لە سلێمانی ڕێگریی لە سمینارێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کرا


وێستگە نیوز-

بڕیاربوو ئەمڕۆ لە بە سمینارێک، بکردایەتەوە، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ڕێگری کرا لە سازدانی یادی ۲۰ ساڵەی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە.

بڕیاربوو کاتژمێر ۰۳:۳۰ خولەکی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، بەبۆنەی ۲۰مین ساڵیدی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، سمینارێک بە ناونیشانی "یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزیی نەتەوەییی" لە هۆڵی تەوار-ی شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەبڕیاری ئاسایشی سلێمانی، دەرگای هۆڵەکە بەڕووی ئامادەبووان و ئەندامانی کەنەکەدا نەکرایەوە و ڕێگا بە بەڕێوەچووی سمینارەکە نەدرا.

ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان، ڕۆشنبیران و توێژە جیاوازەکان بۆ بەشدارییکردن لەو سمینارە، ڕوویان لە هۆڵی تەوار کردبوو، بەڵام دەرگای هۆڵەکەیان بەڕوودا داخرابوو.

پەروین عەزیز، ئەندامی کەنەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لەسەر ڕێگرییەکە، رایگەیاند "هەموو ڕێکارە یاساییەکانمان بۆ ئەنجامدانی سمینارەکە گرتەبەر و سەردانی هەریەکە لە پارێزگاری سلێمانی و ئاسایشمان کردووە، بەڵام ئاسایش بە بەرپرسانی هۆڵەکەی وتووە، کە ڕێگا بە ئەنجامدانی چالاکییەکە نەدەن".

لەبارەی ئامانجی سیمینارەکەشەوە، پەروین عەزیز ئاماژەی بەوەدا "سیمینارەکە بۆ یادکردنەوەی دامەزراندنی کەنەکە و باسکردن بووە لە مێژووی دروستبوونی کەنەکە و بارودۆخی ئەمڕۆی یەکێتیی کوردان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان کەنەکە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆکردنەوەی پێشنیارەکانی ئەم سمینارە بۆ کۆنگرەی داهاتووی کەنەکە، کە بڕیارە مانگی ۱۰ی ئەمساڵ ببەسترێت".

ئەو ئەندامەی کەنەکە، ڕێگرییکردن لە چالاکییەکەیان، بە "مەترسیی بۆ سەر دیموکراسیی" ناوبرد و وتی "ئەمە هەڵوێستێکە بەرامبەر کەنەکە و ئێمە لای خۆمانەوە بەشێوەیەکی فەرمیی هەڵوێستی خۆمان دەگەیەنینە ئەو لایەنەی، کە ڕێگریی لە چالاکییەکە کرد".


هــ. ب


PM:08:19:25/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 2292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو