" دەستی‌ هەردو مناڵەکەم گرت و لەماڵەوە هەڵاتم"

‌لە ناو شێڵتەرەکاندا ئازادیی ژنان سنوردار دەکرێت



وێستگه‌ نیوز- ژینۆ خلیل

ئەژین لەتەمەنی‌ 12 ساڵیدا بەزۆر لەپیاوێک مارەدەکرێت کە نەخۆشی و گرفتی دەرونیی دەبێت. ژیانێکی‌ سەختی‌ لەگەڵدا دەگوزەرێنێت، وەک خۆی‌ دەڵێت بەردەوام لێی‌ دەداو و دەیچەوساندەوە. "تەمەنم نۆ مانگ بو دایک و باوکم لێک جیابونەوە. دایکم شوی‌ کردەوەو باوکیشم ژنی‌ هێنایەوە، من لەگەڵ باوک وباوەژنم دەژیام. باوەژنم زۆر لەگەڵ خراپ بو، نەیهێشت بچمە قوتابخانە و بخوێنم بۆیە ئێستا نەخوێندەوارم. لە تەمەنی 12 ساڵیدا لەژێر پاڵەپەستۆی باوەژنمدا، باوکم منی لە کەسێکی بەتەمەن مارەکرد"

ئەژین بێئاگا دەبێت کەباوکی لای مەلایەک لەو پیاوەی مارە دەکات، دوای‌ چوار مانگیش گواستنەوەی بۆ لای مێردەکەی ناسنامەی باری کەسێتییەکەی دەگۆڕن وتەمەنی گەورە دەکەنەوە. لەم ڕێگەیەوە لە دادگاش مارەی دەبڕن ولە ڕوی یاساییشەوە دەبێتە خێزانی پیاوێک وەک دەیگێڕێتەوە نەخۆشی دەرونیی دەبێت.

ئەژین لە گێڕانەوەکیدا دەڵێت، "مێردەکەم نەخۆشی‌ دەرونی‌ هەبو، پێی ئەووتم کە باوکم بەزۆر منی توشی ئەو کرد، بەردەوام لەژورێکدا بەندی‌ ئەکردم، هەمو ڕۆژێک بەچەقۆ لێی ئەدام و بەکارەبا ئازاری ئەدام، شوێنی ئەو زنجیرانەی بە پشتیا ئەکێشام تا ئێستاش ماون و بەردەوام ئازارم هەیە. 

ئاسەواری لێدان بە جەستەی‌ ئەژین-ەوە ماوە کە چۆن مێردەکەی‌ ئەشکەنجەی‌ دابو. توندوتیژی و لێدان لەسنوری دەسەڵاتی مێردەکەیدا ناوەستێت و لە ڕوبەرێکی کۆمەڵایەتی فراوانتردا، کەسوکاری‌ پیاوەکەش توندوتیژ دەبن بەرامبەری‌ و ئازاری دەدەن. ماڵی‌ خەسوی بەردەوام لێی ئەدەن و سوکایەتی پێئەکەن. 

"چەندین جار برای‌ مێردەکەم هەوڵی‌ دەدا دەستدرێژی‌ سێکسیم بکاتە سەر بەڵام من ڕێگەم پێنەدەداو دەموت ئەگەر لێم نزیک بیتەوە ئەوا هاوار ئەکەم و خەڵکت لەسەر کۆئەکەمەوە. ڕۆژێک مێردەکەم و خەزورم لەم دەستدرێژییە ئاگادارکردەوە کەچی‌ منیان بەدرۆ خستەوەو پێیان وابو بوختان بۆکوڕەکەیان ئەکەم. مێردەکەم لەسەر ئەوە زۆری‌ لێدام. 

ئەژین دەبێت دایکی دو مناڵ، بەڵام مێردەکەی جگە لەوەی کار ناکات و خەرجی‌ خۆی و مناڵەکانی ناداتێ، ڕێگەشی‌ لێدەگریت کار بکات. چەندین جار حیکایەتەکەی بۆ بەباوکی مامەکانی دەگیڕێتەوەو پێیان ئەڵێت کە مێردەکەی ئازاری دەدات و خراپە لەگەڵیدا. داوای ئەوەدەکات  لێی جیابێتەوە، بەڵام ڕێگەی پێنادەن. تەڵاقدانی کچەکەیان بەلای ئەوانەوە وەک ئەژین ئەیگێڕێتەوە، "عەیبەیەو بەلای ئەوانەوە حەیا چونە"، بۆیە بەردەوام هەوڵی‌ ڕاکردن ودەدات. 

جارێک، درەنگانێکی شەوهەوڵی ڕاکردن دەدات و لەماڵ ئەچێتە دەرەوە، بەڵام زۆر تاریک دەبێت و دەترسێت، ئیتر ئەگەڕێتەوە ماڵەوە. نیوەڕوانێکی‌ گەرم دوای‌ ئەوەی‌ مێردەکەی‌ زۆری‌ لێدەدات و ئازاری دەدات، دەستی‌ هەردومناڵەکەی‌ دەگرێت و دەچێتە بەڕێوبەرایەتی‌ مافی‌ مرۆڤ و داوای پاراستنی ژیانی دەکات. هەر هەمان ڕۆژ سکاڵا لەسەر مێردەکەی‌ تۆمار دەکات. لەم بارەیەوە ئەڵێت، "ماوەی‌ دو ڕۆژ لەشێڵتەری‌ گەرمیان مامەوە، دوای سکاڵاکەم، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ مێردەکەیان دەستگیر کردم و پاشان ئازاد کرا". 

خەبات ڕەشید ئەحمەد، بەڕێوبەری‌ نوسینگەی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ گەرمیان، دەربارەی‌ ئەم پرسە ئاماژە بۆ یاسای‌ ژمارە 4ی‌ ساڵی‌ 2010 دەکات کە نەخشە ڕێگایە بۆهەر سکاڵایەک یان هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر ژنان و بەڕێوەبەرایەتیەکەش بەپێی ئەم نەخشە ڕێگەیە رێوشوینی بۆ دەگرنە بەر. لەم بارەیەوە ئەڵێت، "ئێمە ڕێگەچارەی خۆمان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئەو ژنانەی‌ کە لە مێردەکانیان جیا دەبنەوە، پارێزەری خۆبەخشمان هەیە و لەڕێگەیانەوە دەتوانین دوای جیابونەوە مافە یاساییەکانیان بۆوەربگرینەوە".

خەبات ڕەشید ئاماژەی‌ بەوەکرد کەحاڵەتی‌ هاوشێوەی‌ ئەژین لەگەرمیان هەیە، ئەو ژنانەیان ناردۆتە شێڵتەرو لەڕێگەی‌ بەڕێوبەرایەتی‌ توندوتیژی‌ خێزانییەوە کێشەکانیان بۆچارەسەر کراون یان نێردراونەتە شێڵتەری‌ داڵدەدان لەپارێزگای‌ سلێمانی‌. لەبارەی کەیسکەی ئەژین-ەوە ئەڵێت، " ئەمە یەکەم حاڵەتە ئافرەتێک بۆماوەیەکی‌ درێژ لەسنوری‌ گەرمیان چوبێتە دەرەوەو هەڵهاتبێت". ناوبراو بەگرنگی‌ ئەزانێت ئەو 72 کاتژمێرەی‌ دانراوە بۆشێڵتەر لە گەرمیان درێژبکرێتەوەو بێئەوەی پێویستیان بەدامو دەزگاکانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بێت، بتوانن لەوماوەیەدا کێشەکان چارەسەر بکەن و پێویست بەناردن بۆ سلێمانی نەکات.

ئەژین، هیچ شوێنێکی نەبو لێی‌ بمێنێتەوە، هەردو مناڵەکەی دەباتە لای دایکی و بەرەو سلێمانی‌ هەڵدێت، چونکە دەترسام کەسوکاری مێردەکەی بەزۆر بیگێڕنەوە. لە سلێمانی لە کافتریایەک دەستدەکات بە ئیشکردن، خاوەن کافتریاکە کە کچێک دەبێت، هاوکاری‌ دەکات و لەماڵەکەی‌ خۆیدا جێگەی دەکاتەوە. دوای ئەوەی کەسوکارەکەی شوێنی‌ ئیشەکەی‌ دەدۆزنەوە، لەڕێگەی پارەو هەوڵی کوشتنی ئەدەن، بەڵام هەر ئەو کەسەی بۆ کوشتنەکەی دانراوە لەوە ئاگاداری ئەکاتەوە کە دەیانەوێت بیکوژن. 

نزیکەی ٦ ساڵە ئەژین دورە لە مناڵەکانی و بەو هۆیەوە توشی گرفتی لەبیرچونەوە بوە، بەردەوام هاوار ئەکات و بۆ مناڵەکانی‌ دەگری. "هەندێ جار ئەچم لەدورەوە سەیری‌ ماڵی‌ باپیرم و ماڵی‌ مێردەکەم دەکەم و چاوەڕێ ئەکەم مناڵەکانم بێنە دەرەوە تا لەدوریشەوە بێت بیانبینم، لەو ماوەیەدا یەک جار شانسم هەبو، بەڵام تەنیا کچەکەم بینی‌، جارەکانی تر بەنائومێدی‌ دەگەڕامەوەو مناڵەکانم نەدەبینی‌".

چالاکوانێکی‌ بواری‌ ژنان هۆکاری‌ هەڵاتنی‌ ژنان دوای‌ جیابونەوە دەگێڕێتەوە بۆئەوەی‌ کە ئەوان دوای‌ جیابونەوە، خێزان و کۆمەڵگە قبوڵیان ناکەنەوەو بەچاوێکی‌ خراپ سەیر ئەکرێن، جگە لەوەی توندوتیژیی وەک کردەیەکی ئاسایی تەماشا دەکرێت. 

ڤیان سابر، چالاکوانی‌ بواری‌ ژنان لەم بارەیەوە دەڵێت " کاتێک ژن داب ونەریت ئەشکێنێت، خێزان و کۆمەڵگا وەری‌ ناگرنەوە، ئەرکی‌ حکومەتە ئەو ژنانە بپارێزێت و شێڵتەریان بۆدابین بکات، هەروەها بیانکات بەخاوەن داهاتی‌ سەربەخۆی‌ خۆیان". ڤیان سابر بەپێویستی‌ دەزانێت حکومەت یاسایەک دابنێت بۆپاراستنی‌ ژنان تا دوای جیابونەوە بتوانن بەتەنها بژین. 

ئەو پێی وایە ڕێکخراوەکانی‌ ژنان نەیانتوانیوە شوێنێک بۆئەو ژنانە دابین بکەن کەخێزانەکانیان دوای‌ جیابونەوە قبوڵیان ناکەنەوە. ڕێکخراوەکان بەڕای ئەو تەنها توانیویانە لەڕێگەی‌ کۆڕو سیمینارەوە خەڵک هۆشیار بکەنەوە لە ناساندنی‌ مافەکانی‌ ژنان.

ئەژین و ئەو ژنانەی لە شوێنی کارەکەی ناسیونی لەدەستی‌ توندوتیژی هەڵهاتون یان جیابونەتەوەوەو بێ کەسن، زۆرجار لە شوێنی کاریشدا توشی گێچەڵی سێکسی ئەبنەوە. ئەمە وایلێدەکات شوێنی‌ کارەکەی‌ بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە لای‌ هاوڕێیەکی‌ کچی‌ لەشارێکی‌ تری‌ کوردستان. لەوێ خانویەک بۆخۆی‌ بەکرێ دەگرێت و بۆپەیداکردنی‌ بژێوی‌ ژیانی‌ کاری‌ دورمان و ئارایشتی‌ ئافرەتان دەکات. 

ئەژین داوادەکات لایەنی‌ بەرپرس یارمەتی‌ بدەن بۆ وەرگرتنی کیتابی جیابونەوەو مافی گەڕاندنەوەی مناڵەکانی. وتەبێژی‌ بەڕێوبەرایەتی‌ بەرەنگاربونەوەی‌ توندوتیژی‌ ئافرەتان لە گەرمیان فریاد هیدایەت سابر لەم بارەیەوە ئەڵێت، "هەر ئافرەتێک بێتە نوسینگەکەی‌ ئێمەو بیەوێت سکاڵا تۆمار بکات پەڕاوی‌ لێکۆڵینەوەی‌ بۆدەکرێتەوە، ئەگەر کەسەکە بەپێی‌ بڕیاری‌ دادوەر مەترسی‌ و هەڕەشە لەسەر ژیانی هەبێت ئەوا ئێمە لەشێڵتەری‌ داڵدەدان دەیپارێزین تاوەکو کێشەکەی‌ یەکلا دەبێتەوە. ئەگەر بزانین هەر ئافرەتێک لەدەرەوەی‌ شێڵتەر ژیانی‌ پارێزراو دەبێت ئەوا ڕێگەی پێدەدەین لە دەرەوە بژیت". 

جێگەی ئاماژەیە کە لە ناو شێڵتەرەکاندا ئازادیی ژنان سنوردار دەکرێت وەک بەکارهێنانی مۆبایل و سەردان و چونەدەرەوە، بۆیە بەشێک لەژنان نایانەوێ لەشێڵتەرەکانی‌ داڵدەدان بمێننەوە. فریاد هیدایەت لەو بارەیەوە ئەڵێت، "هیچ شوێنیک وەکو ماڵی‌ خۆت ئارام نییە، ڕاستە لەشێڵتەرەکان ئافرەتان بۆیان نیە بەویستی‌ خۆیان هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام ئەوە لەپێناو پاراستنی‌ گیانی‌ ئەواندایە لەدەستدرێژی‌ی کەسوکاریان. دواجار ئەمانە ئەبنە هەڕەشە لەسەر ژیانی‌ ئەو ژنانەو کارمەندانی‌ شێڵتەرەکانیش بەکەمتەرخەم لەقەڵەم دەدرێن کەناتوانن سەلامەتی‌یان بپارێزن".


نوسەر دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێكخراوی "Internews” لەسەر "شێوازی نوسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری" ئەم چیرۆکەی لەسەر پرسی  بەزۆر و زوو بەشودان نوسیوە. 


PM:02:55:01/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 6440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو