وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك ده‌كه‌وێته‌ ساڵی داهاتوو


وێستگه‌ نیوز ـ
حكومەتی هەرێم، وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاكی ماڵان و شوێنە گشتییەكان دوادەخات، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، سلێمانی به‌سه‌ر 17 زۆندا دابه‌شكراوه‌ و وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ساڵی داهاتووه‌وه‌.


رزگار ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی سلێمانی، بە وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: لەئێستادا پرۆژەی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك لە هاوڵاتیان راگیراوە.

وتیشی: "سلێمانی كراوەتە 17 زۆن، لەو ژمارەیەش تەنها چوار زۆنی دراوە بەبەڵێندەر تا دەست بەوەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك بكەن، لە ئێستاشدا ئەو بەڵێندەرانە سەرقاڵی كۆكردنەوەی ئامارو داتان بەسیستمێكی ئەلیكترۆنی، تا پێشكەشی شارەوانی بكەن، بەشێكیان ئامارو داتاكەیان پێشكەشكردووەو بەشێكیشیان ماون، لەڕێگەی لیژنەی راوێژكاری شارەوانیشەوە پاش هەڵسەنگاندن، رەزامەندی بەكاركردنیان دەدرێت".

رزگار ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "لە ئیدارەی سلێمانی و هەموو شارێك هەیە كە لایەنە ئەمنییەكان رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ هەر كارێك، لە ئێستاشدا پۆلیس و ئاسایش گفتوگۆ لەگەڵ بەڵێندەران دەكەن تا بزانرێت بەچ میكانیزمێك پارەكە كۆدەكرێتەوەو لەدەرگای ماڵان دەدرێت، بۆئەوەی خاوەنكارو كۆمپانیاكان بەشێوەیەكی تەندروست پارەكە كۆبكەنەوە".

سەبارەت بەوادەی دەستپێكردنی وەرگرتنی پارەكەش، رزگار ئەحمەد وتی:" چاوەڕوانین بەڵێندەری تریش سەردانمان بكەن بۆئەوەی زۆنەكانی تر وەربگرێت، بەڵام بەگشتی كۆكردنەوەی پارەكە دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، كه‌له‌ نێوان سێ بۆ پێنج هه‌زار دیناردایه‌".



PM:06:46:04/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 13804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو