سه‌رۆك كۆماری عیراق: هێنانه‌دیی داواكاریی پێكهاته‌ی توركمان به‌رپرسیارێتیی ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌

‌به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق و وەفدی بەرەی تورکمانی

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌میانی كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی به‌ره‌ی توركمانی رایگه‌یاند كه‌ هێنانه‌دیی داواكاریه‌ ره‌واكانی پێكهاته‌ی توركمان به‌رپرسیارێتیی هاوبه‌شی ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌.

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13ی كانونی دووه‌می 2019، له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی به‌ره‌ی توركمانی كۆبوه‌وه‌ و به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گرنگی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكانی گەلی عیراق بۆ بەدیهێنانی ئارامی و خۆشگوزەرانی دووپاتكراوه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی كردوه‌ به‌وه‌ی"هێنانەدی داواكارییە رەواكانی پێكهاتەی توركمان و بەشداری زیاتریان لە بنیادنانی عیراقێکی دیموكراسی و ئیتحادیدا، بەرپرسیارێتی هاوبەشی تەواوی لایه‌نه‌ سیاسییەكانه‌."

سەرۆك كۆماری عیراق باسی له‌ پێویستی یەكڕیزی نیشتمانی و پشتبەستن بەراوێژ و گفتوگۆ و لێکگه‌یشتن کرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیەكان كە گیانی نیشتمانیی راستگۆیانه‌ی تێدا ره‌تنگ بداته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ هەر لەو دیدارەدا دواین پێشهات و پەرەسەندی دۆخی سیاسی و ئەمنی و پشتیوانیكردنی حكومەت خرایە روو و تەئكیدكرایەوە لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەی حكومه‌ت كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیەكانی عێراق لەسەری رێككەوتوون.

هاوكات ئەندامانی وەفدی به‌ره‌ی توركمانی دووپاتیان كردەوە "‌پێكهاتەی توركمان پشتیوانی یەككڕیزی نیشتمانی دەبێت كە ئامانجی هاوڵاتیان بهێنێته‌ دی و پشتیوانی كارنامەی حكومەتیش دەبن و هەوڵی لێبڕاوانە ده‌ده‌ن بۆ بەرەوپێشچوونی باری سیاسی و ئابوری و ئەمنی وڵات."


PM:04:59:13/01/2019






ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو