بارزانی: شۆڕشی گوڵان بە دوژمنەکانمانی وت پیلانگێڕی و ئاگر و ئاسن ناتوانن دەنگی گەلی ئێمە کپ بکەن


وێستگە نیوز-

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕسی گوڵان بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی چل و سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان

پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندوە "شۆڕشی گوڵان، قۆناخێکی گرینگی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی کوردستان بو، بە ڕوونی ئەو پەیامەی ڕاگەیاند کە بە پیلانگێڕی و ناپاکی و ئاگر و ئاسن ناتوانن دەنگی گەلی ئێمە کپ بکەن و ناچارمان بکەن دەست لە ئازادیخوازی و مافە ڕەواکانمان هەڵبگرین".

مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا "ئەگەر لە قۆناغێكیشدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، ئەوە گەلی ئێمە خۆی ناچەمێنێت و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەگژ داگیرکاریدا دەچێتەوە و تا وەدیهاتنی مافەڕەواکانی لە شۆڕش و بەرخوداندا دەبێت".

مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا وتویەتی "لە چل و سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو دەنێرم بۆ هەموو تێكۆشەر و پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەو نیشتیمانپەروەرانەی ژێردەستەییان ڕەت کردەوە و ماندوویەتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و قوربانییان دا و لە کەمترین ماوەدا شۆڕشیان هەڵگیرساندەوە".

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتوشیەتی "هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و شەهید سەید عەبدوڵڵا یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كوردستان، سڵاو لە خۆڕاگری و ئازایەتیی پێشمەرگە كە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازییان بۆ گەلەكەیان بەدی هێناوە".

لەکۆتایی پەیامەکەیدا بارزانی ئەوەشی وتوە "لەو یادەدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە ئیرادەی گەلی كوردستان بەهێزە و سەرباری بوونی پیلانگێڕی، بەڵام بە ئیرادەیەكی بەرزتر لە جاران تێدەكۆشی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی و بەردەوامی لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتنخوازی".

هــ. ب


PM:04:30:25/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت