پەنجا و دوو ڕۆژ دوای هەڵبژاردن

‌دیمەنێکی دوای کۆبونەوەی شاندی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان

وێستگە نیوز-
ڕاپۆرت؛ بەڵێن عزەت میکە

پەنجا و دوو ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕی و ئەو لایەنانەی کە یەکدییان بە ساختەکاری تاوانبار دەکرد ئێستا ئامێز بۆ یەک دەگرنەوە و لە بەردەم کامێراکاندا بۆچوونی یەکدیی پشتڕاستدەکەنەوە.

پەونجا و دوو ڕۆژ تێپەڕێ و هەندێک لایەن چاوەڕێن شاندی پارتی لە دەرگایان بدات و ئەو بەشە پۆستەیان بۆ ئاشکرا بکات کە بۆیان دانراوە لە کابینەی نۆیەمدا.

شەممەی ڕابردوو شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئازاد بەرواری و جەعفەر ئیمینكی و مەحموود محەممەد و ھێمن ھەورامی و ئومێد سەباح، سەردانی سلێمانیان کرد و لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوە و هەر هەمان ڕۆژ گەڕانەوە بۆ هەولێر.

دوای کۆبونەوەی شاندەکەی پارتی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، وتەبێژی هەردوو حزب لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی گفتوگۆکانی نێوانیان کرد، پێدەچوو لە کۆبونەوەکەدا زیاتر باسی هەڵەکانی ڕابردوو کرابێت نەک هەنگاونان بۆ پێکهێنانی حکومەت، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی "هەرچەندە لە هەندێک وێستگەدا تووشی هەڵە تێگەشتن بووین بەڵام هیواداراین ئەو هەڵانە ڕاستکەینەوە"، وتەبێژەکەی یەکێتیش هەمان بۆچوونی بە گوزارشتێکی تر خستەڕوو و وتی "پێکهێنانی ئەم کابینەیە لەسەر بنەمای سودوەرگرتن دەبێت لەو هەڵانەی کە لە کابینەکانی پێشوودا کردوومانە".

"پارتی بە ٤٥ کورسی پەرلەمانەوە دەیەوێت کەمترین لایەنی سیاسی لە حکومەتەکەیدا بەشداربن" ئەمە ئەو ڕستەیە کە زۆربەی بەرپرسانی پارتی دوبارەی دەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، ئەزموونی حکومەتی بنکەفراوان دووبارە ناکەنەوە.

شاندەکەی پارتی دوای ئەوەی لەسەر سفرەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان نانیان خوارد، ڕوویان لە گردی زەرگەتە کرد کە چەند کیلۆمەترێک لە بارەگای مەکتەب سیاسیی یەکێتیەوە دوورە و مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی لێیە، جیاواز لە پەیوەندیە خراپەکانی ئەو دوو حزبە لە ڕابردوودا، لە گردەکە بە گەرمیی پێشوازیی لە شاندەکەی پارتی کرا.

هەردوو وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕوخساریان هاوشێوەی یەکە، جەختیانکردەوە "باش نیە هیچ لایەنێک پەراوێز بخرێت و پارتی پێی خۆشە گۆڕان بەشداربێت لە پێکهێنانی حکومەت".

بزوتنەوەی گۆڕان کە نیوەی کورسیەکانی خولی پێشووی پەرلەمانی لەدەستداوە، بانگەشەی ئەوەی دەکرد ساختەکاری ئەنجامدراوە و ناڕازیبوو لە ئەنجامەکان، بەڵام پێشوازییە گەرمەکەی بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیە لە شاندەکەی پارتی، دەرخەری ئەوەبوو کە بۆچوونی بزوتنەوەکە گۆڕاوە و ئێستا هەڵوێستیان بە شێوەیەکی ترە.

ئەو ڕۆژە چاوەڕوان دەکرا شاندەکەی پارتی سەردانی لایەنەکانی تریش بکات، بەڵام هەرزوو ئۆتۆمبێلەکانی شاندەکە ڕوویان بەرەو هەولێر وەرگێڕا و گەڕانەوە ئەو شارەی کە لێوەی هاتبوون.

ئەوەی کە شاندەکەی پارتی سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی نەکرد بووە جێی سەرنجی چاودێران، چونکە بەرپرسانی پارتی ڕایانگەیاندبوو سەردانی سەرجەم لایەنەکان دەکەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم.

لەبارەی هۆکاریی سەردان نەکردنی پارتی بۆلای حزبەکەی، دیاری محەمەد بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵی ئیسلامیی وتی "نازانین هۆکارەکەی چییە بەڵام هێشتا دانوستانی جدی دەستیپێنەکردووە و ئەو سەردانەی کە ئەنجامدراوە بۆلای یەکێتی و گۆڕان زیاتر دۆستانە بووە".

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ جەختیشیتکردەوە "ئەو شاندەی کە سەردانی یەکێتی و گۆڕانیان کرد دیاربوو، هی پێکهێنانی حکومەت نەبوو، چوونکە شاندی پێکهێنانی حکومەت دەبێت خەڵکی بڕیار بەدەستی تێدابێت".

قسەی ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ نزیکە لە بۆچوونی چاودێرانەوە کە پێیان وایە هێشتا دانوستانی ڕاستەقینە دەستیپێنەکردووە و ئەو بەرپرسانەی کە لە حزبەکاندا بڕیاریان بەدەستە بەشداری کۆبونەوەکانیان نەکردووە.

ئێستا لە پەنجا و دووەمین ڕۆژی دوای هەڵبژاردنداین، ئەو زانیاریانەی کە لە ناوەندی بڕیاری حزبەکانەوە دزەیان پێکراوە بەم شێوەیەن "بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لای ئاساییە کە دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت کە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت، بەڵام یەکێتی ئەمەی پێ باش نییە، بڕیاریداوە ئەگەر دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت ئەو پۆستەی ناوێت، پارتی ئەمەی پێ خۆشە، چوونکە بەو شێوەیە کەسی دووەمی حکومەت کە قوباد تاڵەبانییە لە یاریەکە دوردەخرێتەوە و دەسەڵاتی ڕەها دەگەڕێتەوە بە سەرۆکی حکومەت کە لە پارتی دەبیت، ئاواش دەتوانێت باشتر نزیکبێتەوە لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەی سەوز".

وێستگە نیوز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو زانیویەتی یەکێتی بۆ قەرەبووکردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت، داوای دوو وەزارەت لە وەزارەتەکانی سامانە سروشتیەکان و دارایی و ناوخۆ دەکات، لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان.

پارتی بەباشی دەزانێت گۆڕان بەشداربێت لە کابینەی نۆیەمدا، بۆ ئەوەی هەژموونی یەکێتی لە ناوچەی سەوز کاڵ بکاتەوە و پۆستەکانی ناوچەکە بەسەر ئەو دوو لایەنەدا دابەش بکات، گۆڕانیش تا ئێستا ئەوەی پێ باشە و ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن بزوتنەوەکە ناڕاستەوخۆ بڕیاری بەشداریکردنی لە حکومەت دابێت.

بەرپرسانی پارتی چەندین جار جەختیان لەوەکردوەتەوە کە ئەزموونی "بنکەفراوان"ی دوبارە ناکەنەوە، ئەوەش بوەتە جێی دڵەڕاوکێی بەرپرسانی کۆمەڵی ئیسلامیی کە تا ئێستا بڕیاری بەشداریکردنیان لە حکومەت نەداوە، بەڵام مەیلیان هەیە بۆ هاوڕێیەتییکردنی پارتی و یەکێتی لە کابینەی نۆیەمدا.

ئەو زانیاریە دەست وێستگە نیوز کەوتووە کە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەو شێوەیەی کە پارتی دەیەوێت بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا بکات، ئەوا پارتی گرنگی بە بەشداریکردنی کۆمەڵ نادات و ئەو حزبە ئیسلامییە دەکەوێتە دەرەوەی یارییەکە.

ئەگەرچی چاودێران باس لەوە دەکەن لە کابینەی نۆیەمدا سەرۆکی حکومەت دوو جێگری دەبێت، بەڵام ئاسان نییە یەکێتی وازوو بەوە ڕازیبێت و مستەفا چاوڕەش کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانە بە وێتسگە نیوزی ڕاگەیاند "ئێمە پێمان باش نییە سەرۆکی حکومەت دوو جێگری هەبێت و ئەگەر وابێت یەکێتی هیچ کاندیدی نابێت بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت".

بەو شێوەیەش کابینەی نۆیەم حكومەتی هەرێم بە جۆرێک دەبێت کە سەرۆکی حکومەت دوو جێگری دەبێت و بزوتنەوەی گۆڕان جێگرێک و خاوەن کورسیە کۆتاکان(بە تەوافوق) جێگرەکەی تر دادەنێن، سەرۆکی پەرلەمانیش دەدرێتە یەکێتی و لەگەڵیشیا چەند پۆستێکی وەزاریی باڵا وەردەگرێت.

ئاواش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ٩٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆتاکان متمانەی پێدەدرێت و ئۆپۆزسیۆنێک لەپەرلەماندا دەبێت کە خاوەنی ٢١ کورسییە و پێکدێت لە نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامیی و یەکگرتووی ئیسلامیی، تا ئێستا ئەوە بەهێزترین سیناریۆی چاوەڕوانکراوە، بەڵام چەند هەفتەی داهاتوو هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان و گۆڕانکاریەکان بابەتە یەکلایی دەکەنەوە.


PM:03:10:21/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 3192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت