ژمارەی تووشبووانی ئەیدز لە عێراق زیادیکردووە


وێستگە نیوز-
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایدەگەێنێت "تاوەكو كۆتایی ساڵی رابردوو 377 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی ئەیدز تۆماركراون، لەو رێژەیەش 224 توشبوو بەتەنیا لەساڵی 2018 تۆماركراون".

بەهجەت عەبدولڕەزا سەعیدی، بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانی بۆ ئەیدز لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندوە "بەپێی پۆلێنی رێكخراوی تەندروستی جیهانی عێراق لەڕیزی ئەو وڵاتانەدایە كە كەمترین رێژەی نەخۆشی ئەیدزی تێدایە و رێژەی توشبوون لەسەرتاسەری وڵات 1% تێپەڕناكات، بەپێی داتا فەرمییەكانیش ژمارەی توشبووان تاوەكو كۆتایی ساڵی 2018 گەییشتوەتە 377 توشبوو كە 224 یان لە هەمان ساڵ تۆماركراون ئەوەی دیكەش لە ماوەی ساڵانی رابردوو تۆماركراون".

بەهجەر عەبدولرەزا ئاماژەی بەوەدا "توشبوون بە نەخۆشی ئەیدز بەردەوام لەزیادبووندایە و ساڵی 2017 گەییشتووەتە 96 توشبوو، ئەمەش بۆ زیادبوونی فاكتەرە مەترسیدارەكان دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا رێژەی توشبووان لە وڵاتانی هاوسێ گەییشتوەتە 90 هەزار تووشبوو".

بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانی ئەوەشی وتوە "نەخۆشی ئەیدز کە بەهۆی ڤایرۆسی HIV تووشی مرۆڤ دەبێت، بە چەند رێگەیەك دەگوازرێتەوە لەوانە سێكسكردن، خوێن و شلەکانی جەستە کە بە بەكارهێنانی ئامرازەكانی برینداركاری پیسبوو بە کەسی تووشبوو لەكاتی تاتۆكردن، كوتان، كەڵەشاخ، تەنانەت پێداویستیەكانی بەكارهێنان بۆ مەبەستی پزیشكی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لەكاتی دەزری لێدان".
هــ. ب 


AM:09:03:15/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 1480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت