یەرەکە ئاماری وەڵامدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی گەریلاکانی ئاشکرا دەکات


وێستگە نیوز-

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەرەکە، ئاماری چوار مانگ ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵە سیخوڕییەکانی هێزەکانی ئێران دژی گەریلاکانیان ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە "هێزەکانیان لەسەربنەمای خۆپاراستن وەڵامیان داوەتەوە".

ئەمڕۆ یەک‌شەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، ئاماری چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵی ئۆپەراسیۆن، کەمین و جموجۆڵی سیخوڕیی هێزەکانی ئێران دژی گەریلاکانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرا کردووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە رایگەیاندوە "ماوەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کورستان دەوڵەتی ئێران لە بەرامبەر هێزەکانمان لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی سیخوڕی و لە زەمینەوە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستی بە جموجوڵ کردووە، هەرچی هێزەکانمان هەوڵیانداوە لەگەڵ هێزەکانی ڕژێم نەکەونە شەڕەوە، هێزەکانی ئێران لەدژی هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنیان ئەمجامداوە و کەمینیان داناوە، بۆیەش هێزەکانی ئێمەش لەسەر بنەمای خۆپاراستن، وەڵامیان داوەتەوە".

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە "ڕۆژی ٢٤ی مانگی یەک گەریلاکانمان لە کوێستانی شاهۆ و لە شاخەکانی گوندی گۆزیبان، لە کاتێک خەریکی تێپەڕاندنی ئەرکەکانیان بوون، سەربازانی ڕژێمی ئیران ئۆپەراسیۆنێک دەستپێدەکات و کەمین دادەنێت، لەوێ هێزەکانمان ڕووبەڕوویان دەبنەوە و پێکدادان ڕوودەدات، هێزەکانمان لەسەر بنەمای خۆپاراستن وەڵامیان داونەتەوە و لە ئەنجامدا سەربازێکی ڕژێم کوژراوە و سیانی دیکەش برینداربوون".

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەرەکە باسی لەوەکردوە "ڕۆژی ١١ی مانگی دوو، لە گەلیی قاسملۆ-ی سەربە شنۆ، کاتێک سێ لە هەڤاڵانمان دەچن بۆ تێپەڕاندنی ئەرکەکانیان، کاتژمێر ١٩:٠٠ لە گوندی بەرباران ڕژێم ئۆپەراسیۆنێک دەستپێدەکات و لە ئەنجامدا لە نێوان هێزەکانی ئێمە و ئەواندا پێکدادان ڕوودەدات، هیچ زیانێک بە هێزەکانی ئێمە نەگەیشتووە، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ڕژێم ڕوون نەبووەتەوە، هەروەها هەندیک لایەن ئەو پێکدادانەی گرتبووە ئەستۆ کە ،دوورە لە ڕاستییەوە".

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەرەکە رونیکردووەتەوە "ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی مانگی سێ لە مەیدانی شەهید ڕۆناهی سەربە شاهۆ، فڕۆکەی سیخوڕی گەڕاوە، هەر لەو مانگەدا و ڕۆژانی ١١، ١٢ و ١٣ فڕۆکە سیخوڕییەکان بەسەر ئاسمانی شاهۆ گەڕاون، ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی مانگی سێ فڕۆکە سیخوڕییەکان بەسەر کوێستانی کۆساڵان-ەوە گەڕاون، ڕۆژی ١٤ مانگی سێ-ش لە مەیدانی شەهید زیلان سەربە مەریوان فڕۆکەی سیخوڕی گەڕاوە، ڕۆژانی ١٥، ١٦ و ١٧ی مانگی سێ لە گوندەکانی مووجەسە، بلۆ، درۆلە، داوسین، کانیاو و سەبەدیلۆ سەربە بانە فڕۆکەکانی سیخوڕی لە بەرەبەیانی تا نیوەڕۆ گەراون".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا یەرەکە باسی لەوەکراوە "بەپێی زانیاریی سەرچاوە هەرێمییەکان، ماوەیەکە لەسەر هێڵی سنووری لە هەڵەبجە، پێنجوێن و ئاسۆس جموجۆڵی فڕۆکەی سیخوڕی هەیە".

هــ. ب


PM:02:55:26/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت