بارزانی: پێشكەوتن و پاراستنی كوردستان بكەنە ئەولەویەتی كارەكان

‌مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامی نه‌ورۆزدا داوایكرد "وه‌ك وەفایەك بۆ خوێنی شەهیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان، پێشكەوتن و پاراستنی كوردستان بكەنە ئەولەویەتی كارەكان".

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی ئازاری 2019 بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگیه‌اندوه‌ كه‌جه‌ختی له‌سه‌ر  پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان كردوه‌ته‌وه‌ و ئومێدی قوڵتروونی ئەو فەرهەنگەی خواستوه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سرووشت گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان دەكەم.

نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێ و ئومێدی تازە و سەركەوتن بەسەر ستەمكاران و سەختییەكاندا بووە. خەڵكی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا لە شەڕی دژی تیرۆریستان و لەبەرانبەر زوڵمی ناحەزان و كێشە و قەیران و گوزەرانی خەراپ خۆڕاگر بوونە و ئەو خۆڕاگرییەیان مایەی پێزانینە. 

جێگەی خۆیەتی لەوبۆنە نەتەوەییەدا داوا لە هەموو لایەك بكەم وەك وەفایەك بۆ خوێنی شەهیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان، پێشكەوتن و پاراستنی كوردستان بكەنە ئەولەویەتی كارەكانیان. ئێستا قۆناغێكی ترە لە ژیانی گەلی كوردستاندا و پێویستییەكانی ئەو قۆناغە وا دەخوازێ كە بەرەو بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز و گەشەسەندوو هەنگاو بنێین كە لە ڕاستیدا هەر ئەوەیش ویستی ڕاستەقینەی هەموو هاووڵاتیانی كوردستانە و پێویستە ڕێز لەو ئیرادەیە بگیرێت. چونكە ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانە.

لەوبۆنەیەدا جەخت لەسەر پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان دەكەینەوە و ئومێدی قووڵتربوونی ئەو فەرهەنگە بەهادارەی گەلی كوردستان دەخوازین. وێڕای سوپاسگوزاریم بۆ زەحمەت و شەونخونیی هێزەكانی پۆلیس و ئاساییش لە خزمەتكردنی خەڵك و دابینكردنی ئاساییش لە جەژن و بۆنەكاندا داوا لە هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم پاراستنی ژینگە و جوانیی وڵاتەكەمان بە ئەركی سەرەكیی خۆیان بزانن.

هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ ئاسوودەییهەموو خەڵكی كوردستان و ئومێد دەكەم ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكان بە كامەرانی و بەختەوەری بەڕی بكەن.

نەورۆزتان پیرۆز و بمێنن بەخێر وخۆشی
مسعود بارزانی
20ـی 3ـی 2019


PM:02:19:20/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو