نێچیرڤان بارزانی: دۆخی ئابوری باش ده‌بێت و كوردستان روده‌كاته‌ خێر و خۆشی

‌نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان لە پەیامی نەورۆزدا رایگەیاند، باری ئابوری باش دەبێتەوە و کوردستان رودەکاتە خێر و خۆشی. داواش لە هاوڵاتیان و هەموو لایەنەکان دەکات کە "دەبێت لەمڕۆوە دەستبکەین بە هێوربونەوە".

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا باسی له‌  رەوشی سیاسی و ئابوری كرد و دەڵێت " پشوودرێژی و بەرگەگرتن و نەرمونیانی، تاکە رێگەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، کوردستان لەو ماوەیەدا جارێکی دیکە رودەکاتە خێر و خۆشی، باری ئابووری وا باش دەبێتەوە، هەموو ئەم پرسانە لە کاتێکی نزیکی داهاتوودا بەدرێژی باسی دەکەین".

راشیگەیاندووە "ئەم رۆژانەی جەژنی نەورۆز، رۆژانی تێپەڕاندنی لاپەڕەی کۆن و هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەن، داواتان لێدەکەم هەموو لایەک ئاوڕ لە برایەتی و تەبایی و خۆشەویستی بدەنەوە. دەبێت هەموو لایەک هێورببنەوە، دەبێت هەموو لایەک یەکترمان خۆشبوێت".

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

بەڕێزان، خۆشەویستان، کوردستانیانی ئازیز
ئەم کاتەتان باش و نەورۆزتان پیرۆز

بەبۆنەی گەڕانەوەی سەری ساڵی تازەی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی لە سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم.

پیرۆزباییتان لێدەکەم بەبۆنەی تەواوبوونی وەرزی سەرما و دەستپێکردنی بەهاری رەنگین، لەم رۆژەدا کوردستان بە چیاو دۆڵ و دەشتەوە سەوزایی دایدەپۆشێت و روو لە هەر شوێنێک دەکەیت سرووشت بەدەم مرۆڤەوە پێدەکەنێت.

هیوادارم گەشی و خۆشی بەسەر ناخی یەک بەیەکی هاووڵاتیانی کوردستانیشدا بێت، بەسەر دۆزە سیاسییەکەمان و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەموو رووێکی دیکەی ژیانی ئێوەی خۆشەویستدا رەنگبداتەوە.

ئێوەی خۆشەویست دڵنیابن کەوا پشوودرێژی و بەرگەگرتن و نەرمونیانی، تاکە رێگەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، کوردستان لەو ماوەیەدا جارێکی دیکە روودەکاتە خێر و خۆشی، باری ئابووری وا باش دەبێتەوە، هەموو ئەم پرسانە لە کاتێکی نزیکی داهاتوودا بەدرێژی باسی دەکەین، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەم بۆنە خۆشەی نەورۆزدا باسی دەکەم، کولتووری پێکەوەژیان و لێبووردەیی و تەبایی و خۆشەویستی و هەوڵی خاوکردنەوەی دەمارگرژییە، کە نەورۆز لە بنەڕەتەوە خاوەن و هەڵگری ئەو کولتوورەیە.

خۆتان دەزانن وەک لێکەوتەیەکی ئاسایی بۆ هەموو دۆخێکی نالەباری مێژوویی کۆمەڵێک بەرئەنجامی ناشیرین و نەرێنی سەرهەڵدەدەن، هەموومان بینیمان کوردستان بە کۆمەڵێک تەنگەژەدا تێپەڕی، وەک شەڕی داعش و ئاوارەبوونی سەتان هەزار خەڵک بۆ هەرێمی کوردستان، کەمبوونەوەی داهات و خراپبوونی باری ئابووری بەهۆی بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت، کە هەر یەک لەمانە بەشێوەی جۆراوجۆر کاری کردە سەر ژیانی خەڵک و بەتایبەتی لەڕووی دارایی و دەروونییەوە کاریگەری خراپیان جێهێشتووە.

رۆژانە دەبینین و دەبیستین جۆرێک گرژی و تووندی لە هەڵسوکەوتی هەندێک خەڵکدا بەهۆی شەڕی داعش و تەنگەژەی ئابوورییەوە سەریان هەڵداوە، مەرجیش نییە تووندوتیژی تەنیا بریتیبێت لە کارو کردەوەی زەق، وەک دەستوەشاندن یان بەکارهێنانی چەک، بەڵکو هەندێکجار بریتییە لە گوێنەدان بە ئەرکی سەرشان، یان بێڕێزی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا، یان رەچاونەکردنی بەهاو نەریتی گشتی، یان بێویژدانی لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتندا، جگە لەمانە لە هەندێک شوێن جۆرێک لە تووند و زبری بەکارمەندانی فەرمییەوە دیار بووە، یان شۆفێر لە شەقامەکاندا، یان لە تێکەڵاوی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەمانە هەموویان لێکەوتەی ئاسایین بۆ ئەو دۆخانەی کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتن، بەڵام دەبێت نەمێنن.

نەورۆزە، دەبێت لەمڕۆوە دەستبکەین بە هێوربوونەوە، شەڕی بەرگری ئێمە لە بەرامبەر دڕندەیی داعشدا بەسەرکەوتن تەواوبوو، بوژانەوەی باری ئابووریش دەستیپێکرد و هەنگاو بەرەو ئاساییبوونەوە دەنێت.

داوا لە دایک و باوکان دەکەم زیاتر لە جاران وریای هەڵسوکەوتی منداڵەکانیان بن، بەرامبەریان نەرم بن و لەسەر هێوری و نەرمی لە مامەڵەکردندا رایانبهێنن، ئاگاداری تەندروستیان بن و بۆ خوێندنەوە و وەرزش هانیان بدەن، هەروەها بەڕێوەبەرانی دەزگا فەرمییەکان باشتر کۆنترۆڵی سەرپێچییەکان بکەن.

داوا دەکەم کارمەندانی دەزگاکانی ئاسایش لە وەڵامدانەوەدا نەرمتر بن، من ئەمڕۆم هەڵبژارد بۆ ئەو تێبینی و سەرنجانە، لەبەر ئەوەی جەژنە، نەورۆز جەژنێکی خۆشی کوردستانە، هەروەها وەرزی بەهار و پێکەنین و گەشانەوەی دڵ و دەروونە.

ئەم رۆژانەی جەژنی نەورۆز، رۆژانی تێپەڕاندنی لاپەڕەی کۆن و هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەن، داواتان لێدەکەم هەموو لایەک ئاوڕ لە برایەتی و تەبایی و خۆشەویستی بدەنەوە. دەبێت هەموو لایەک هێورببنەوە، دەبێت هەموو لایەک یەکترمان خۆشبووێت، داوا لە هەمووشتان دەکەم رێزی سرووشت بگرن و ژینگەی کوردستان پاک رابگرن. لەم رۆژە پیرۆزەدا کە جەژن و سەری ساڵمانە، جەژنی سەرکەوتن و داگیرساندنی مەشخەڵی ئازادییە، جەژنە پیرۆزە لە ماڵباتی شەهیدان دەکەم، جەژنە پیرۆزە لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بریندارانی شەڕی داعش دەکەم، جەژنە پیرۆزە لەو خوشک و برایانە دەکەم کە هەر یەکە و بە جۆرێک بوونە قوربانی، بەتایبەتی خوشکە خاتوونە ئێزدییەکانمان، جەژنە پیرۆزە لە تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان دەکەم، پیرۆزبایی لە ژنان و ئافرەتانی کوردستان، لە مامۆستایان، لە لاوان و قوتابیان و خوێندکاران دەکەم، پیرۆزبایی لە حیزب و لایەنەکان دەکەم، پیرۆزبایی لە زانایانی ئایینی و رۆشنبیران دەکەم، دەبێت ئێوە پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی کوردستان سەربکەوێت و هەموو رۆژێکی ئێمە ببێتە خۆشی و بەهارو نەورۆز.

پیرۆزبایی لە پێشمەرگە و زێرەڤانی و ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی فریاکەوتن دەکەم، پیرۆزبایی لە فەرمانبەرانی حکومەت و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکەم، پیرۆزبایی لە جووتیاران، لە کۆچەر و رەوەند و خەڵکی شار و لادێ دەکەم، پیرۆزبایی لە کوردستانیانی دوور لە وڵات دەکەم، هەروەها پیرۆزبایی لە پەرلەمانتاران و وەزیران و پارێزگاران و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی کوردستان دەکەم.

جەژنە پیرۆزە لە یەکە یەکەی خەڵکی کوردستان و دانیشتووانە بەڕێزەکەی دەکەم، بە خاوەن ماڵ و بەوانەشەوە کە لێرە میوانن و بەشداری جەژن دەکەن، پیرۆزبایی لە ئاوارە و پەنابەران دەکەم.

لەم رۆژەدا دووبارەی دەکەمەوە کە گرەوی ئێمە ئەوەیە کوردستان سەربکەوێت، رێگەی دوورمان بڕیوە و کەممان ماوە، قوربانیمان زۆر داوە و دەبێت بگەینە رۆژی خۆمان، ئێمە وەک چۆن بەختەوەریمان بۆ خۆمان دەوێت، بۆ خەڵکی دیکەش هەمان هیوامان هەیە، بە تایبەتی بۆ گەلی عێراقی برا، هەرێمی کوردستان برا بەشێکی راستەقینەیە لە عێراق و دەستووری وڵات بڕیاری ئەمەی داوە.

لەم بۆنەیەدا کە نەورۆز جەژنێکی فەرمییە لە عێراق، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەم یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی گەلی عێراق لە برایەتی خۆی و گەلی کوردستاندا سەربکەوێت.

جەژنە پیرۆزە لە هەموو گەلی عێراق دەکەم، بە هەموو شار و شارۆچکە و لادێیەکانییەوە، جەژنە پیرۆزە لە هەموو نەتەوەی کورد و گەلانی دراوسێی گەلی کوردستان دەکەم، ئێمە چاوەڕوانی ئەم رۆژەین کە چەوسانەوەی گەلی کورد بەتەواوەتی بووەستێت و هەموو لایەک بە مافداری و یەکسانی و برایەتی و  تەبایی بژین.

پیرۆزبایی لە گەلانی ناوچەکە و هەموو ئەو گەلانە دەکەم، کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، دووبارە پیرۆزبایی و سڵاو لە هەموو لایەک، ماڵتان ئاوا بێت و هەر تەبا و سەرکەوتووبن.


PM:02:05:20/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت