌تی نوێ له‌گه‌ڵ پرنسیپی حزبه‌كه‌ت‌و دروشمه‌كانی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌تدا بگونجێ وه هه‌موو حزبێك كه ده‌چێته پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌نیازی ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌لاَتی هه‌بێت‌و پرۆژه‌كه‌ی یان به‌شێكی جێبه‌جێ بكات، ده‌نا ده‌بێته ئۆپۆزسێۆن.
ئه‌مه له‌كاتێكدا ئاساییه‌و دروسته كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دوور له ساخته‌كاری به‌ڕێوه بچێت‌و سه‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه لای هه‌موان په‌سه‌ند بكرێت.
ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه له‌كوردستاندا هه‌ڵبژاردن جێگه‌ی ته‌واوی گومان بێت‌و سه‌رله‌به‌ری پرۆسه‌كه به‌ساخته‌كاری‌و خۆسه‌پاندن به‌هێز بزانیت‌و پاشان له‌به‌ر ده‌ستكه‌وت‌و پله‌و پۆست ڕازی كردنی نوخبه‌یه‌ك له‌كادری هه‌لپه‌رست‌و بێ ئیش گومان له‌سه‌ر ناڕه‌وایی پرۆسه‌كه هه‌ڵبگریت‌و ببیته شه‌ریكی ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ده‌نگه‌كانیان خواردویت‌و هه‌زارو یه‌ك ڕه‌خنه‌ت لێیان هه‌بووه.
ئه‌وه نائاساییه بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی سیستمی دیموكراسی په‌رله‌مانی بكه‌یت، كه‌چی ده‌نگ بۆ سیستمێكی سه‌رۆكایه‌تی بده‌یت.
بانگه‌شه‌ی به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی ده‌وڵه‌ت بكه‌یت، به‌لاَم له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆتدا به‌هایه‌ك بۆ دامه‌زراوه‌كانت نه‌هێڵیته‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان بازنه‌ی بڕیاری سیاسی دروست بكه‌یت.
ئه‌وه نائاساییه كه ئه‌زمونێكی زۆر تاڵ‌و تفتت له‌كابینه‌ی پێشودا له‌گه‌ڵ هه‌مان حزبدا هه‌بێت‌و به‌ناشرینترین شێوه له‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان وه‌ده‌ری نابیت، به‌لاَم خاوه‌ن ماڵێتیان قبوڵ بكه‌یت.
ڕێكخه‌ره گشتیه‌كه‌ت به تۆمه‌تی تیرۆر تا ئێستا له‌دادگا داوا كرا‌و بێت، تۆش بچیته‌وه سه‌ر هه‌مان دام‌و ده‌زگای ئه‌و حكومه‌ته.
خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆت سزای قورست بدات‌و ده‌نگت نه‌داتێ، به‌لاَم یه‌ك كه‌س ته‌حه‌مولی ئه‌م شكسته نه‌كات‌و ده‌ست له‌كار نه‌كێشێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌نگه ڕه‌خنه‌ییه ڕاسته‌قینه‌كان‌و ناڕازیه‌كانی خۆت سزا بده‌یت.
ئه‌وه نائاساییه كه سوور بزانیت موجامه‌له‌و پێدانی پۆست زیاد له‌قه‌باره‌و ئیستیحقاقی خۆت جۆرێكه له به‌رتیلی سیاسی بۆ پێ خزاندن، به‌لاَم بچیته ژێر باری داواكاریه قه‌به‌كانی ده‌سه‌لاَته‌وه.
پ/ گۆڕان له كوێی ئه‌م هاوكێشانه‌ی ئێستادایه، قسه‌تان له‌سه‌ر شوناسی سیاسی‌و وه‌زیفه‌ی مێژوویی چیه؟
و/ گۆڕان ئێستا به‌شێكه له‌و ده‌سه‌لاَته، ئه‌وه‌ی گۆڕان له‌پێناویدا دامه‌زرا‌و خه‌ڵكێكی زۆریش قوربانی بۆدا چاككردنی بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌لاَیه‌تی بوو، نه‌ك پله‌و پۆست‌و ئیمتیاز دۆزینه‌وه، ئێمه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌مان دروست نه‌كردوه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌واشه‌ی خه‌ڵك بكات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه بوو ڕاستگۆیانه خه‌ڵك له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت ئاشت بكاته‌وه، ببێته زمان حاڵی زوڵم لێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه‌ی ئێستا ڕوو ده‌دات پشتكردنه له‌ده‌نگده‌رانی گۆڕان‌و خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه، له‌وه‌ی كه گۆڕان هه‌وڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی ئێستا ڕێگره له گۆڕانكاریه‌كان.
پ/ ناكۆكیه جه‌وهه‌ریه‌كان له‌گۆڕاندا چین، ده‌كرا بزوتنه‌وه‌ك به‌م دۆخه‌ی ئێستا نه‌گه‌یشتایه؟
و/ به‌گشتی ناكۆكی له‌سه‌ر جۆری ئیداره‌دان‌و دیاری كردنی سیاسه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌و ناڕوونی له‌جۆری دروستكردنی بڕیارداندا له بزووتنه‌وه‌كه‌دا. كه‌موكوڕی له‌ده‌ستوری ناوخۆی بزوتنه‌وه‌كه‌یه.
وازنه‌هێنان له‌ته‌كه‌تول‌و سه‌ركردن به‌یه‌كدا، سیاسه‌ت كردن بۆ سیاسه‌ت نه‌ك بۆ گۆڕانكاری، دروستكردنی هه‌ندێ كه‌سی بێ ئیراده‌و ڕیاكه‌ر له‌ده‌وری سه‌ركرده‌كان.
كاتی دامه‌زراندنی كۆمپانیای وشه‌و پاشان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕه‌نگه هه‌ندێك جیاوازی لاوه‌كی له‌بۆچونمان هه‌بوبێت له‌گه‌ڵ خوا لێخۆش‌بوو كاك نه‌وشیرواندا، به‌لاَم دوو مه‌سه‌له‌ی زۆر گرنگ هه‌بوو كه هه‌موومان له‌سه‌ری كۆك بووین هه‌میشه به‌ڕێزی دووپاتی ده‌كرده‌وه كه خه‌باتی بۆ بكه‌ین: یه‌كه‌میان دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌كوردستاندا، دووه‌میان ڕێگه نه‌دان به‌بنه‌ماڵه‌و به‌خێزان بوونی سیستم‌و سیاسه‌ت به‌گشتی له‌كوردستاندا، زۆر به‌داخه‌وه كه‌ئێستا له‌هه‌موو حزبێك زیاتر ئه‌م دیاردانه به‌گۆڕانه‌وه دیاره. ئه‌مه‌ش ناكۆكی جه‌وهه‌ریمانه له‌گه‌ڵ گۆڕانی ئێستا.
له‌كۆتایشدا ڕێككه‌وتنی ژێربه ژێری ده‌سته‌یه‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و پارتی بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌لاَتدارانه بۆ زیاتر خۆسه‌پاندن، نه‌ك بۆ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی‌و دروستكردنی حكومه‌تی هاولاَتیان، جگه له‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی ئابوری نوخبه‌یه‌كی به‌رژه‌وه‌ندی خوازی ناو گۆڕانه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی پایه‌كانی ته‌وریسی سیاسی. ئه‌مه هه‌موی دوور له‌ئیراده‌و بڕیاری جڤاته‌كانی گشتی‌و نیشتیمانی‌و هه‌تا خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنیش كراوه.
پ/ كێشه‌ی موچه بۆچی چاره‌سه‌ر ناكرێت، له‌كاتێكدا ئومێدێكی گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ڵچنرا بوو دوای ناردنی پاره له به‌غداوه كۆتایی به‌م كێشه‌یه بێت؟
و/ وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه ئه‌و پاره‌یه‌ی له بودجه‌ی عێراق ته‌رخانكرابوو بۆ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی موچه چاره‌سه‌ر بكات، دیاره به هیمه‌تی زۆری په‌رله‌مانتارانی كورد له به‌غدا توانرا كه ئه‌و به‌شه بودجه‌یه له‌یاسای به‌دجه‌ی ئه‌مساڵی عێراقدا جێگیر بكرێت له‌به‌رامبه‌ر ڕاده‌ست كردنی نه‌وتدا، كه‌له ڕاستیدا حكومه‌تی عێراق ته‌نها داوای 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی له ڕۆژێكدا كردوه، له‌كاتێكدا ئه‌وان له ئێمه باشتر ئه‌زانن كه به‌رهه‌م هێنان له‌كوردستاندا به‌ئاشكرا‌و دزیه‌كانه‌وه زۆر له‌وه زیاتره.
له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه به‌غداد باپه‌ند بوونی خۆی به‌ناردنی به‌شه بودجه‌ی كوردستان جێبه‌جێ كردوه، به‌لاَم لێره حكومه‌ت نه‌ده‌توانێ موچه خوراوه‌كان قه‌ره بوو بكاته‌وه، نه‌چاره‌نوسی پاشه‌كه‌وته‌كانیش دیاری ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و پاره‌یه‌ی كه دێت وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ده‌درێته‌وه به‌قه‌رزی كۆمپانیا‌و ولاَته‌كان.
به بۆچونی من خه‌له‌له‌كه ئا لێره‌دایه، هه‌رگیز نه ئێمه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم نه حزبه‌كانیش نه به‌غدادیش نازانیین ئه‌م هه‌موو قه‌رزه چییه كه ده‌بێت تا چه‌ندین ساڵی تریش گیرۆده‌ی دانه‌وه‌ی به‌ین، لێتان ناشارمه‌وه وه پێشتریش له‌چاوپێكه‌وتنێكدا پار ساڵ گوتومه گومانی ته‌واوم هه‌یه كه ئه‌و قه‌رزانه‌ی باس ده‌كرێت كه‌گوایه له‌و ولاَت‌و كۆمپانیایا‌و بانكانه كراوه، نه‌ك هه‌ر ناشه‌فاف‌و ناڕونه‌و دوور له‌هه‌موو چاودێریه‌كی په‌رله‌مان كراوه، به‌ڵكو ئه‌مڕۆش هیچ به‌رهه‌مێكی دیار نییه كه بۆ خزمه‌تی هاوولاَتیانی كوردستان به‌كار برابێت، ته‌نها خۆیان‌و خوا ده‌زانێ كه چونه‌ته حسابی كێ‌و له‌چ كه‌ناڵێكی تاریكدا وونكراوه، ئێستا ئێمه وه‌ك هاونیشتیمانیانی ئه‌م هه‌رێمه ده‌بێت ئه‌و قه‌رزه بده‌ینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌تا ئه‌م قه‌رزه نادیاره ته‌واو نه‌بێت‌و پڕنه‌كرێته‌وه نه‌پاره‌ی هه‌رێم‌و نه هی عێراقیش ناچێته خزمه‌تی هاولاَتیانه‌وه.
جگه له‌وه‌ی 250 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ش نانێرن، جگه له‌ناشه‌فافی هه‌موو داهاته‌كانی تریش، جگه له‌هه‌موو مه‌سره‌فه قورسه‌كانی لێپرسراوان‌و ده‌زگاكان، جگه له ته‌خشان‌و په‌خشان كردن بۆ حزب‌و میدیا زه‌به‌لاح‌و دامه‌زراوه‌كانی تری، جگه له مه‌سره‌فی حیمایه‌و میوان‌و سه‌فه‌ر كه‌مانگانه ملیۆنه‌ها دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت. كه‌واته چۆن موچه‌و خزمه‌تگوزاری دابین ده‌كرێت ؟!!
پ/ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غداد بۆچی وه‌ك نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌نی لێهاتوه‌و چاره‌سه‌ر ناكرێت؟
و/كێشه‌كانی هه‌رێم‌و به‌غداد زۆرن كه‌بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه، به‌لاَم گرنگترینیان ساغكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كانه، به‌تایبه‌تی كه‌ركوك، ئاشكرایه كه‌سیاسه‌تی حكومه‌ته‌كانی عێراق پێش پرۆسه‌ی ئازادی ساسه‌تێكی نه‌ته‌وه په‌رستانه بووه ، ئه‌وه‌ی پێیان كرا كردیان بۆ گۆٍینی دیمۆگرافی كه‌كوك، به‌لاَم دوای 2004 بارودۆخێكی وا هاته پێش كه‌ده‌كرا له‌هه‌ندێ قۆناغدا چاره‌سه‌ر بكرێت یان تا ڕاده‌یه‌كی باش ناكۆكیه‌كان كه‌م بكرێته‌وه، وه‌ك له‌كاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور‌و دامه‌زراندنه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق كه كورد بالاَده‌ست بوو خاوه‌ن پشتیوانیه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی گه‌وره بوو، یان له‌كاتی ده‌ركردنی داعش‌و كه‌وتنه ده‌ستی ئه‌و ناوچانه بۆ ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه.
له‌حاڵه‌تی یه‌كه‌مدا به‌شێوه دبلۆماسیه‌كه‌ی ده‌توانرا له‌ڕێگا یاساییه‌كه‌یه‌وه فشار بكرێت كه به‌ماده‌ی 140 له‌ده‌ستوردا دیاری كرابوو. له‌حاڵه‌تی دووه‌میشدا به بوونی سیاسه‌تێكی ته‌ندروستی هه‌رێم له‌و ناوچانه كه وابكات نه‌ك ته‌نها كورد به‌رگری له‌ده‌سكه‌وتنه‌كانی بكات، به‌ڵكو عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و كلدانی‌و ئاشوری هه‌موو پێكهاته ناڕازیه‌كانی تر به‌موڵكی خۆیان بزانیایه‌و به‌رگریان لێبكردایه، نه‌ك ته‌نها موڵكی پارتی‌و یه‌كێتی بێت. به‌لاَم له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ناكۆكی نێوان هه‌ردوو حزبه فه‌رمانڕه‌واكه‌ی كوردستان له‌سه‌ر نفوز‌و ده‌سه‌لاَت‌و نه‌وت له‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی تر نه‌ك ته‌نها پێگه‌ی هه‌رێمیان لاواز‌و بێبه‌ها كرد به‌ڵكو دانیشتوانی ئتنی‌و ئاینی جیاوازی ئه‌و ناوچانه‌شیان له‌سیاسه‌تی ئه‌م دوو حزبه نا‌ئومێد كرد، كه وه‌ك سیاسه‌تی كورد ته‌ماشایان ده‌كرد.
ڕاستیه‌ك هه‌یه ده‌مه‌وێت زۆر به ڕاشكاوانه بیڵێم كێشه‌ی كه‌ركوك دوای پرۆسه‌ی ئازادی ئه‌وه‌نده‌ی كێشه‌ی نێوان پێكهاته سیاسیه‌كانی كورد خۆیه‌تی، هێنده كێشه‌ی هه‌رێم‌و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینیه‌كان نییه، هێنده كێشه‌ی ململانێی پارتی‌و یه‌كێتیه بۆ به‌تالاَن بردنی سامان‌و داهات هێنده كێشه‌ی سیاسی هه‌رێم‌و به‌غداد نییه، دڵنیام گه‌ر ڕۆژێك پارتی‌و یه‌كێتی به‌یه‌كگرتویی‌و یه‌ك ده‌نگی داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان بكردایه، زۆر باش ده‌یانتوانی له‌گه‌ڵ به‌غدادا یه‌كلای بكه‌نه‌وه، تا ئێستا كه‌له‌ڕوی سه‌ربازیه‌وه له‌ده‌ستیشمان داوه شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌سكه‌وتێكی ئاینده‌یی وه‌همی‌و خه‌یاڵی ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌موو جومگه‌كانی ئه‌و ناوچانه به‌ده‌ست به‌غدادایه كه‌چی شه‌ڕ له‌سه‌ر دانانی پارێزگاره كه خوا ده‌زانێت ئه‌گه‌ر داشبنرێت له‌م بار‌و دۆخه‌دا ده‌توانێ پارێزگاری شاره‌كه بێت یان نا.
بێ دوو دڵی ده‌ڵێم كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی مۆدێلێكی سیاسی‌و ئابوری‌و كلتوری ئه‌م دوو حزبه بوو بۆ بنیادنانی پێكه‌وه ژیانێكی دادپه‌روه‌رانه له‌نێوان پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، كه هیچ پێكهاته‌یه‌ك هه‌ست به‌خۆكه‌مبینی چه‌وسانه‌وه‌و غوبن نه‌كات. بۆیه كێشه‌ی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك‌و ئه‌و ناوچانه به‌رهه‌می ئه‌م شكسته سیاسی‌و ئیداری‌و سه‌ربازیه‌یه كه‌له‌پاش ریفراندۆم قوڵتر بۆته‌وه، نه‌ك ته‌نها كێشه‌ی ڕگه‌زپه‌رستی‌و تایفی، بێگومان هه‌ر ئه‌م ئیفلیجی‌و شكسته سیاسیه‌و ئیداریه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی بوون كه‌وایكرد ولاَتانی دراوسێ زیاتر بێنه ناو كێشه‌ی كه‌ركوكه‌وه وه ببن به هۆكارێكی تێكدان‌و چاره‌سه‌ر نه‌كردن.
پ/ چ ئومێدێك ده‌بینن له‌و نائومێدیه‌ی ئێستا باڵی كێشاوه به‌سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمدا؟
و/ ڕاسته نائومێدیه‌ك باڵی كێشاوه به‌سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمدا، خه‌ڵكی متمانه‌یان به هه‌ڵبژاردن، په‌رله‌مان، حكومه‌ت، دادگاكان، حزبه‌كان.....هتد، زۆر لاواز بوه، وا هه‌شت مانگ تێپه‌ڕی كه‌چی له‌به‌ر ململانێی حزبی‌و ته‌كه‌تولاتی ناو حزبه‌كان خۆشیان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆست‌و ئیمتیازات ئه‌م حكومه‌ته دانامه‌زرێت. ئه‌گه‌ر له 28 ساڵی ڕابردوشدا ده‌سكه‌وتێك له‌ڕوی سیاسیه‌وه به‌دیهاتبێت وه‌چه‌ند هه‌نگاوێك به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت نرابێت، به‌لاَم ئێستا نه‌ك ته‌نها مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه هه‌یه، به‌ڵكو مه‌ترسی پایه‌داركردنی مۆدێلێكی نوێ به‌ده‌سه‌لاَتگه‌رایی بنه‌ماڵه‌یی‌و خێزانی له‌ئارادایه كه له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور یه‌كلا بكرێته‌وه.
هه‌ر چاودێرێكی سیاسی ڕخنه‌گر ته‌ماشای مێژووی په‌رله‌مان بكات ئه‌و ڕاستیه ده‌بینێت كه خول به‌خول په‌رله‌مانی هه‌رێم به‌ره‌و لاوازكردن‌و له‌ده‌ستدانی هه‌یبه‌تی ده‌برێت، له‌كاتێكدا په‌رله‌مان دڵی زیندوی سیستمی دیموكراسیه.
سه‌یره له‌خولی یه‌كه‌می په‌رله‌ماندا كه‌سانی زۆری خاوه‌ن پسپۆری یاسایی‌و ئابوری‌و هه‌تا سیاسی ده‌سه‌لاَتدار له‌سه‌رۆك حزبه‌كان‌و مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانی تێدا بوو، به‌لاَم ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕێزێكم بۆ ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران، له ئێستادا ده‌زگای په‌رله‌مان بوه به جێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ بێئیشه‌كانی حزب كاتێك ئه‌مه ده‌ڵێم ئه‌و ڕاستیه‌ش ده‌زانم كه‌هه‌ندێكی كه‌میان شاره‌زایی باشیان هه‌یه‌و جێگه‌ی سوود‌و ڕێزن بۆ هه‌رێم..... زۆر شتی تر هه‌یه كه جێگه‌ی به‌راورد كردن نه‌ماوه.
به‌لاَم له‌هه‌موو ئه‌م كه‌م‌و كوڕیانه‌دا له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ده‌زگا‌و حزبانه‌دا، هه‌ست به ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ خه‌مخواردن له‌چاره‌نوسی ئه‌م هه‌رێمه. بایكۆتكردنی سه‌روو له 50% ی خه‌ڵك‌و ده‌نگ نه‌دانیان به‌و حزبانه دوو دیارده‌ی پۆزه‌تیڤی لێده‌خوێنرێته‌وه، یه‌كه‌م: به‌بێ جیاوازی له‌نێوان حزبه‌كانی ده‌سه‌لاَت‌و ئۆپۆزسێۆندا خه‌ڵك به‌ده‌نگنه‌دانیان سزای هه‌موو حزبه‌كانیان دا، پێیان ووتن كه له‌ئێوه ناڕازین‌و حوكمی ئه‌م ولاَته‌تان پێ ناكرێت، دووه‌م: ئه‌وانه‌شی كه بایكۆتیان كرد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌نگیان نه‌دا به‌حزبه‌كانی خۆیان ده‌نگیشیان بۆ حزبه‌كانی تر نه‌بوو، واتا ته‌واو بێزار‌و نائومێدن له‌هه‌موو سیاسه‌ت‌و سه‌ركرده‌كانی هه‌موو حزبه‌كان.
ئێمه خۆمان به به‌شێك له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه و ئه‌و بارودۆخه ده‌زانین، ئیراده‌ی ئه‌وه‌مان ماوه كۆمه‌ڵگاكه‌مان هه‌رشتێكی پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری و باشكردن به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه ده‌كه‌ین.
كۆی ئه‌مانه نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه وشیاری ده‌نگده‌ر به‌ره‌و سه‌ره‌وه چوه‌و چیتر ده‌نگی خۆی ناداته‌وه به‌حزبێك كه نوێنه‌رایه‌تی نه‌كات‌و له‌گه‌ڵ پرنسیپ‌و دروشمه‌كانی خۆشی‌دا ڕاستگۆ نه‌بێت.، چیتر دروشمی بریقه‌دارو كوردایه‌تی موزه‌یه‌ف‌و قڕۆشتنه‌وه‌ی خه‌باتی شۆڕشگێڕی‌وقودسیه‌تی هیچ كه‌س‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ك نابێت ده‌نگده‌ر بگه‌مژێنێت‌و هه‌ڵخڵه‌تێنێ.
بۆ من جێگه‌ی ئومێد‌و دڵخۆشیه كه ئیراده‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ ماوه، یاخی بوون له‌پێناو حه‌ق ماوه، وشیاریه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه له‌بره‌ودایه كه‌ده‌كرێت ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی باشتر بدۆزێته‌وه‌و متمانه‌ی پێبكات .
خۆشبه‌ختانه هه‌م ویژدانی زیندوو له‌ناو هه‌موو چین‌و توێژه‌كان‌و هه‌تا له‌ناو حزب‌و ڕێكخراوه‌كانیشدا ماوه، هه‌روه‌ها ڕۆشنبیری وشیارو به‌توانا‌و دڵسۆز ماوه كه ده‌توانن كاریگه‌ریه‌كی باشیان له‌سه‌ر زهنیه‌تی خه‌ڵك هه‌بێت‌و ببنه به‌شێكی گرنگ له‌مانه‌وه‌ی ڕوحی به‌رگری‌و گۆڕانكاریدا.
PM:03:02:02/06/2019
ئه‌م بابه‌ته 3328
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت