ئه‌لمۆنیته‌ر: بارزانی لاپه‌ڕه‌ی ریفراندۆمی هه‌ڵدایه‌وه
مه‌سعود بارزانی، سه‌ركی پارتی دیموكراتی كوردستان
وێستگه نیوزـ
رۆژنامه‌ی ئه‌لمۆنیته‌ر-ی چاپی ئه‌مریكا راپۆرتێكی سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی مه‌سعود بارزانی، سه‌ركی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌غدا و نه‌جه‌ف بڵاوكردوه‌ته‌وه كه له 22ی تشرینی دووه‌می 2018 ئه‌نجامیدا و له مانشێته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: بارزانی لاپه‌ڕه‌ی ریفراندۆم هه‌ڵده‌داته‌وه و چالاكییه سیاسییه‌كانی له به‌غدا و نه‌جه‌ف ده‌ستپێده‌كاته‌وه.
له سه‌ره‌تای راپۆرته‌كه‌دا رۆژنامه‌ی ئه‌لمۆنیته‌ر نوسیویه‌تی: سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ به‌غدا لاپه‌ڕه‌ی ساڵێك له تۆمه‌تباركردن و هه‌ڕه‌شه‌كانی دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی نێوان بارزانی و ده‌سه‌ڵاتدارانی فیدڕاڵیی هه‌ڵدایه‌وه و دوای گه‌ڕانه‌وه‌شی له پایته‌خت بارزانی وای هه‌ژماركردوه كه عادل عه‌بدولمه‌هدی زیاتر له دۆسیه‌ی كورد تێده‌گات وه‌ك له حه‌یده‌ر عه‌بادی.
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ی به‌غدا و دواتر رۆیشتن به‌ره‌و نه‌جه‌ف و كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در، ئاماژه‌یه بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی نوێ كه بارزانی ده‌یه‌وێت جێبه‌جێی بكات، سیاسه‌تێك كه له‌گه‌ڵ گۆڕٍانكارییه‌كانی ئێستا بگونجێت، به‌تایبه‌ت كه ئێستا هێزه‌كانی فیدڕاڵ كۆنتڕۆڵی كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان و ده‌روازه سنورییه‌كانیان كردوه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتیی 2019 نزیكه و به‌غدا سوره له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم بۆ خوار 17%.
ئه‌لمۆنیته‌ر موحسن سه‌عدون، په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتیی له په‌رله‌مانی عیراق دواندوه و ئه‌ویش له باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانییه‌وه وتویه‌تی: "بارزانی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی و سه‌ركرده‌ی كوتله سیاسییه‌كان تاوتوێ كردوه، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كیی سه‌ردانه‌كه‌ی، كاراكردنی رۆڵی حزبی سیاسییه له دانوستانی نێوان كوتله‌كان، كۆبونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ سه‌در بۆ نێوه‌ندگیری و خێراكردنی ئه‌و گفتوگۆیانه بووه كه له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی حكومه‌ت له‌ئارادایه".
سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵانه‌ی كه باس له‌وه ده‌كه‌ن ره‌نگه بارزانی و نوری مالیكی و هادی عامری پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی سیاسی پێكبهێنن، موحسن سه‌عدون وتویه‌تی: "لێكگه‌یشتنه‌كانی ئێستا ناگاته ئاستی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی، به‌ڵام بارزانی ده‌یه‌وێت نوسینگه‌ی خۆی له به‌غدا بكاته‌وه تا به‌رده‌وام بێت له‌په‌یوه‌ندیكردنی به سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عیراقه‌وه، به‌تایبه‌ت كه ئێستا پارتی له حكومه‌تی نوێی عیراقدا به‌شداره".
رونیشیكردوه‌ته‌وه كه پارتی له‌رێی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی بارزانییه‌وه بۆ پایته‌خت، ویستویه‌تی بیرۆكه‌ی به‌شداریكردن له ئیداره‌كردنی ده‌وڵه‌ت پته‌وبكات، ئه‌وه‌ش له‌رێی به‌شداریكردن له حكومه‌ت و گێڕانی رۆڵێكی گه‌وره‌تری سیاسی له‌سه‌ر ئاستی وڵات.
ئه‌لمۆنیته‌ر باسی له كۆتاییهێنان به ناكۆكییه‌ك و سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكییه‌كی دیكه كردوه و نوسیویه‌تی: "بارزانی لاپه‌ڕه‌ی ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ حزبه شیعه‌كان هه‌ڵدایه‌وه، به‌ڵام لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێی له ئاڵۆزی له‌گه‌ڵ شه‌ریكه كوردییه‌كه‌ی خۆیدا كرده‌وه كه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه، چونكه سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ به‌غدا و گه‌شته‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ رۆما هاوكاتی یه‌كتر بوون، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه بوو تا بارزانی خۆی له بینینی به‌رهه‌م ساڵح لابدات.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌شی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه كه بارزانی به‌توندی دژی كاندیدكردنی به‌رهه‌م ساڵح بوو بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق و ئه‌و كاره‌شی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شه‌راكه‌تی نێوان حزبه‌كه‌ی كه له‌نێوان یه‌كێتی له‌قه‌ڵه‌مداوه، ئه‌وه‌ش دوای شكسته‌كه‌ی فوئاد حسێن، كاندیده‌كه‌ی بارزانی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق.
هه‌ر له راپۆرته‌كه‌دا باس له لێدوانێكی غه‌یاس سورچی، كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی نه‌ینه‌وای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كراوه كه به ئاژانسی الاتّجاه برس-ی راگه‌یاندوه: "سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی له‌پێناو خزمه‌تكردنی به‌رژوه‌ندییه‌كانی پارتی و پته‌وكردنی ده‌سه‌ڵاتی پارتی بووه، بارزانی ئاماده‌نه‌بونی به‌رهه‌م ساڵحی قۆرغكرد و به‌تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی بۆ سه‌ردانی به‌غدا هه‌ڵبژارد تا چاوی به به‌رهه‌م ساڵح نه‌كه‌وێت".
ئاژانسه‌كه له‌زاری غه‌یاس سورچی بڵاویكردوه‌ته‌وه "بارزانی نایه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد به‌دی بێت، چونكه بارزانی په‌نای بۆ یاریكردن بردوه"، ده‌شڵێت: "یه‌كێتی حزبێكی دێرینه و له هیچ هه‌نگاو و پیلانگێڕییه‌ك سڵ ناكاته‌وه كه دژی ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی یه‌كێتی داوای ده‌كات ته‌نها پشكی خۆیه‌تی له به‌غدا و داوای له‌وه‌ش زیاتری نه‌كردوه".
ئه‌لمۆنیته‌ر تیشكی خستوه‌ته‌سه‌ر به‌گه‌ڕخستنی هێڵی بۆریی نه‌وتی كه‌ركوك له خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ به‌نٍده‌ری جه‌یهانی توركیا و پێی وایه ئه‌وه خاڵی گرێدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه راسته‌قینه‌كه‌ی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمه كه پارتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه ئه‌و نه‌وته تا ئه‌مدواییه‌ش به‌رێگه‌ی وشكانیدا و له شاری سلێمانییه‌وه هه‌نارده‌ی ئێران ده‌كرا كه یه‌كێتی تیایدا باڵاده‌سته.
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت پێشتر یه‌كێتی به‌توندی ره‌تیكردوه‌ته‌وه نه‌وتی كه‌ركوك هه‌نارده‌ی توركیا بكرێت، ئه‌وه‌ش به‌و بیانوه‌ی كه پارتی ده‌ست به‌سه‌ر داهاته‌كه‌یدا ده‌گرێت و به دادپه‌روه‌ری دابه‌شی ناكات، به‌ڵام سزاكانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران وایكرد گرنگیی بۆریی نه‌وتی نێوان عیراق و توركیا سه‌رهه‌ڵبداته‌وه و ئه‌و بۆرییه ببێته‌هۆی ئه‌وه‌ی دووباره په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم رێكبخرێنه‌وه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی له 22ی تشرینی دووه‌می 2018 بۆ به‌غدا و نمه‌جه‌ف، رۆژنامه‌كه نوسیویه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه‌ی له به‌غدا و نه‌جه‌ف له بارزانی كرا، به‌ڵام ره‌نگه داواكارییه‌كانی بارزانی بۆ زیادكردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم له 14%ه‌وه بۆ 17% و كشانه‌وه‌ی هێزه فیدڕاڵییه‌كانی عیراق و حه‌شدی شه‌عبی له كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ناوچانه، ته‌نانه‌ت له‌ئێستادا نه‌ینه‌دی، چونكه وه‌ك رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان له په‌رله‌مانی عیراق له گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبین كه پێشتر دژی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بوون و ئێستاش چه‌كداره‌كانیان له‌و ناوچانه جێگیر بوون كه پێشمه‌رگه ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆیان.
حه‌نین قه‌دۆ، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی بنیادان وتویه‌تی داواكارییه‌كان بۆ كشانه‌وه‌ی هێزی فیدڕاڵی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره كه له مادده‌ی 121دا ده‌ڵێت هێزی فیدڕاڵی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له هه‌موو ناوچه‌كان به ئازادی جموجوڵ بكات و هێزه‌كانی هه‌رێمیش ته‌نها بۆیان هه‌یه له‌ناو هه‌رێمدا بجوڵێن.
قه‌دۆ به ئه‌لمۆنیته‌ری راگه‌یاندوه: داواكارییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك پشكی هه‌رێم و پۆسته وه‌زارییه‌كان ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی رێژه و سه‌رژمێریی دانیشتوان، بۆیه ئه‌وه بواری ئه‌وه‌ی تێدا نییه له‌سه‌ر مافی ناوچه بێبه‌شه‌كان یارییان پێوه بكرێت، پرسی ناوچه جێناكۆكه‌كانیش پێویستی به هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوره نه‌ك دانوستانی سیاسی.
ئێستاش، به‌پێی رۆژنامه‌كه، بارزانی قه‌ناعه‌تی به‌وه هه‌یه دۆخی ئێستا بۆ جێبه‌جێكردن و هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140ی تایبه‌ت به ناوچه جێناكۆكه‌كان، له‌چاو پێش سازكردنی ریفراندۆم سه‌ختتره، بۆیه له‌بری ئه‌وه بارزانی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی جڵه‌وی سیاسی له به‌غدا ده‌دات تا بتوانێت هه‌ر ده‌ستكه‌وێت كه بیه‌وێت به‌ده‌ستی بهێنێت.
رۆژنامه‌كه نوسیویه‌تی: له‌بری روبه‌ڕوبونه‌وه و شه‌ڕه لێدوان، ئێستا بارزانی هه‌ستی به كه‌مێك له په‌راوێزكه‌وتن كردوه به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كولته په‌رله‌مانیه‌یكانی عیراق به‌رهه‌م ساڵح-یان له بری فوئاد حسێن-ی كاندیده‌كه‌ی بارزانی په‌سه‌ند كرد.
له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا رۆژنامه‌ی ئه‌لمۆنیته‌ر باسی له پێشنیازه‌كه‌ی بارزانی كردوه كه بۆ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی له عیراق بۆ به‌غدای كردبوو، بارزانی پێشنیازی كردبوو ئه‌و ئه‌نجومه‌نه به‌به‌شداریی سه‌رۆك حزبه‌كان و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق، پێكه‌وه سیاسه‌تی وڵات دابڕێژێن.
رۆژنامه‌كه له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "ده‌كرێت به‌وجۆره له پێشنیازه‌كه‌ی بارزانی تێبگه‌ین كه پێكهێنانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بۆ ئه‌وه‌یه بارزانی رۆڵێكی كاریگه‌رتر به حزبه‌كه‌ی بدات، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مدواییه‌ی په‌رله‌مانی عیراق وایکرد هێزە عیراقییەکان هاوپه‌یمانێتییەکی نوێی وا دروست بکەن كه تاڕاده‌یه‌ك له پشک پشکێنەی تایه‌فه‌گه‌ری و نه‌ته‌وه‌په‌رستی دوور بێت كه له ساڵی 2003ه‌وه به‌رۆكی عیراقی گرتووه و دەڵێت: هه‌ر ئه‌و تایه‌فه‌گه‌رییه‌ش بوو کوردی کربووە "پارسه‌نگ"ی پرۆسه‌ی سیاسی لە عیراقدا."
PM:10:08:02/12/2018
ئه‌م بابه‌ته 7972
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت