لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ خانه‌قین ده‌كات

‌هێزەکانی پێشمەرگە.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
پێنجشەممەی رابردوو، لیژنەیەكی تایبەت بە رەوشی خانەقین لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق سەردانی شارۆچكەی خانەقینی كرد، سەرۆكی لیژنەكەش رایده‌گه‌یه‌نێت، رەوشی خانەقین لە ھەموو روویەكەوە خراپە و راپۆرتێك ئامادە كراوە و تیایدا داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەیان بۆ ناوچەكە كردووە.


ناسر یوسف، سەرۆكی لیژنەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ كێشەكانی خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە ھۆی ئاڵۆزییەكانی رۆژانی رابردووی سنووری قەزای خانەقین، سەرۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بڕیاری رەوانەكردنی لیژنەیەكی دەركرد بۆ شارۆچكەی خانەقین، كە بەندە سەرۆكی لیژنەكە بووم و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەردانی خانەقینمان كرد".

وتیشی: "ئێمە نایشارینەوە ھاوڵاتیانی سنووری خانەقین لە رەوشێكی خراپدان لە رووی دابینكردنی خزمەتگوزاری و ھیچ متمانەیەكیشیان بە حكومەتی عیراق نەماوە".

ناوبراو دەشڵێت: "جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاری، رەوشی ئەمنیی خانەقین ناسەقامگیرە، لەبەر ئەوەش پێویستە رەوشەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت و ھێزێكی نوێی پێشمەرگە و سوپای عیراق پێكەوە قەزای خانەقین بپارێزن و مەلەفی ناوشاریش بدرێتە دەست پۆلیس".

یوسف روونیشی كردەوە: "لە سەردانەكەماندا، بە راشكاوی ئەوەمان بە فەرماندەی فیرقەی سوپای عیراق راگەیاند، كە شوێنی ئەوان ناو سەنتەری شارۆچكەی خانەقین نییە، بەڵكو پێویستە سوپا و حەشدی شەعبی بچنە دەرەوەی خانەقین".

راشیگه‌یاند: "ئێمە لەگەڵ رێكخراوەكان و پێكھاتەكانی خانەقین و ئیدارە گەیشتووینەتە ئەنجامی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی گرژییەكانی خانەقین و پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، راپۆرتێكیشمان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئامادە كردووە لەبارەی داواكاریی گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاساییكردنەوەی رەوشی خانەقین".

هــ. ر


PM:01:21:25/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو