"مه‌عقول نیه‌ یه‌كێتی به‌ 21 كورسیه‌وه‌ داوای ئه‌و هه‌موو پۆسته‌ بكات"

‌هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان

وێستگه‌ نیوز ـ
هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ مافی خۆیان ده‌زانن و ده‌شڵێت: "مەعقول نییە یەکێتی بە 21 کورسییەوە لە حکومەتی نوێدا داوای ئەو هەموو پۆستە بکات".


لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی، هێمن شێخانی رایشیگەیاند: "ئەم یارییە منداڵانەیە، کە یەکێتی بە 21 کورسییەوە داوای سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، پارێزگاری کەرکوک، سەرۆک کۆمار و وەزارەتی داد دەکات".

دەربارەی دۆخی یەکێتی و پارتی هێمن شێخانی رایگەیاند، پێگەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەق بووە و، یان دەبێت کودەتا بەسەر ئەم دوو هێزەدا بکرێت یان دەبێت بگەڕێنەوە مێزی گفتوگۆ و رێز لە لایەنە سیاسییەکان بگرن و داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکەن".

وتیشی: "سەرکوتکاری و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان زۆرتر بووە و، ئەمەش وایکرد خەڵک باوەڕی بە هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی نەمێنێت".

هێمن شێخانی، رەخنەی لە یەکێتی و پارتی گرت و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ بەغدا دروستبکات و چیتر پشت بە تورکیا و ئێران نەبەستێت و ئەجێنداکانی ئەو وڵاتانە جێبەجێ نەکەن، لەگەڵ ئەوەی مێژووی ئەم دوو حزبە پێماندەڵێت، رەنگە نەتوانن ئەم کارە بکەن.

راشیگەیاند، پارتی خاوەنی 70 کورسیش بێت ناتوانێت بە تەنیا حوکمی ئەم وڵاتە بکات، چونکە یەک هێز لەم وڵاتەدا نییە.

سەبارەت بە بەشداریی بزووتنەوەکەیان لە حکومەتی نوێدا، ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وتی: "ئەگەر بەرنامەی کابینەکە بەو جۆرە نەبێت کە خواستی ئێمەی تیادا بێت ئەوا رای زۆرینەی گۆڕان ئەوەیە بەشداری نەکەین".

راشیگەیاند، گۆڕان هەوڵیدا لەناو وڵاتێکدا کە بەدەست دوو هێزی چەکدارەوەیە چاکسازی بکات، بەڵام نەیتوانی بە تەواوی سەرکەوتوو بێت و، یەکێتی و پارتی ئەو بەڵێنانەیان نەبردەسەر کە بە گۆڕانیان دابوو.

ئەندامەکەی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بەرکەوتەی حزبەکانیش لە کابینەی نوێدا رایگەیاند، پۆستی سەرۆکی هەرێم بە مافی تەواوی خۆیان دەزانن و پارتی تەنها دەتوانێت داوای سەرۆکی حکومەت و یەکێتیش داوای سەرۆکی پەرلەمان بکات.

وتیشی: "پارتی دڵنیایە و ئەو راستییە دەزانێت ئەم کابینەیە گۆڕانی تیادا نەبێت سەرکەوتوو نابێت".

هــ. ر


PM:09:47:15/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 4484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو