پیاوی بردنەوەی جەنگەکان و دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکان مرد

‌جۆرج بووشی باوک

وێستگە نیوز- ڕاپۆرت؛ بەڵێن عزەت میکە

شەوێکی ناوەڕاستی زستانی ١٩٩١ بوو، پیاوێکی چاوشین، لە ڕاگەیاندنەکانەوە وتی "سەدام حسێن شەڕێکی ترسناکی دژی کوێت هەڵگیرساندووە، ئەمشەو دژی سەدام حسێن شەڕ ڕادەگەیەنین".

ئەمە قسەی جۆر بووشی باوک بوو، کە ئەوکات سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو، دوای چەند مانگێک لە راگەیەیاندنی شەڕ دژی سەدام حسێن، بووش دووبارە هاتەوە سەر شاشەی ڕاگەیاندنەکان و ئەمجارەیان بڕیارێکی دەکرد بۆ پاراستنی گەلی کورد و وتی "ڕێگە نادەین نیو ملیۆن تا ملیۆنێک کەسی بێ تاوان لە شاخەکانی کوردستان بکوژرێن" ئەوەبوو پێنجی نیسانی هەمان ساڵ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی توانی ناوچەی دژەفڕین بۆ باشووری کوردستان دروستبکات بە ئامانجی پاراستنی خەڵی مەدەنی لە دڕندەیی سەدام حسێن و ڕژێمەکەی.

جۆرج بووشی باوک، ساڵی ١٩٢٤ لەدایکبووە و لەچاو سەرۆکەکانی تری ئەمریکا زۆرترین تەمەنی بەڕێکردووە، سەرەتا لە ڕیزەکانی سوپا و لە هێزی دەریاوە دەستیپێکرد لە جەنگی دووەمی جیهانییدا بوو بە گەنجترین فڕۆکەوانی ئەمریکی، بووش دوو جار خۆی کاندیدکرد بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی سینات بەڵام شکستی هێنا و دەرنەچوو، دواتر بوو بە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پاشان هەستیارترین دەزگای ئەمریکای پێ سپردرا کە دەزگای هەواڵگرییە، ئەو لە ساڵی ١٩٨٧ ڕایگەیاند خۆی کاندید دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، ساڵی ١٩٨٩ ئاواتەکەی هاتەدی و بوو بە سەرۆک لەو وڵاتەی کە تازە لە جەنگێکی سەخت هاتبووە دەرەوە، ئەویش جەنگی سارد بوو.

سەردەمی سەرۆکایەتی بووشی باوک سەردەمێکی ئاسان نەبوو، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد دەبوو ئەمریکا بە پەیوەندیەکانیدا بچێتەوە و ئەو چەند دکتاتۆرە بچووک بکاتەوە کە دژی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریانهەڵدابوو، هەر وای کرد، سەدام حسێنی لەوپەڕی هێزی خۆیدا راگرت و ناچار بە کشانەوەی کرد.

دەستنیشانکردنی ناوچەی دژە فڕین کە بیرۆکەی بووش بوو و دواتر بوو بە بڕیاری هاوپەیمانەکانیشی، کاریگەری هەبوو لەسەر پاراستنی کوردانی باشوور لەو هێرشانەی کە سەدام حسێن بەنیازبوو ئەنجامیانبدات لەکاتی کۆڕەوەکەی گەلی کورددا.

جۆرج بووشی باوک زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست ناوی دەرکرد و بووە سەرۆکێکی پەسەند لای خەڵک، پێدەچوو ئەمریکیەکان زۆر مەیلیان بۆ سیاسەتەکانی ئەو نەبێت، چاودێران هۆکاری ئەوە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو شەڕانەی کە ناوبراو لە دەرەوەی سنورەکان ئەنجامیدەدان و ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمریکی دەکوژران، کە بێگومان ئەوە ناڕەزایەتی ناوخۆیی ئەمریکای لێکەوتوەتەوە.

دوای ئەوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتی تەواوکرد، بووش ئارەزووی دەکرد چوار ساڵی تریش لە کۆشکی سپیەوە بڕیار لەسەر جیهان بدات، بەڵام دەنگدەرانی ئەمریکا نەیانهێشت ئەو خەونەی بێتە دی و لە هەڵبژاردندا نەیتوانی دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێتەوە.

ئەوە چوارەمین دۆڕانی بووشی باوک بوو لە هەڵبژرادندا، دوو جار بۆ ئەنجومەنی سینات و جارێک بۆ بوون بە کانیدی کۆماریەکان بۆ سەرۆکی ئەمریکا و دواجاریش بۆ هەڵبژاردنەوەی لە خولی دووەمیدا.

بە چوارەمین دەرنەچوونی، بووش لە دنیای سیاسەت دوور کەوتەوە و کۆتایی بە ژیانی سیاسیی خۆی هێنا.

جۆرج بووش دوای نزیکەی ٩ ساڵ لە دورکەوتنەوەی لە کۆشکی سپی، گەڕایەوە بۆ ئەو کۆشکە، بەڵام بۆ ئەوە نەبوو ببێتەوە بە سەرۆک، بۆ ئەوەبوو ئامادەبێت لە مەراسیمی سوێندخواردنی کورەکەیدا وەک چل و سێیەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

زۆرێک لە چاودێران و شرۆڤەکاران پێیان وایە بووشی کوڕ درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە بووە کە باوکی سیاسەتی پێکردووە.

بووشی باوک نزیکەی چوار ساڵ بەر لە مردنی، لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا لە ئاسمانەوە بە پەرەشوت خۆی خستە خوارەوە، بڕیاریدابوو کاتێک کە دەبێت بە ۹٥ ساڵیش هەمان کار دووبارە بکاتەوە، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا.

بەرەبەیانی ٣٠\١١\٢٠١٨ جۆرج بووشی کوڕ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە هەواڵی مردنی باوکی بە جیهان راگەیاند و بووشی باوک جیهانی جێهێشت.


PM:02:37:02/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو