ئه‌ڵمانیا..رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر سنوری هۆڵه‌ندا توند كران

‌سنوری ئەڵمانیا و هۆڵەندا-ئەرشیف

وێستگه‌ نیوزـ

پۆلیسی ئه‌ڵمانیا ئاستی ئاماده‌باشی و چاودێریی له‌سه‌ر سنوری هۆڵه‌ندا به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای روداوی ته‌قه‌كه‌كردنه‌كه‌ی شاری ئۆتریخت-ی ناوه‌ڕاستی هۆڵه‌ندا.

وته‌بێژی پۆلیسی فیدڕاڵیی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ لایه‌نی هۆڵه‌ندا سه‌رقاڵی زانیاری گۆڕینه‌وه‌ن و له‌ هه‌ردوو شاری كلیف و ئاخن-ی سه‌ر سنوریش، رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كانیان توندكردوه‌.

دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای شاری ئۆتریخت-ی هۆڵه‌ندا کە دەکەوێتە نزیک سنوری ئەڵمانیا، لە هێرشێکی چەکداریدا روداوی ته‌قه‌كردن رویدا و لە ئاکامدا سێ کەس كوژران و 10ی دیکەش برینداربون.

له‌دوای روداوه‌كه‌ پۆلیسی هۆڵه‌ندا رایگه‌یاند كه‌ "پاڵنه‌ری تیرۆر" له‌پشتی ته‌قه‌كردنه‌كه‌وه‌یه‌ و پۆلیس و وێستگه‌یه‌كی تراموای گه‌مارۆدا كه‌ شوێنی سه‌ره‌كیی روداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌بوو، هاوكات ده‌سه‌ڵاتدارانی هۆڵه‌ندا ئاستی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرستییان بۆ به‌رزترین ئاست به‌رزكرده‌وه‌.

پۆلیسی شاری ئۆتریخت ئاشكرایكرد كه‌ هێرشبه‌ره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی شاره‌كه‌ ناوی گۆكمان تانیس-ه‌ و ته‌مه‌نی 37 ساڵه‌ و له‌ توركیا له‌دایكبووه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی هۆڵه‌نداش ئاستی مه‌ترسییه‌ تیرۆرستییه‌كانیان بۆ به‌رزترین ئاست به‌رزكرده‌وه‌.


PM:05:32:18/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت