وردەکاری کوژرانی پۆلیسێکی کورد بەدەستی ئەفسەرێکی حەشدی شەعبی


وێستگە نیوز-

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە کەرکوک پۆلیسێکی کورد بەدەستی ئەفسەرێکی حەشدی شەعبی کوژرا و برایەکی پۆلیسە کوژراوەکەش کە لە ڕووداوەکەدا برینداربووە، وردەکاری ڕوداوەکە دەخاتەڕوو.

کۆتا ڕۆژی هەفتەی ڕابردوو درەنگانێکی شەو سەلام حەمەساڵح کە لە کەرکوک پۆلیسە بەهۆی کێشەی موڵکایەتی خانویەکەوە بەدەستی ئەفسەرێکی حەشدی شەعبی کوژرا و برایەکی ناوبراویش لەهەمان ڕووداودا بریندار بوو.

كەریم حەمە ساڵح، كە برای پۆلیسە كوژراوەكەیە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە "لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، چەندین جار هەوڵی داگیركردنی ماڵ و موڵكی كورد دراوە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەم برایەم كە ناوی سەلام حەمە ساڵحە، خانویەكی هەیە لە گەڕەكی قادسیەی دوو، داویەتی بەكرێ، چەندین جار ئەو ئەفسەرەی حەشدی شەعبی چووەتە سەر كرێچییەكە و داوای كردووە كرێی خانوەكە بدەن بە ئەو".

ڕوونیشیکردووەتەوە "لەگەڵ براكەم چووین بەو ئەفسەرەی حەشدمان وت ئەو خانووە هی ئێمەیە چۆن داوای كرێی خانووەكە دەكەی، ئەویش وتی: من خانوەكەم كڕیوە".

ئەو دوو برایە بە ئەفسەرەکەی حەشدیان وتووە "ئێمە خۆمان ئەم خانوەمان دروستکردووە و ئێمەش خاوەنی خانوەکەین نەک کەسیتر".

ئەو شەوە دوو براکە و ئەفسەرەکە نەیانتوانیوە بابەتەکە یەکلایی بکنەوە و گفتوگۆکانیان بێسود بووە، بۆیە شەوی دوای ئەوە کە دەکاتە 8\2\2019 دووبارە دەچنەوە بۆ هەمان ماڵ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەفسەرەکەدا بگەنە ئەنجام.

برای پۆلیسە کوژراوەکە باسی ئەو کاتە دەکات کە گەیشتوونەتە ماڵی ئەفسەرەکە و ئەوەی خستوەتەڕوو "ئەو بەرپرسەی حەشد، تەقەی لێكردین و من فیشیەكێك بەر قاچم كەوت و برینداربووم و براكەشم كە خاوەنی پێج منداڵە و پۆلیسە لە شاری كەركوك فیشەكێك بەر سەری كەوتوو دەسبەجێ گیانی لەدەستدا".

ناوبراو باس لەوەش دەکات دوای ڕووداوەكە ئەفسەرەكە و دوو پاسەوانی هەڵهاتوون، بەڵام لە دادگای كەركوك سكاڵایان تۆمار كردووە.


PM:12:35:11/02/2019








ئه‌م بابه‌ته 2160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو