فراكسیۆنی یه‌كێتی: داواكارین رێگه‌ بدرێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك

‌دیمەنێک لە تەقینەوەکەی شاری کەرکوک

وێستگه‌ نیوز ـ

فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كانی شه‌وی رابردووی كه‌ركوك راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، داواکارن پێش جەژنی رەمەزان رێگەبدرێت بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ رێگری لەهەر پەرەسەندنێکی تری هاوشێوه‌.


له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هاتووه‌: "لە شەوانی کۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز و لەکاتێکدا هاوڵاتیان خۆیان بۆ جەژن ئامادە دەکەن جارێکی تر دەستی تیرۆریستی بۆ کەرکوک درێژدەکرێتەوە و لە زنجیرەیەک تەقینەوەدا سەروماڵی هاوڵاتیانی شارەکە دەکرێتە ئامانج".

ده‌شڵێت: "ئێمە وێڕای ئیدانەی توندی ئەم کردەوە نامرۆییانە هاوکات مەترسی خۆمان لەدۆخی شارەکە دەخەینەروو کە پەلەبکرێت لە توندوتۆڵکردنەوەی دۆخی ئەمنی شارەکە بە پشتبەستن بەهەموو ئەو هێزە یاساییانەی کە لەرابردوودا رۆڵیان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامگیری ناوچەکە لە نێویشیاندا هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە وەک هێزێکی یاسایی ئەزموونی زۆری هەیە لە پاراستنی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانەدا".

فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "داواکارین پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە رێگەبدرێت بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ رێگری لەهەر پەرەسەندنێکێ تیرۆریستی هاوشێوە".

راشیگه‌یاندووه‌: "نزا دەکەین خوای گەورە شەهیدانی ئەو کردەوە چەپەڵە بە بەهەشتی بەرین شادبکات و بەزووی شیفای بریندارەکان بدات وە هیواخوازین هەموو دڵسۆزان هاوکاربن لە دانانی پلانێکی تۆکمە بە بەشداری هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە بۆ بەرقەرارکردنەوەی دۆخی ئەمنی لە شاری کەرکوک و دەوروبەری".

شەوی رابردوو لەچەند ناوچەیەکی کەرکوک شەش تەقینەوەی جیاجیا روویدا و بەهۆیەوە شەش هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا و 19ی دیکەش بریندار بوون ز زیانیش بە دوکان و کۆگای بازرگانی و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانیش گەیشت.

هــ. ر


AM:09:20:31/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 6696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو