سیروان بابان: کێشەی کوردانی گوندەکانی کەرکوک لەئەستۆی ئەوانەیە کە ریفراندۆمیان کرد


وێستگە نیوز-

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەێنێت "بەرپرسیاری سەرەکی سوتانی دەغڵودانی کوردانی گوندەکانی کەرکوک ئەو کەسانەن کە ریفراندۆمیان کرد".

سیروان بابان ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی پەرلەمانی کوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند "ماوەیەکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن کۆمەڵێک کەسی عەرەبەوە بە پاڵپشتی دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە هەوڵی تەعریبکردنی ئەو گوندە کوردانە دەدرێت و هەروەها هەڕەشەی چۆڵکردن لە گوندنشینە کوردەکانی سنوری کەرکوک کراوە".

سیروان بابان ئاماژەی بەوەدا "هەڕەشەکان زیاتر بۆ گوندەکانی پەلكانە و گوندەکانی دیکەی چواردەوریەتی کە ژمارەیان ٤٥ گوند دەبێت، هەروەها زانیاری ئەوەمان پێگەیشتوە کەلەلایەن دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە پێشنیاری وەرگرتنی پارە و پاداشتی ماددی کراوە بۆ کوردانی ئەو ناوچەیە تا گوندەکانیان چۆڵ بکەن یاخود لەو بەروبومی ئەو دەغڵودانەی کە چاندویانە بەشیان بدەن، بەڵام گوندنشینە کوردەکان وتویانە ئێمە ئامادە نین یەک دەنگ گەنم و جۆیان بدەینێ".

بابان وتی "من وەکو پەرلەمانتارێک ڕام وایە کە بەرپرسیاریەتی ئەو روداوانەی کە بەسەر کوردانی ئەو ناچەیەدا دێن لەسەر شانی ئەو کەسانەیە کە ریفراندۆمیان کرد، چونکە ئەوان لەو ناوچانە ریفراندۆمیان کرد بەڵام ئێستا دەستیان لێ بەرداون و فریایان ناکەون".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "لەماوەی چەند رۆژی رابردودا نزیکەی ٤٠٥ کم چوارگۆشە لە دەغڵودانی جوتیارانی کورد سوتێنراوە و تا ئێستا هیچ لایەنێک پاڵپشتی نەکردون".


سیروان بابان ئەوەشی وت "کێشەی ئێمە ئەوەیە ئەو کەسانەی بەناوی سەرکردایەتی سیاسی ئەم وڵاتەن، کێشەیەک دەنێنەوە و ئاگرێک دەکەنەوە لە شوێنێک بەڵام دواتر خۆیان رادەکەن و ئەو سەکردانە چون ریفراندۆمیان کرد بەڵام دواتر خۆیان رایان کرد، ئەو کێشەیەی کە ئێستاش روبەڕوی کوردانی ئەو ناوچەی دەبنەوە هۆکاری ریفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەرە و بووەتە بیانو بە دەستی سوپای عیراقەوە بۆ شەرعیەت دان بە پێشێلکردنی مافی کوردانی ئەو ناوچانە".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد "پێشنیازم کردوە وەکو لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی ناوچانە بکەین و لەگەڵ هەردولای کێشەکە کۆببینەوە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکان بکەین".

سیروان بابان جەختی لەوە کردوە "دەبێت بەرپرسانی ئەم وڵاتە غیرەتی سیاسی و عەسکەریان ئەوەندە تیا بێت کە پشتگییری لە هاوڵاتیانی خۆیان بکات لەو ناوچەنە".

هــ. ب


PM:10:04:25/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 2528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت