پوتن و ئه‌ردۆغان و روحانی خۆشحاڵن به‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سوریا

‌ئەردۆغان و پوتن و روحانی

وێستگه‌ نیوزـ

روسیا و ئێران و تورکیا جه‌ختیانكرده‌وه‌ لە دژی هەر هەوڵێکی جیاخوازین لە سوریا و بڕیاره‌كه‌ی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە بە هەنگاوێکی ئەرێنی هەژمار دەکەن.

هەریەک لە ڤلادیمێر پوتن و حەسەن ڕوحانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ پـێنجشەممە 14ی شوباتی 2019، لە شاری سوچیی روسیا بۆ تاوتوێکردنی پلانەکانیان بۆ سوریا کۆبونەوە.

هەرسێ سەرۆک خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوە لە سوریا و وتیان ئەم هەنگاوە بۆی هەیە یارمەتی بدات لە سەقامگیری ناوچه‌كه‌ کە دەبێت لە کۆتاییدا حکومەتی شەرعی کۆنترۆڵی بکاتەوە.

بەڵام ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیاندا وتی هێشتا نازانن کەی هێزەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە و وەک تورکیا سورن لەسەر نەهێشتنی هێزە کوردییەکان لە مەنبج و ڕۆژهەڵاتی فورات.

ڕوحانیش وتی پارێزگای ئیدلیب بەشێکە لە سوریا و دەبێت لە تێرۆرستان پاکبکرێتەوە، جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێی سوریا مسۆگەربکرێت.

پـوتیش لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە بڕیارەکەی ئەمریکا کرد و وتی سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت ئەو بەڵێنانەی داونی لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا جێبەجێیان بکات، بەڵام بارودۆخی ناوخۆی ئەمریکا هەندێک جار ڕێگەی پـێنادات، وتیشی نازانن لە داهاتوو چی ڕودەدات، بەڵام تائێستادا هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ماونەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی ‌نەداوە.

سه‌رۆكی روسیا جەختیشیکردەوە کە دەبێت پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، هێزەکانی حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکاته‌وه‌.


PM:11:00:14/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 2080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت