شانۆی رۆمانی لەلایەن خوێندکارانی پەیمانگایەکەوە بەشێوەکی ناشارستانی پیس دەکرێت


وێستگە نیوز-
شانۆی ڕۆمانی لەپارکی هەواری شار بەهۆی بەڕێوەچونی ئاهەنگێکەوە بەشێوەکی نەشیاو و ناشارستانی پیس کراوە.

ڕۆژی شەممە لە ناوی شانۆی ڕۆمانی پارکی هەواری شار کە بە "مودەرەجی رۆمان"ی ناسراوە، ئاهەنگی دەرچونی دوو بەشی تایبەتی خوێندنی پەیمانگایەکی سلێمانی لێ ئەنجام دراوە بەڵام دوای تەواوبونی ئاهەنگەکە ئەو شانۆییە بەشێوەیەکی ناشارستانی بەپیسی جێهێڵدراوە و پاک نەکراوەتەوە".

بڵاوبونەوەی وێنەکانی ئەو شانۆییەش بەو شێوەیە کاردانەوە فراوانی لێکەوتووەتەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە لەکەدارکردنی ژینگە ناوبراوە.

سەردار خدر سەرپەرشتیاری شانۆی ڕۆمانی لەپارکی هەواری شار لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی "کاولکارییەکەی پەیمانگای تەكنیكی‌ بەختیاری له شانۆی‌ رۆمانی‌ ئاهەنگی دەرچوانی راگەیاندن و ژمێریاری بەم شیوەیه سوپاسی شا نۆی‌ رۆمانیان كرد".

نیاز نوری هونەرمەند لە فەیسبوک دەربارەی ئەو وێنانە نوسیویەتی "دیمەنی شانۆی ڕۆمانیە لە پارکی ھەواری شار ، نمونەیەکی زیندووی نەبوونی ھۆشیاری تاک و ھۆشیاری ژینگەیی و پابەند نەبوومی تاکە ، لەلایەکی دیکەشەوە نمونەی ڕوونی خراپی بەڕێوەبردنە لەلایەن دەزگاکانی حکومەت".

هەروەها هۆرڤان رەفعەت رۆژنامەنوس نوسیویەتی "ئەم وێنانەی کەدەیبینن پاشماوەی تەنها چەند کاتژمێرێک مانەوەی کۆمەڵێک خوێندکاری چەند بەشێکی کەمی پەیمانگایەکی دیاریکراوی شاری سلێمانیم بەڕاستی جێی شەرمە، خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگا بیت کەچی ئەونە ئاستی ڕۆشنبیریت نزم بێت نەتوانیت ئەو شوێنەی خزمەتت ئەکات پاکی بکەیتەوە بەو شێوەیە پیسی بکەیت و ئەرکەکە بۆ هەندێک پاکەوانی زەحمەت کێشی بەتەمەن جێبهێڵیت ئێمە هەمیشە ڕەخنە لە حکومەت و حیزبەکان دەگرین کە ئەم وڵاتەیان غەرقی گەندەڵی و پیسێتی سیاسەتکردووە، بەڵام زۆر کات خۆشمان بەشێکین لەو پیسکردنە".

هاوکات ژوان ئەحمەد رۆژنامەنوس نوسویەتی "دیاری پیاوانی دواڕۆژ، بەرهەمی ئاهەنگی دەرچونی بەشێك لە خوێندكاران لە شانۆی ڕۆمانی پاركی هەواری شار و ئیتر ئەبێ بزانین زانكۆ چ كارگەیەكی بێبەرهەم و خوێندكارانیشمان چ مرۆیەكی دور لە مەعریفە و 
بەهای شارستانین".

بەشێکی دیکەش لە بەرکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا دەکەن ڕێگا نەدەن ئەو جێگا و پارکانە بەو شێوەیە پیس بکرێت.


AM:10:30:15/04/2019


























ئه‌م بابه‌ته 4028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت