پڕۆژەیاساکەی ڕەگەزنامەی عیراق هەرا دەنێتەوە


وێستگەنیوز-

بۆ بەئاسان بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی عیراقی پڕۆژەیاسایەکی ئاسان ئامادەکراوە و زۆرینەی پەرلەمانتارانیش دژی بڕیارەکەن".

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریداوە كە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یاسای رەگەزنامە لە عێراق بكرێت ، بەجۆرێك بەپێی پرۆژەكە هەر بیانییەك ساڵێكی لەعێراق بەسەر بردبێت ئەوە دەتوانێت ببێتە خاوەن رەگەزنامەی عێراقی.

لەو باریەوە شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە وێستگەنیوزی راگەیاند" ئەو پرۆژە یاسایە مشتومڕی زۆری لەسەرە بەتایبەت ئەو بڕگەیەی كە دەڵێت هەر هاوڵاتیەكی بیانی ئەگەر بەنایاسایش هاتبێتە عێراقەوە دوای یەك ساڵ مانەوەی دەتوانێ داوای رەگەزنامەی عێراقی بكات".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی" ئەو یاسایە مەترسی ئەوەی لێدەكرێت لەلایەن هەندێ وڵاتی دراوسێوە بەكاربهێنرێت بۆ گۆرینی دیمۆگرافیایی هەندێ لە شارەكانی عێراق".


هاوکات یەحیا محەممەدی ئەندامی پەرلەمانی عیراق ڕاسیگەیاندوە "كاتی خۆی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی پرۆژەكەی پێشكەش كردووە ، حكومەتی عادل عەبدول مەهدیش رەزامەندی لەسەداوە و ناردوویەتی بۆ پەرلەمان".


یەحیا محەممەدی ئاماژەی بەوەداوە "سەرەرای ئەوەی بڕیاردراوە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاساكە بكرێت ، بەڵام زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق زۆر تووڕەو نیگەرانن لە پرۆژەكە ، چونكە زۆر لەبەهای رەگەزنامەی عێراقی كەمكردووەتەوە و بەدەستهێنانی زۆر ئاسان كردووە ، ئەوە سەرباری ئەوەی دەسەڵاتێكی زۆر دراوە بەوەزیری پەیوەندیدار بۆ بەخشینی رەگەزنامە".

ئەمەش لەکاتێکدایە بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەبێت داواکار دەیان هەزار دۆلار بداتە وڵاتەکە و هەروەها چەندین ساڵیش لەو وڵاتە بمێنێتەوە پاشان ئەگەر هەیە کە ڕەگەزنامەی پێبدرێت.

هـ ـ ب


PM:03:20:17/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 3904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت