وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران: نه‌مانهێشت داعش له‌ هه‌ولێر نزیك بێته‌وه‌

‌محەمەد جەواد زەریف لە کۆڕبەندی ئابوریی هەرێم و ئێران لە سلێمانی

وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ كۆڕبه‌ندی ئابوریی هه‌رێمی كوردستان- ئێران رایگه‌یاند: هەردوو گەلی ئێران و عیراق و هەرێمی كوردستان لەپاڵ یەكدابوون لەدژی داعش و توندڕەوی و تیرۆر و هەردولاش پێویستیان بەیەكترە بۆ پاراستنی سنورەكان، وتیشی كه‌ له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا تاران نه‌یهێشتووه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ هه‌ولێر نزیك ببێته‌وه‌.

له‌ وته‌یه‌كدا كه‌ له‌ له‌ كۆڕبه‌ندی ئابوریی هه‌رێمی كوردستان- ئێران له‌ شاری سلێمانی پێشكه‌شیكرد، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی:"ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران گرنگە، پەیوەندیشمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، زۆر باشەو هەوڵی گەشەپێدانیمان داوە، دەمانەوێت زەمینەی باشتریش بۆ هاوكاری یەكتر بڕەخسێنین".

وتیشی:"هەردوو گەلی ئێران و عیراق و هەرێمی كوردستان لەپاڵ یەكدابوون لەدژی داعش و توندڕەوی و تیرۆر و هەردولاش پێویستیان بەیەكترە، لەكاتی هێرش و پەلامارەكانی داعش بۆسەر هەولێر، وڵاتەكەی دانی بەخۆیدا نەگرت و بەهانایانەوە چوین و رێگەمان نەدا هاوڵاتیانی ئەو شارە، دوچاری تیرۆر ببنەوە."

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران جه‌ختیشیكرده‌وە كه‌ هیچ گروپێك ناتوانێت پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان تێكبدات و دەیانەوێت پەیوەندیی برایه‌تییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرەپێبدەن و وتی: هەرێمی كوردستان و ئێران تەنها پەیوەندیی ئابووری بەیەكەوە نایانبەستێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا کە پەیوەندی ئابورییان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ زۆر باشە و چەندین بەرامبەرە و بەنیازی زیاتر پتەوكردنی ئەو پەیوەندیانەن و زەمینەكان پتەوتربكەن بۆ هاوكاری كردنی زیاتر.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی كانوونی دوه‌می 2019، محەمەد جەواز زەریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ شاری به‌غدا و دواتر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێم محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ كۆبووه‌وه‌.

دواتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ یاوه‌ری قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گه‌یشته‌ شاری سلێمانی و له‌ هۆتێل شاری جوان و به‌شداریی كرد له‌ كۆڕبه‌ندێكی ئابوریی له‌ نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابوریی هه‌رێم وتاریان پێشكه‌ش كرد.



PM:07:34:15/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 1504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو