حه‌وت وه‌زیری عیراق مه‌ترسی دوورخستنه‌وه‌یان له‌ سه‌ره‌

‌عادل عەبدولمەهدی کاتی راگەیاندنی کابینەکەی

وێستگه‌ نیوز ـ
بە وتەی پەرلەمانتارێکی عیراق، حەوت وەزیری حكومەتی ئێستای عیراق رێوشوێنەكانی هەردوو دەستەی ریشەكێشكردن و دەستپاكی دەیانگرێتەوە و ئەگەری زۆرە لە دوای تەواوكردنی كابینەی حكومەت پەرلەمان ئەو وەزیرانە دوور بخاتەوە.

عەلی بدێری، په‌رله‌مانتاری عیراق رایگه‌یاند: حەوت وەزیر لە كابینەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەر لە تەواوكردنی ساڵێك لە تەمەنی كابینەكە، ئەوان لادەدرێن، چونكە بەشێكیان لە دۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاون و بەشێكی تریان رێوشوێنەكانی ریشەكێشكردن دەیانگرێتەوە.

وتیشی: "لیژنەكانی پەرلەمان واژوویان بۆ لادانی ئەو وەزیرانە كۆ كردووەتەوە، بەڵام پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان نەكردووە بەهۆی تەواو نەبوونی كابینەی حكومەت تا ئێستا، هەروەک بەشێك لە وەزیرەكانی حكومەت گرێبەست و رێككەوتننامەیان واژوو كردووە كە گومانی گەندەڵی لێ دەكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی دووپاتكردەوە: پەرلەمان زۆر دۆسیەی بەدەستەوەیە و لە كۆتایی دووەم وەرزی یاسادانان دەخرێنەروو، ئەو دۆسیانە بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندڵی رەوانە كراون.

هــ. ر


PM:09:44:16/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 2668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو