به‌رپرسێكی ئه‌نقه‌ره‌: ئێران و توركیا ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌شیان له‌دژی په‌كه‌كه‌ ئه‌نجامدا

‌وێنە..گێتی

وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زیری ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئێران ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازییان له‌دژی پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌نجامداوه‌.

سلێمان سوه‌یلۆ، وه‌زیری ناوخۆی توركیا به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی راگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی ئازاری 2019، ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ سوپای ئێران له‌دژی پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌نجامداوه‌.

به‌وته‌ی وه‌زیری ناوخۆی توركیا، ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و تاران له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی توركیا ئه‌نجامدراوه‌ و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی داهاتودا ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ راده‌گه‌یه‌نن.

سوپای توركیا به‌رده‌وام هێرشی ئاسمانی و چه‌كداری ده‌كاته‌سه‌ر گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و ناوبه‌ناویش ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه‌ راده‌گه‌یه‌نێت.

به‌پێی میدیا جیهانییه‌كان، ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌ی نێوان توركیا و ئێران، دیارترین ئاماژه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی هاوپه‌یمانیی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ كه‌ پێكه‌وه‌ دژایه‌تیی حزبه‌ كوردییه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ن و له‌ ئامانجی رێگریكردن له‌ دامه‌زراندنی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی كوردیشدا له‌سه‌ر سنوره‌كانیان هاوبه‌شن.


PM:06:19:18/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو