ژان لۆدریان: به‌منزیكانه‌ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا

وێستگه‌ نیوزـ

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند كه‌ به‌منزیكانه‌، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی سه‌ردانێك بۆ عیراق ئه‌نجام ده‌دات.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌گه‌ڵ ژان ئیف لۆدریان، وه‌زیری دره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا كۆبوه‌وه‌ و سوپاسی هه‌ڵوێستی فه‌ره‌نسای كرد بۆ سڕینه‌وه‌ی قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی سه‌ر عیراق له‌رێی یانه‌ی پاریس و پشتیوانیكردنی عیراق له‌ جه‌نگی دژبه‌ داعش.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌غدا چاوی له‌ ئاماده‌بونی فراوانتری پاریسه‌ له‌ بواره‌كانی ئابوری خزمه‌تگوزاری و رۆشنبیری و په‌روه‌ره‌دا.

عادل عه‌بدولمه‌هدی راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌زمونی دیموكراسی له‌ عیراق پته‌وتر ده‌بێت و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عیراقییه‌كان به‌ره‌وپێش ده‌ڕوات، جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ داعش دروستكراوی عیراق نییه‌، به‌ڵكو دروستكراوی فیكرێكی دواكه‌وتوو و توندڕه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ریشدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌پێناو پشتیوانیكردنی ته‌واوی عیراق و حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌ردانی به‌غدایان كردوه‌ و ئێستاش عیراق فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌دا و سیاسه‌تی عیراقیش خۆبه‌دورگرتنه‌ له‌ ململانێ.

ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و پشتیوانییه‌ی له‌عیراق ده‌كرێ و له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات، به‌منزیكانه‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

هەر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌گه‌ڵ ژان ئیف لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا كۆبوەوه‌ و به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك كۆماری عیراق"جه‌ختی له ‌گرنگی ڕۆڵی عیراق له ‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی و تیرۆر و هه‌وڵه‌كانی له ‌پێناوی به‌رجه‌سته‌كردنی ئاشتی و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ كردوه‌ته‌وە."

هاوكات وه‌زیری فه‌ره‌نسا جه‌ختی له‌سه‌ر پشتیوانیی وڵاته‌كه‌ی له‌ عیراق له‌ گشت بواره‌كاندا كرده‌وه‌، لۆدریان به‌ ‌فه‌رمی و به‌ ناوی وڵاته‌که‌یه‌وه‌ بانگهێشتی سه‌رۆك كۆماری كرد که‌ سه‌ردانی فه‌ره‌نسا بکات.


PM:09:27:14/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 1060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت