قوباد تاڵەبانی: گەشبینین بەوەی قۆناغە سەختەكان لە هەرێم تێپەرێندراوە

‌قوباد تاڵەبانی.. لە کۆڕبەندی ئابووری نێوان هەرێم و ئێران لە سلێمانی

وێستگه‌ نیوز ـ

كۆڕبه‌ندی ئابووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شاری سلێمانی ده‌ستیپێكرد و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم رایگه‌یاند، "گەشبینین بەوەی لە ئێستادا قۆناغی سەختەكان لە هەرێم تێپەرێندراوە".

بە ئامادەبوونی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆڕبەندی ئابووری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەدەچێت.

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەمیانەی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئابووری نێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان، كە دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی كانوونی دووه‌می 2019، لەسلێمانی بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیری دارایی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسان و بازرگانانی هەرێم بەڕێوەچوو، وتی: "پێشتر لەگەڵ كۆماری ئیسلامی، شەڕی رووبەڕووبونەوەی تێرۆرمان كردووەو ئەو وڵاتە لەرۆژە سەختەكاندا پشتیوانی هەرێمی كوردستان بووە".

قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: "ئێستاش ئێمە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەكان دەكەین كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و هەوڵدەدرێت شایستەی دارایی ئەو كۆمپانیا ئێرانی و بیانیانە خەرجبكرێت، كە لەهەرێمی كوردستاندا كار دەكەن".

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: "پێشتر قەیرانی دارایی و شەڕی داعش فشاری زیاتری خستبووەسەر حكومەتی هەرێم، بەڵام ئێمە گەشبینین و لەئێستادا قۆناغە سەختەكانمان تێپەڕاندووە".

محەمەد جەواز زەریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی كانوونی دووه‌می 2019، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ شاری به‌غدا و دواتر گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ كۆبووه‌وه‌.

دواتر به‌ یاوه‌ری قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم گه‌یشته‌ شاری سلێمانی و له‌ هۆتێل شاری جوان، كۆڕبه‌ندێكی ئابووری له‌ نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سازكرا.

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێم وتاریان پێشكه‌ش كرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەولێر رایگەیاند: "هیچ لایەنێک ناتوانێت سنور بۆ پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان ئێران و هەرێم دابنێت".



PM:04:24:15/01/2019






ئه‌م بابه‌ته 1916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو