مه‌لا به‌ختیار: با له‌م نه‌ورۆزه‌دا گه‌ردنئازادی له‌یه‌كتر بكه‌ین

‌مەلا بەختیار

وێستگه‌ نیوزـ

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا ده‌كات نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ببێته‌ نه‌ورۆزی ده‌ستكه‌وتی سیاسی و گه‌ردنئازادی له‌ یه‌كتر.

لە پەیامێکدا بەبۆنەی نەورۆزەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند "با نەورۆز بكەین بە نەورۆزی دەستكەوتی سیاسی‌ و ئاشتەوایی، گەردنئازادی لە یەکدی بکەین، با تاجە گوڵینەی ئەم نەورۆزە، رێككەوتنێكی هاوسەنگ بێت ‌و بەپێی شایستەیی هەڵبژاردن، لە سەرانسەری كوردستان، لە پارێزگاكانی كوردستان بە كەروكوكیشەوە رێكبكەوین".

مه‌لا به‌ختیار ده‌شڵێت: "بەداخەوە هێشتا سەبارەت بە حكومەتی كوردستان، سەبارەت بە پرۆسەی ئاسایی دانیشتنەكانی پەرلەمان ‌و سەبارەت بە پەیوەندی یەكێتیی ‌و پارتی، هێشتا دۆخەكە نائاساییە‌ و دەتوانم بڵێم: نەخوازراوە".


دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیار:

سبەی جەژنی نەورۆزە. جەژنی ویژدانی نەتەوایەتی كوردەو بێگومان ئەمساڵ خۆشبەختانە نەورۆز كەوتە هەڵگرتنی پاشكەوتی موچە‌و كەوتە دۆخی باشتر بوونی پەیوەندی نێوان هەرێم‌و بەغداد. 

بەڵام بەداخەوە هێشتا سەبارەت بەحكومەتی كوردستان، سەبارەت بەپرۆسەی ئاسایی دانیشتنەكانی پەرلەمان‌و سەبارەت بەپەیوەندی یەكێتیی‌و پارتی، هێشتا دۆخەكە نائاستییە‌و دەتوانم بڵێم: نەخوازراوە

بۆیە ئومێدەوارم لەنەورۆزدا دڵ‌و دەرون ئاسودەبێت، ویژدان ئاسودە بێت‌و بەئارامتر بیر لەكێشەكان بكرێتەوە‌و ئەم هەنگاوێك بۆدواوە‌و لایەكی تر ئەگەر هەنگاوێك بۆ دواوە بڕوات عەیب نییەو گرنگ ئەوەیە، ئەزمونی نەتەوەكەمان نەچێتە دواوە‌و ئەو ئومێدەی لەچەند ساڵی رابردوودا دروستبووە، كە جارێكی تر ئەزمونەكەمان‌و دەستكەوتەكانمان‌و سەركەوتنەكانمان نابێتە بچێتە دواوەو بەڵكو هەمیشە دەبێت بچێتە پێشەوە‌و با ئەمەش ببێتە جەوهەری سیاسەتی هەموولایەكمان.

با تاجە گوڵینەی ئەم نەورۆزە، رێككەوتنێكی هاوسەنگ بێت‌و بەپێی شایستەیی هەڵبژاردن، لەسەرانسەری كوردستان، لەپارێزگاكانی كوردستان بە كەركوكیشەوە رێكبكەوین‌و با سەر بكەوین‌و بێگومان بەدامەزراندنی حكومەتی كوردستانیش، یەكڕیزی كورد بۆ بەغداد، بۆ كەركوك‌و ناوچە كێشە لەسەرەكانی خانەقین، شەنگال‌و ناوچەكانی تر‌و بۆ دنیاش، دەبێت بە پەرژینێكی ئێجگار جوان‌و دڵخۆشییەكی دەرونی ئێجگار جوانتر، بۆیە لەنەورۆزدا وێڕای پیرۆزباییەكی ئێجگار گەرم، لەهەموو كورد لەسەرانسەری كوردستان‌و لەدەرەوەی كوردستانیش، ئومێدەوارم گەردن ئازادی لەیەكتر بكەین‌و ئومێدەوارم ئارام‌و ئاسودەبین‌و دڕدۆنگی، نیگەرانی، تۆران‌و مل شكاندن كۆتایی پێبێت‌و بەیەكتر قبوڵكردن‌و رەخنەی بونیادنەرانە، رەخنەی بەجێ‌ ‌و دروستكەر لەیەكتر بگرین‌و هەموومان پێكەوە ئەركە هاوبەشەكانمان رابپەڕێنین‌و هەر بەڕاستی نەورۆز بكەین، بە نەورۆزی دەستكەوتی سیاسی ‌و ئاشتەوایی ‌و نەورۆزی سەربەرزی هەموو كوردێك لە هەموو بەشێكی كوردستان.


AM:11:21:20/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو