چۆن له‌ رۆژانی شه‌خته‌و بەفردا ئۆتۆمبێل لێده‌خووڕی

‌لەکاتی بەفردا رێگاکان خز دەبن

وێستگه‌ نیوز ـ  خالید رەزا
لەکاتی زستان و بەتایبەت لەکاتیک دا جادە و بانەکان ئەیبەستن، باشترە ئۆتۆمۆبیل بەکار نەهێنن. بەلام هەندێک جار بۆ ئیش وکاری پێویست بەناچاری ئەبێ بەکاری بهێنی.


لێخورین لەکاتێکدا کە رێگه‌ و بانەکان دەیبەستن و خز دەبن کۆمەڵێک یاسا و رێسای خۆیی هەیە، لە پێشی هەمویانەوە وریایی لە لێخورین دا، ئەگەر جادە و بانەکان خز و لوس بون ئەبێ رەچاوی ئەم خالانەی خوارەوە بکەیت:

یەکەم: کەم کردنەوەی خێرایی
لەکاتی سەهۆڵ بەندان و خزی جادەکاندا، زۆر گرنگە خێرایی کەم بکەیتەوە، کاتێک بەفر دەبارێت جادەکان لوس دەبن بۆ ئەمەش ئەبێ خێرایی کەم بکرێتەوە. بێگومان ئەگەر شتێک روویدا مەترسی کەمتر دەبێت، بەڵام ئەگەر خێرا بی دەبێت ستۆپ (برێک)بگری و ئەمەش مەترسی روودانی کارەسات زیاتر دەکات. بۆیە جەخت لە کەمکردنەوەی خێرایی دەکەینەوە و لەکاتی بەستن و خزی جادە و بانەکاندا نابێ لە 20 کم/ سەعات زیاتر لێبخوری، خۆ ئەگەر شەختە و سەهۆڵ بەندانە کە زۆر بو بێگومان دەبێت بەخێرایی (پیادە) لێبخوڕی (بە کوردیەکەی کیسەڵ ی).

دووەم: برێک گرتن لەکاتی شەختە و خزی دا

ئەگەر لەکاتی خێرایی دا ستۆپ بگری سەیارەکە ئەخلیسکێ. گرنجی تایەکان لە گرتنی جادە کەدا چوار جار کەمتر دەبێتەوە وەک لەکاتی کەشوهەوای نۆرمال. بۆیە زۆر گرنگە ماوه‌ی تەواو لەگەڵ ئەوەی پێش خۆت بهێڵیتەوە تا لە حاڵەتی رووداوێک دا لە پێشتەوە بتوانی بە هێواشی ئیستۆپ بگریت و خۆت بگریتەوە.

سێیەم: ماوه‌ وەربگرە لە ئۆتۆمۆبێلی تر

ئەگەر جادە خز و لوس بێ ستۆپگرتن زیاتر ئەخشێ (ئەخزێ) بۆیە زۆر گرنگە لەگەڵ ئۆتۆمۆبیلی پێش خۆت ماوه‌ی تەواو تان هەبێت، بۆ ئەوەی لەکاتی روودانی کتوپردا کاتت هەبێت بۆ ئیستۆپ گرتن و وەستان.

چوارەم: قەت بە پێڵاوی بەفراوی یەوە سەیارە لێ نەخوڕی

زۆر لە شۆفێران ئەوەیان بۆ دەرکەوتوە کاتێک بە پێڵاوی بەفراویەوە سەیارە لێ دەخوڕن قاچیان لەسەر ئیستۆپ و بەنزین ئەخلسیکێت وەک بەسەر بەفرا بڕۆن وایە، بۆیە زۆر گرنگە پیش ئەوەی قاچەکانت بخەیتە ناو سەیارەکەوە، لە دەرەوەی دەرگاکە قاچەکانت بکێشە بەیەک دا و بیان تەکێنە. ئینجا بە گاعیەکە بیسڕە با وشک ببێتەوە.

پێنجەم: تایەی باش- باشترین هی دواوە

بێگومان وەرزی زستان تایەی زستانە یان (چوار وەرزی )ی باشی دەوێت، خۆ ئەگەر تایەی نۆرماڵی هاوینەش کێشە نییە، بەمەرجێك کوالێتی باش و پرۆفیل (گرنج)ی تەواو بێ بە تایبەت تایەکانی دواوە چونکە لێخشاندنی لەگەڵ جادە دا دەبێ واتە بۆ ئەوەی جادەکە بەباشی بگرێت.

شەشەم: لێخورێن لە شەختەدا(سەهۆڵ بەندان)
لەکاتی لێخوڕین بەسەر شەختەدا باشترین ئەوەیە کە بە گێڕی دوو بڕۆی. ئەمە ئەوە له‌به‌رچاو ده‌گرێت کە ئۆتۆمبێله‌كه‌ لەپڕ و بەخێرایی بۆ پێشەوە نەڕوات و باش جادەکە بگرێ.

حەوتەم: سوکان گرتن بە شێوەیەکی جێگیر

لەکاتی لێخوڕین دا بە باشی سوکان بگرە و، لە پڕ بەهیچ لایەکا بای مەدە، جونکە هەر سوکانت بادا بە ئەگەرێکی زۆر لە سەر جادەکە ئەخلیسکێ. کەواتە جووڵه‌ی نا ئاسایی پێ مەکە و تا ئەتوانێ بە رێکی و بە ئاڕاستەی پێشەوە بیگرە و، لێێ بخوڕە. وریابە لەکاتی بادانی سوکان دا سەیارەکە لە ئاڕاستەی خۆی لا دەدا و خۆت پێ ناگیرێتەوە.

هەشتەم: بە شێنەیی لێبخوڕە

پەلە کردن لەکاتی سەهۆڵ بەندان دا هیچ ژیریەکی تیا نیە. هەر کەسێک بیەوەێت لەکاتی خۆیدا بگاتە شوێنی ئیشەکەی، دەبێت پێش تر بەرێ بکەوێت بۆ ئەوەی لە رێگە پەلە پەل نەکا، پێشینان وتویانە: لە رێ دوا کەوتوە لە ئاش پەلەپەل ێتی، یان شەیتان پەلەی کرد چاوێکی خۆی کوێر کرد.

نۆیەم: تایەی زستانە هەموو شتێک نیە ئەگەر جادەکان بە ستبێتی

بێگومان لەکاتی زستاندا بەستنی تایەی زستانە گرنگە، بەڵام بەتەنها تایەی زستانە ناتوانی لە رووداو بتپارێزێت ئەگەر رێنماییەکانی تر جێبەجێ نەکەی، ئەگەر تایەی زستانەت نەبوو تایەی هاوینەش باشە، بەڵام دەبێت هەم کوالێتی باش بێت و، هەم تایەکان نەسوابن، دەبێ لانی کەم پرۆفیلی تایەکەت بەتایبەت هی دواوە 1.6 ملم بێت، بێگومان باشترە ئەگەر 2 ملم گرنجی تایەکانت قوڵ بێ (پرۆفیل).

دەیەم: لەسەر خۆبە لە پێچەکاندا

پێچی رێگاکان لەکاتی بەستنی جادە کاندا، داوای ئەوەمان لێدەکات کە زۆر وریابین، پێش ئەوەی بگەیتە پێچ دەبێت هیواشت کردبێتەوە، جونکە ئیستۆپ کردن لە پێچەکاندا مەترسی خزانی زۆر زۆرە. بێگومان نابێت لە پێچەکاندا بەنزینی بدەیتێ (پێی پیا نێی)، نا قەت هەڵەی وا نەکەی. لێی گەرێ تا سەیارەکە دەکەوێتەوە سەر راستە جادەکە و ئینجا بە شێنەیی بەنزینی بۆ زیاد بکە.

یانزەهەم: قەمسڵەکەت دابکەنە لەکاتی بەستەڵەکدا

بیگومان زستان ساردە، بۆیە هەندێک کەس بەباشی خۆی ئەپیچێتەوە وەک (قومات) کرابن ! لە پشتی سوکانەکەوە. ئەمە بۆ کاتی لێخوڕین و توانای بە باشی جوڵان، باش نیە و، هەندێک جار ناتوانی بە باشی جوڵه‌ بکەیت، بۆیە لەکاتی لێخوڕین دا قەمسەڵە کەت دا بکەنە.

دوانزەیەم: لە پڕ خزان

ئەگەر لە پر کەوتیتە ناو بەستەڵەکێکەوە، یەکسەر پێ لە بەنزین هەلبگرە، بە وریایی سوکان بگرە و رێک بەو ئاراستەیە برۆ کە دەتەوێت. ئەگەر ئۆتۆمبێله‌كه‌ت هەر خلیسکا مەشلەژێ و هەول بدە بە هیواشی ئیستۆپ بگری. خزان لە زۆر باردا بەواتای ئەوەیە کە خێرا لێتخوڕیوە!

تێبینی:
لەکاتی بەفردا باشترە هەموو ئۆتۆمبێله‌كان بە ماوه‌ وەرگرتنەوە، بەشوێن تایەی یەکتردا بڕۆن و لە جادەکە لا نەدەن، بێگومان کوالێتی رێگا و بانەکانیش کاریگەریان لەسەر سەلامەتی هاتوچۆ هەیە.

هــ. ر


PM:02:45:19/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 5424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو