خامه‌نه‌ئی: جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌ڵناگیرسێت
عه‌لی خامه‌نه‌ئی
وێستگه نیوزـ
رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دانوستانی له‌گه‌ڵ واشنتن ره‌تكرده‌وه، به‌ڵام دڵنیایی دا له‌وه‌ی هیچ جه‌نگێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌ڵناگیرسێت، وتیشی "ئه‌و کەسه‌ی به ده‌نگی به‌رز هه‌ڕه‌شه بكات، هێزی ئه‌وه‌ی نییه هه‌ڕه‌شه‌كانی جێبه‌جێ بكات."
له‌میانی پێشوازیكردنی له گه‌وره به‌رپرسانی ئێران، عه‌لی خامه‌نه‌ئی، رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رایگه‌یاند: بژارده‌ی كۆتایی ئێران، به‌رگه‌گرتنه به‌رامبه‌ر فشاره‌كانی ئه‌مریكا، جه‌نگی ئێستاش جه‌نگی ئیراده‌یه و ئێران تیایدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.
وتیشی: ئێران هه‌وڵی جه‌نگ نادات، چونكه ده‌زانێت ئه‌و جه‌نگه له به‌رژه‌وه‌ندیی نییه، به‌ناوی سه‌ركردایه‌تیی ئێرانیشه‌وه رایگه‌یاند كه تاران نایه‌وێت له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نه‌كات.
خامه‌نه‌ئی دانوستانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به "ژه‌هرێكی كوشنده" ناوزه‌نده كرد و وتی: تا ئه‌مریكا به‌مجۆره ره‌فتار بكات، دانوستان ژه‌هره، خۆی دانوستان واته مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، به‌ڵام ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت دانوستان له‌سه‌ر خاڵی به‌هێزی ئێران بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا بۆ گه‌وره به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ی، رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی: ئه‌مریكا ناچار ده‌بێت له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئێران پاشه‌كشه بكات، سه‌ركردایه‌تیی ئێرانیش له‌سه‌ر سیستمه موشه‌كییه‌كانی هیچ سازشێك ناكات، چونكه ئێران قوڵایی ستراتیژیی خۆی له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه و وتیسی: ئه‌و کەسه‌ی به ده‌نگی به‌رز هه‌ڕه‌شه بكات، هێزی ئه‌وه‌ی نییه هه‌ڕه‌شه‌كانی جێبه‌جێ بكات.
ساڵی 2015 ئێران و وڵاتانی (5+1) واته ئه‌ڵمانیا و ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی (روسیا و ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا و چین و به‌ریتانیا) رێككه‌وتنێكیان له‌سه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی تاران واژوو كرد.
به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه ئه‌مریكا سه‌رجه‌م سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵده‌گرت و له به‌رامبه‌ریشدا به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان سنوردار ده‌كرا و به‌ته‌واوی رێگری ده‌كرا له‌وه‌ی ئێران ببێته خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆم.
به‌ڵام له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2018، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نێوان ئێران و شه‌ش وڵاته زلهێزه‌كه‌ی جیهان كشایه‌وه كه له ساڵی 2015 و له سه‌رده‌می باراك ئۆبامادا واژو كرابوو.
له 5ی نۆڤه‌مبه‌ری 2018، سه‌رۆكی ئه‌مریكا قۆناغی دووه‌می سه‌پاندنی سزاكانی به‌سه‌ر ئێران‌دا راگه‌یاند و به‌وه‌ش سزاكان له‌سه‌ر تاران توندتركران.
سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی چوارشه‌ممه‌ش 8 ئایاری 2019، حه‌سه‌ن روحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران هۆشدارییدا له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نێوان وڵاته‌كه‌ی و وڵاتانی خۆرئاو و ئه‌و كاره‌ی به مه‌ترسیدار بۆ ئێران و جیهان وه‌سفكرد، وتیشی کە تاران پابەندبونی خۆی بە رێککەوتنەکە کەمدەکاتەوە و یۆرانیۆمی زیاتریش دەپیتێنێت.
هه‌ر هه‌مان رۆژ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه تاران باڵیۆزی وڵاتانی پابه‌ندبوی به رێككه‌وتنه‌كه (روسیا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و چین)ی ئاگادار كردوه‌ته‌وه له كشانه‌وه له‌چه‌ند به‌ندێكی رێككه‌وتنه‌كه.
ئه‌نجومه‌نه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه وڵاتانی ناوبراو ئاگادار كراونه‌ته‌وه له‌وه‌ی ئێران چیتر پابه‌ند نابێت به‌و رێژه‌یه‌ی كه له رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌دا بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ تاران دیاریكراوه.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش پوخته‌ی بڕیاره‌كانی ئێرانه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پابه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به چه‌ند بڕگه‌یه‌كی رێككه‌وتنه‌كه ئه‌تۆمییه‌كه:
1- راگرتنی فرۆشتنی یۆرانیۆمی زیاده كه له به‌رهه‌مهێنانی 300 كلیۆگرام ده‌مێنێته‌وه.
2- راگرتنی فرۆشتنی ئاوی قورس كه له 130 كیلۆگرام ده‌مێنێته‌وه.
3- پێدانی مۆڵه‌تی 60 رۆژ به لایه‌نه‌كانی ناو رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه بۆ زامنكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران له كه‌رته‌كانی نه‌وت و بانكه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێران هه‌نگاوی دیكه ده‌نێت.
4- له‌كاتی ره‌وانه‌كردنی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی یان سه‌پاندین سزای نوێ به‌سه‌ر تاران‌دا، ئه‌وا ئێران وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه و خێرای ده‌بێت.
ههڕهشهكهكانی ئێران دوای ئه‌وه دێت كه یه‌كێتی ئه‌وروپا شكستی هێنا له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی فشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران، به‌تایبه‌ت دوای كشانه‌وه‌ی واشنتن له رێككه‌وتنه‌كه و دووباره گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه.
رۆژی دووشه‌ممه 6ی ئایاری 2019 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌شتییه‌كی فڕۆكه‌هه‌ڵگر و بۆمبهاوێژی "B52" ره‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد "تاوه‌كو په‌یامێكی روون و ئاشكرا به ڕژێمی ئێران بدات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك بكرێت بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌كانی ئه‌مریكا یان هاوپه‌یمانه‌كانمان، ئه‌وا به هێزێكی پـۆڵاین وه‌ڵام ده‌درێته‌وه".
هاوكات جۆزێف دانفۆرد سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه بڕیاری ناردنی كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری "ئابراهام لینكۆڵن" بۆ كه‌نداوی عه‌ره‌بی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێرانه له ناوچه‌كه‌دا.
ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ش 7ی ئایاری 2019 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ له‌سه‌روبه‌ندی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له ناوچه‌كه‌دا، به‌سه‌ردانێكی پێشتر رانه‌گه‌یه‌ندراو گه‌یشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له گه‌وره به‌رپرسانی عیراق كۆبوویه‌وه.
دوای سه‌ردانه‌كه‌شی مایك پۆمپیۆ به رۆژنامه‌وانانی یاوه‌ری راگه‌یاند كه ئه‌مریكا له‌باره‌ی سه‌روه‌ری عیراق ھه‌ستی به نیگه‌رانی كردووه به تایه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی ئێران له‌و وڵاته زیادی كردووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی وت كه "ھاتنم بۆ به‌غدا به ھۆی ئه‌و زانیارییانه بوو كه له باره‌ی زیادكردنی چالاكییه‌كانی ئێران له عیراق به‌ده‌ستمان گه‌یشتبوو".
شه‌وی چوارشه‌ممه 8ی ئایاری 2019، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی: "ناكرێت روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئێران بهدوربزانین".
دواتر و له رۆژی پـێنجشه‌ممه 9ی ئایاری 2019 فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مریكا له‌سه‌ر تویته‌ر و فه‌یسبوكه‌كه‌ی وێنه‌ی فڕۆكه بۆمب هاوێژه‌كانی بڵاوكرده‌وه كه گه‌یشتوونه‌ته بنكه‌ی ئاسمانی ئه‌لعه‌دید له وڵاتی قه‌ته‌ر.
هاوكات فه‌رمانده‌یه‌تی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مریكا له بڵاوكراوه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌سه‌ر تویته‌ر چه‌ند وێنه‌یه‌كی كه‌شتی فڕۆكه هه‌ڵگری USS Kearsarge ی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه چۆن له ته‌نگه‌ی هورمز بۆ مسۆگه‌ركردنی سه‌لامه‌تی هاتوچۆی ده‌ریایی پاسه‌وانی ده‌كات.
PM:09:18:14/05/2019
ئه‌م بابه‌ته 6212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت