بەهاوکاری سی ئای ئەی و موساد زانایەکی ئەتۆمی ئێرانی هەڵهاتووە
فۆتۆ: گێتی
وێستگه نیوز ـ
چەند سەرچاوەیەکی هەواڵیی رۆژئاوایی بڵاویانکردەوە، لە ژێر پەردەی کۆچکردن بۆ ئەوروپا، سێ دەزگای هەواڵگری بەشداریان کردووە لە هاوکاریکردنی هەڵهاتنی زانایەکی ئەتۆمی ئێرانیدا.
رۆژنامەکانی جیروزالیمی ئیسرائیلی و دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویانکردەوە، پرۆسەی کارکردن بۆ هەڵهاتنی ئەو زانا ئەتۆمییە کە ناوی نەهێندراوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و توانیویانە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بیگەیەننە رۆژئاوا.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەر سێ دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکی و موسادی ئیسرائیلی و ئێم 16ی بەریتانی هاوکاری پرۆسەکەیان کردووە و توانیویانە ئەو زانایە بەسەلامەتی بگەیەننە تورکیا و لەوێشەوە راستەوخۆ لەلایەن خۆیانەوە براوە بۆ بەریتانیا.
ئەو رۆژنامانە ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێش ئەوەی ئەو زانا تەمەن 47 ساڵە ئێرانییە ببرێتە ئەمریکا لەلایەن دەزگای هەواڵگری بەریتانیاوە لێکۆڵێنەوە و پرسیاری دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لێکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتانی رۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا و ئیسرائیل بە تایبەتی مەترسی خۆیان راگەیاندووە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و دەڵێن رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هــ. ر
AM:09:05:11/02/2019
ئهم بابهته 980
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت