مه‌سرور بارزانی: یادکردنەوەی بێ ناوەڕۆک، چەمکی یادە نیشتمانیەکان کەم ڕەنگتر دەکات

‌مه‌سرور بارزانی

وێستگه‌ نیوزـ

راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز، داوای به‌لاوه‌نانی بەرژەوەندییە لاوەکییەکان و په‌ره‌دان به‌ دەستکەوتەکان ده‌كات.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هیوای خواستوه‌ هاوڵاتیان رۆژانی جەژن لە کەشێکی ئارام و پڕ لە خۆشیدا بەسەر بەرن".

‎ ده‌شڵێت: "یادە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و لەوانەش نەورۆز، فاکتەری کاریگەری پرۆسەی بنیاتنانی نیشتمان و نەتەوەن، بۆیە ئاواتەخوازم یادکردنەوەی ئەم بۆنە نیشتمانیانە لەو چوارچێوە کڵێشەییانەی تەنیا خوێندنەوەی پەیام و پیرۆزبایی دەربچن، یادکردنەوەی بێ ناوەڕۆک، چەمکی یادە نیشتمانیيەکان کەمڕەنگتر دەکات و لە ئەنجامدا ئەم بۆنە مێژوویانە بایەخی خۆیان لای نه‌وه‌كانی داهاتوو لە دەست دەدەن".

‎ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاندوه‌: "پێویستە هێما نیشتمانییەکان فاکتەری بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەروەری بن و هاندەرمان بن تاکو وێڕای هەموو جیاوازییەکان، لە خزمەتی نیشتماندا یەکبگرینەوە و بە یەکڕیزی و کۆکردنەوەی تواناکان بەرەو ئایندەیەکی پرشنگدار و پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو بنێین".

‎ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "دڵسۆزی بۆ نیشتمان دەبێت لە کردەوەکانماندا ڕەنگ بداتەوە، بۆیە لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، هیوادارم هەموو لایەک کێشە و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن، تاکو پێکەوە دەسکەوتەکانمان پەرە پێ بدەین و هەڵەکان ڕاست کەینەوە و خزمەتێکی شایستەی گەل و نیشتمانمان بکەین".


PM:03:41:20/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو