به‌وێنه‌..بۆ پێشوازی له‌ به‌رهه‌م ساڵح شه‌قامه‌كانی قه‌ته‌ر به‌ ئاڵای عیراق رازێندرایه‌وه‌

‌ د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

چالاكوانانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چه‌ند وێنه‌یه‌كی شه‌قامه‌كانی قه‌ته‌ریان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق ئاماده‌ی كردوه‌.

تائێستا واده‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ قه‌ته‌ر ئاشكرانه‌بووه‌، به‌ڵام رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 6ی كانونی دووه‌می 2019، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیی ئاگادار راییانگه‌كه‌یاند كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت.

به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ قه‌ته‌ر له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمیی ته‌میم بن حه‌مه‌د، میری ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر ئه‌نجام ده‌درێت و تیایدا گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندیی نێوان به‌غدا و ده‌وحه‌ و به‌شداریی قه‌ته‌ر له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی شه‌ری داعش تاوتوێ ده‌كرێت.

راشیانگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌دا، ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی عیراق و پارێزگار یاوه‌ریی د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌كه‌ن.

له‌دوایین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كانی بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌، د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق سه‌ردانی توركیای كردو له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، هاوتا توركییه‌كه‌یدا تاوتوێی هاواكاریی نێوان هه‌ردوو وڵات و دۆسیه‌ی ئاو و هاوكاریی ئه‌منیی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولای كرد.


PM:10:45:07/01/2019








ئه‌م بابه‌ته 29228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت