د.به‌رهه‌م له‌ رۆژی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا پیرۆزبایی له‌ پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات

‌ د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

 له‌ رۆژی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێكخراوی داعش و رزگاركردنی خاكی داگیركراوی عیرا له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌دا کە لە 10ی کانونی یەکەمی 2017 راگەیەندرا، سه‌رۆك كۆماری عیراق لە ساڵیادی ئەو دەستکەوتەدا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ پیرۆزبایی خۆی له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و حه‌شدی شه‌عبی و سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ی عیراق كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ی كانونی یه‌كه‌می 2018 بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگه‌یاندوه‌: "شادمانین بەم بۆنه‌ مەزنە مێژوییەوە گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە هاوڵاتیان و هێزە چەکدارە قارەمانەکانمان (سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و رۆڵەکانی عەشیرەت و هۆزەکان) بكه‌ین و داوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەکەین، هه‌روه‌ك داوای ئارامی و ئاشتی دەکەین بۆ وڵاته‌كه‌مان بەرەو ئاسۆیەکی پێشکەوتنی فراوانتر لە هەموو بوارەکاندا."

سه‌رۆك كۆماری عیراق لە پەیامەکەدا دووپاتیکرده‌وە و ده‌ڵێت"سەرکەوتن ئەو کاتە بە ئاکام دەگات و تیرۆر بە یەکجارەکی لە ناو دەچێت کە بە ئازایەتی و بوێرییەوە هەنگاو بۆ پێشەوە بنرێت، بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بێکاری و چاککردنی خزمەتگوزارییەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەبووه‌كان بۆ شار و گوندەکانیان، هاوکات کاریش بکرێت لە ئاستی ناوچه‌یی و نێودەوڵەتیدا تا ناوچەیەکی ئارام و ئۆقرەی دور لە ناکۆکی بێتە ئاراوە".

داواشیکردووە کاری جددی و لێبڕاوانە بکرێت لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەکەدا بەو ئامانجەی کەشێكی سیاسی لە بار بڕەخسێت كه‌ ببێتە پاڵپشت بۆ هەوڵی چاکسازی راستەقینە و ئامادەسازی جددی بۆ قۆناغی دوای رزگار بوونی عیراق لە تیرۆری داعش.

دەقی پەیامەکەی د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق:

ئەمڕۆ گەلەکەمان یادی یەکەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی دەکاتەوە بەسەر دڕندانەترین پەلاماری تاوانکاری کە مێژوو بە خۆیەوە بینیوە، لەم رۆژەدا تەواوی شار و گوندەکان رزگار كرا کە تیرۆریستانی داعش داگیریان کردبوو وێرانکاری و خراپەکاری و کوشتن و بڕین باڵی کێشابوو بەسەریاندا.

شادمانین بەم بۆنه‌ مەزنە مێژوییەوە گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە هاووڵاتیان و هێزە چەکدارە قارەمانەکانمان بكه‌ین (سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و رۆڵەکانی عەشیرەت و هۆزەکان)، داوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەکەین، هه‌روه‌ك داوای ئارامی و ئاشتی دەکەین بۆ وڵاته‌كه‌مان بەرەو ئاسۆیەکی پێشکەوتنی فراوانتر لە هەموو بوارەکاندا.

گه‌له‌كه‌مان لە جەنگی تیرۆر و خۆڕاگریدا داستانی قارەمانێتیی و دلێرانەی کەم وێنه‌یان تۆمار کرد قارەمانەکانی هێزە چەکدارەکانمان لە (سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و رۆڵەکانی عەشیرەت و هۆزەکا) بە قوربانی و گیانفیداییەکانیان بەرجەستەیان کرد، هاوکات هاووڵاتیان بە هەموو شێوەیەک پشت و پەنا و هاوکار و هاندەری ئەو قارەمانانە بوون لە پێناوی سەربەرزیی و ئازادی و ئاشتی دا.

فەتوای مەرجەعیەتی ئاینی لە نەجەفی پیرۆز رۆڵێکی گەورەی هەبوو بۆ ورە بەخشین لە بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆریستە داعشییەکان و بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە مەزنەدا، هه‌روه‌ها نابێت رۆڵی پشتیوانی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە لە بیر بکرێت کە پشتی عێراق و هێزە قارەمانەکانیان گرت، ئەو هەڵوێسته‌یان لە بیرەوەری گه‌لی عێراق و لە بیرەوەرییەکانی مرۆڤایەتیشدا دەمێننەوە، بەوەش ئێمە لە عێراق دەخاتە بەر لێپرسراوێتیەک کە بیپارێزین و داکۆکی لە پێودانگەکانی ئەو هەڵوێستانە بکەین، بەو پێیەی تیرۆری داعشی هەڕەشەیەکی ترسناک بوو، تا ئێستاش نەهامەتییەکانی گەلەکەمان لە هەموو پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان و قوربانیدانەکانی هەموو پێکهاتەکان بە تایبەتی ئێزدی و مەسیحییەکان ساڕێژ نەبوون، هەموو پێکهاتەکان بە بەرچاومانەوە روبەڕووی کۆمەڵ کوژی و کوشتار و دەربەدەریی بوونەوە، ئەمه‌ش دەبێت ورەمان زیاتر بکات و سوربین لەسەر درێژەدان به‌ خەبات و تێکۆشان و بەدیهێنانی داواکارییەکان بۆ ژیانێکی سەربه‌رز و دادپەروەری بۆ هەموو هاووڵاتیان.

جه‌نگاوه‌ره‌كان بە نرخێکی گەورە سەرکەوتنی سەربازییان بەدەست هێنا، پێویستە سەرکەوتنی یەکجارەکی بە ئاکام بگەیەنین، بۆ ئەوەش کاری زۆرمان لە بەردەمدایە لە روی یاسا دانان و کاری حکومی و لە ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتوری و روناکبیریشەوە تا فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژیی و تیرۆر و تاوان بنبڕبن و کۆتاییان بێت.

ئەوەی کە بەهاو پێویستی ئەم ئەرکە دووپات دەکاتەوە دوای قوربانیدانەکان و سەرکەوتنە سەربازییەكان، پەی بردن و زانینی ئەو راستیەیە کە داعش هەر بە تەنیا بە داگیرکردنی شار و گوندەکانمان بە پەلامارێکی سەربازی دەستی بە دوژمنکارییەکانی نەکرد، بەڵکو دەرەنجامی بارودۆخێکی ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی نا سەقامگیر بوو، بۆیە پێویستە کاری جددی و لێبڕاوانە بکرێت لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەکەدا بەو ئامانجەی کەشێكی سیاسی لەبار بڕەخسێت کە ببێتە پاڵپشت بۆ هەوڵی چاکسازی راستەقینە و ئامادەسازی جددی بۆ قۆناغی دوای رزگار بوونی عێراق لە تیرۆری داعش.

سەرکەوتن ئەو کاتە بە ئاکام دەگات و تیرۆر بە یەکجارەکی لە ناو دەچێت کە بە ئازایەتی و بوێرییەوە هەنگاو بۆ پێشەوە بنرێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لە بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بێکاری و چاککردنی خزمەتگوزارییەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەبووەکان بۆ شار و گوندەکانیان، هاوکات کاریش بکرێت لە ئاستی ناوچه‌یی و نێودەوڵەتێدا تا ناوچەیەکی ئارام و ئۆقرەی دور لە ناکۆکی بێتە ئاراوە، کە گەلانی ناوچەکە باجی قورسدەدەن لە بەردەوامبوونی ئەو ناجێگیریەدا، سەربەخۆی و سەروەری عێراق و پاراستنی ئاسایش و جێگیری سیستمە فیدراڵی و دیموکراسییەکەی و بوژانەوە و پێشکەوتنی عێراق، پێویستی بە کاری سیاسی دڵسۆزانە و جددییە کە چاکسازی چاوەڕوانکراو بەدی بهێنێت ئەو داوا و خواستەی هەر دەبێت بکرێت.

هەموو ئەوانە پێویستە هەنگاوی بۆ بنرێت و جێبەجی بكرێت، چونکە هاووڵاتیان داوامان لێ دەکەن، خوێنی شەهیدەکانمان داوامان لێ دەکەن، هه‌روه‌ها هەمووان بەرامبەر وڵاتەکەمان بە مێژو و شارستانی گەل و پێگە گرنگەکەیەوە لە ناوچەکەو جیهاندا کە شایستەی ئەوەیه‌.

با رۆژی سەرکەوتن ببێتە بۆنەی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ بەرنامەیەکی راستەقینە و جددی کارکردن لە پێناوی بەدیهێنانی خواستەکانی گەل و وڵاتمان و بەو کارەمان پاداشتی قوربانیدانی شەهیدەکانمان و خانەوادەکانیان دەدەینەوە و یارمەتیدەر دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەر لەنوێ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارەکان و کۆتایی هێنان بە هەژاری و بێبەشبوون و نەخوێندەواریی، لە سایەی دەوڵەتێکی دیموکراسی دادپەوەردا کە هەمووان شانازی پێوە بکەن. 

ئەم لێپرسراویەتی نیشتمانییە پێویستە رای بپەڕێنین زۆریش دواکەوتووین لە بە ئاکام گەیاندیدا، هاوکات هاووڵاتیان زۆر دانیان بە خۆدا گرت و ئارامیان گرت، ئیتر پێویستە ئەرکەکان تەواو بکەین، پێویستە بە سەرکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و روناکبیری درێژە بدرێت بە سەرکەوتنی سەربازی کە شایستەی مێژوی عێراق و گەلەکەی بێت.

نەمریی بۆ شەهیدان..
سەربەرزیی بۆ جەنگاوەرە دلێرەکان..
سوپاسی زۆر بۆ هەموو ئەوانەی گیانفیداییان نواندوە و پشتیوانیان کردووە.
سەربڵند بێت گەلەکەمان.

د. بەرهەم ساڵح 
سەرۆک کۆمار 


PM:05:04:10/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو