سه‌رۆك كۆماری عیراق و وه‌فدێكی ئیداره‌ی دوزخورماتوو كۆبونه‌وه‌

‌دیمەنێک لە کۆبونەوەکە

وێستگه‌ نیوزـ

وه‌فدێكی قه‌زای دوزخورماتوو سه‌ردانی د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراقیان كرد و دوپاتیانكرده‌وه‌ كه‌ پشتیوانیی سه‌رۆك كۆمار بۆ "چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان گرنگیی زۆری هه‌یه‌".

سایتی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9ی كانونی یه‌كه‌می 2018، د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام پێشوازیی لە وەفدێکی دوزخورماتوو كرد کە پێکهاتبوو لە قایمقام و سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێیەتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئیدارەی خۆجێیەتی قەزاکە.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە قەزای دوزخورماتوو گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و ئەو رێوشوێنانەش باسکراون کە پێویستن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە شارەکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

‏‎له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك كۆماری عیراق "قوربانیدانی رۆڵەکانی دوزخورماتووی بەرز نرخاند لە بەگژاچونەوەی رێكخراوی داعش و داوای لە هەموو لایەک کردوه‌ رێگه‌ نەدەن تیرۆرستان فرسەت بقۆزنەوە و پیلانی یەکڕیزی نیشتمانی هەڵبوەشێننەوە."

‏‎به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ د.به‌رهه‌م ساڵح به‌پێویستی زانیووه‌ بە باشترین شێوە خزمەتی دانیشتوانی قەزاکە بکرێت و زیان لێکەوتووان قەرەبووبکرێنەوە کە لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و پەلاماردانەکانی داعش لێیان کەوتووە. 

‏‎هاوكات ئەندامانی وەفدەکە بارودۆخی دوزخورماتویان بە شێوەیەکی گشتی گه‌یاندوه‌ته‌ سه‌رۆك كۆمار و ئەو کێشانەشیان خستوه‌تەڕوو کە دێتە رێگەیان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، دووپاتیشیان کردوەته‌وه‌ کە پشیوانیکردنی سەرۆک کۆمار لە چارەسەرکردنی کێشە و داواکاریەکانیان بایەخ و گرنگی زۆرە بۆ ئەو هەوڵانەی لە ئارادان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی لە قەزاکەدا.


PM:07:28:09/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت