ته‌رمی شه‌هیدانی بۆردومانه‌كه‌ی توركیا به‌خاكسپێردران

‌تەرمی شەهیدەکان

وێستگه‌ نیوزـ

لە مەراسیمێکدا تەرمی ئەو چوار ژنە بەخاکسپێردران کە لە بۆردومانی شەوی رابردووی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سەر کەمپی مەخمور شه‌هید بوون. 

مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنه‌كه‌ ئەمڕۆ هەینی 14ی كانونی یه‌كه‌می 2018،بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لایەنی سیاسیی باشوری کوردستان بەڕێوەچوو.

کەسوکار و دانیشتوانی کەمپی مەخمور داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق كرد بیانپارێزن، لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور خۆپیشندان بەڕێوەچو و بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکانیانیان لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا شەرمەزارکرد. 

ئه‌نجومه‌نی گه‌لی مه‌خمور لە راگەیه‌ندراوێکدا ئاشكرایكرد: "له‌ هێرشه‌كه‌دا ئاسیا عەلی محەممەد ته‌مه‌ن 73 ساڵان، نارنج فەرحان "كچی" ته‌مه‌ن 26 ساڵان، ئەڤین کاوە "نه‌وه‌ی" ته‌مه‌ن 14 ساڵ و ئەیلەم محەممەد ئەمیر "ناسیاو" ته‌مه‌ن 23 ساڵان شەهید بوونە".

ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو لە هەمان مانگدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کەمپی مەخموریان بۆردوومانکرد و بەو هۆیەشەوە شەش کەس شه‌هید بوون.

شەوی پێنجشەممە 13-12-2018 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشیانکردەسەر پێگەکانی پەکەکە لە شنگال و کەمپی پەنابەرانی باکوری کوردستان لە مەخمور، له‌ هێرشه‌كه‌دا چوار کەس شه‌هید بوون و پێنجی دیكه‌ش برینداربوون.


PM:11:24:14/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو