فوئاد حسێن: چوار موچەمان بۆ هەرێم ناردووە بەڵام دوو مانگی دابەشکراوە


وێستگە نیوز-

وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەێنێت "هەرچەندە چوار موچەیان بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام پارەی دوو مانگی دابەشکراوە".

فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بە کەناڵی شەرقییەی عیراقی راگەیاندووە "تا ئێستا پارەی چوار مانگی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم نێردراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە، دابەشکردنى موچە لە وادەى خۆى دواکەوتووە و پێویستە هەرێم ئەوە چارەسەر بکات".

فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەش داوە "بەغدا بەپێی یاسای بودجەی عێراق، پارەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە و لەم نزیکانەشدا موچەی مانگی پێنجیش دەنێرن، هەرێم دەزانێت ئەگەر نەوت رادەستنەکات، تەواوى بەشە بودجەى بۆ رەوانە ناکرێت".

وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەش کردوە "پرسی نەوت قەیرانێکى قوڵ و مەترسیدارە لە نێوان هەرێم و بەغدا و پێویستە گفتوگۆیەکى جددى بکرێت بۆ چارەسەرکردنى، ئێستا دۆخە سیاسییەکە لەبارە بۆ چارەسەرکردنى، لە دوای جەژنی ڕەمەزانیش شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و هەوڵی ڕێککەوتن دەدەن لەسەر پرسی نەوت".

بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم بە تەواوی بنێرێت.

هــ. ب


PM:08:40:25/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 3068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت