هەشت كەس دەستدرێژی دەكەنە سەر كچێكی 12 ساڵان و ڤیدۆكه‌شی‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

‌ ڤیدیۆكەی بڵاودەكرێتەوە


وێستگه‌ نیوز- رووداو

كچێكی 12 ساڵان، بەناوی هەڕەشەی كوشتن لە دایك و باوكی، لەلایەن پیاوێكەوە دەستدرێژی دەكرێتە سەر، دواتریش حەوت كەسی دیكە دەستدرێژی دەكەنە سەری. كچەكە سكاڵای لەسەر كوڕێك و كچێك تۆمار كردووە كە بوونەتە هۆی ئەوەی بەرەوڕووی ئەو دەستدرێژییە ببێتەوە.

 (م.ك)، تەمەن 12 ساڵ، لەڕێگەی فەیسبووكەوە كوڕێك بەناوی (س.ی) دەناسێت كە فەرمانبەرە، دوای ماوەیەك كوڕەكە قسەی نەشیاوی پێدەڵێت، پاشانیش هەڕەشەی كوشتنی دایك و باوكی لێدەكات. (م) دەڵێت: "دوو مانگ لەمەوبەر (س) هەڕەشەی لێكردم و پێیگوتم ئەگەر لەگەڵم نەبی، باوك و دایكت دەكوژم. منیش زۆر ترسام بۆیە رازیبووم. منی بردە ماڵی خۆیان. هەر كە چوومە ژوورەوە لە دواوە دەستدرێژی كردە سەرم".

(س) لەماوەیەكی كورتدا چوار جار دەستدرێژی دەكاتە سەر كچەكە. (م) دەڵێت: "دوای چەند رۆژێك دووبارە (س) داوای لێكردم كە بچمەوە ماڵەكەی، بەڵام ئەمجارە هیچی لێنەكردم. تەنیا رووتیكردمەوە و گوتی چاوت داخە. منیش چاوم داخست. دواتر زانیم وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی منی بە رووتی گرتووە. دواتر دوو جاری دیكەش دەستدرێژی كردە سەرم".

(س.ی) نكۆڵ لەوە ناكات كە (م)ی بردووەتە ماڵی خۆی. ئەو دەڵێت: "ئەو كچەم لەڕێگەی كوڕێكی هاوڕێمەوە ناسی. چوار جار بردوومەتەوە ماڵەوە و جلەكانیم داكەندووە و وێنەم گرتووە، بە رەزامەندی خۆی یەكدیمان لە باوەش گرتووە، بەڵام دەستدرێژیم نەكردووەتە سەری".

ڤیدیۆكەی بڵاودەكرێتەوە

دوای ماوەیەك گرتە ڤیدیۆكەی (م) لە پەیجێكی فەیسبووك بڵاودەكرێتەوە، بەڵام (س.ی) رەتیكردەوە كە خۆی بڵاوی كردبێتەوە و دەڵێت: "گرتەكە لە نێو میمۆرییەك بوو. رۆژێك چووم بۆ كافتریایەك و كەسێك بەناوی (ه) كە لە كافتریاكە كاردەكات، بەدزی منەوە گرتەكانی بردبوو. ئەو داوای 10 هەزار دۆلاری لێكردم لەبەرامبەر بڵاونەكردنەوەی و گوتی ئەگەر ئەو بڕە پارەیە نەدەی ئابڕووت دەبەم، بەڵام من ئەو پارەیەم نەبوو بیدەمێ، بۆیە لە فەیسبووك بڵاوی كردەوە و داویشیەتی بە چەند كەسێك".

(م) قوتابییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لەگەڵ (گ.ی) كە كچێكی تەمەن 15 ساڵی قوتابخانەكەیانە، دەبێتە هاوڕێ، بەڵام دواتر هاوڕێكەی لەشفرۆشی پێدەكات. (م.ك) كە سكاڵای لەسەر (گ)ـیش تۆمار كردووە، دەڵێت: "(گ) زۆر خۆی لێم نزیككردەوە. دووجار چوومە لای لە ماڵەوە و شەویش لەلای دەمامەوە، نەمزانی پیلانی بۆ داناوم".

 (م) گوتی: "رۆژێك (گ) بە هەڕەشەوە گوتی ژمارەی چەند كوڕێكت دەدەمێ دەبێ تەلەفۆنیان بۆ بكەی، ئەگەرنا دایك و باوكت دەكوژن. منیش ترسام و بەناچاری رازی بووم. یەكەمجار (ئە) تەلەفۆنی بۆ كردم. منی برد بۆ شوقەیەك و بە گوریس دەست و پێی بەستمەوە. سێ جار لەدواوە دەستدرێژی كردە سەرم. 40 هەزار دیناری دامێ‌ بۆ هاوڕێكەم. دوای سێ رۆژ (ه) تەلەفۆنی كرد و بردمی، ئەویش دەستی بەستم و دووجار دەستدرێژی كردە سەرم و 40 هەزار دیناریشی دامێ و گوتی بیدە (گ). رۆژانە كوڕ دەهاتنە لام و بەزۆر سێكسیان لەگەڵ دەكردم، پارەشیان دەدا بە (گ). لە ماوەی 10 رۆژدا 7 كەس لە یەك شوێن دەستدرێژییان كردە سەرم".

تۆمەتبارەكان دەستگیركراون

لەبارەی ئەم كەیسەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (رووداو)ی گوت: "دوای ئەوەی كچێك سكاڵای تۆمار كرد كە دەستدرێژی كراوەتە سەر. دەركەوت كە بەهۆی پەیوەندییەكەوە كوڕێك گرتەی ڤیدیۆیی كچەكەی لەسەر میمۆری هەبووە، بەڵام هاوڕێیەكی كوڕەكە میمۆریەكەی بردووە و داویەتی بە چەند چەكدارێك، ئەوانیش هەڕەشەیان لە كوڕەكە كردووە بۆ ئەوەی پارەیان بداتێ‌. دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد لە رووداوەكە، توانیمان هەموو تۆمەتبارەكان دەستگیر بكەین".

لەبارەی كەیسەكانی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێرەكانی پەیوەندی، رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: "زۆربەی ئەو سكاڵایانەی لەلای ئێمە تۆماركراون، ماددەی دووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندین كە زیاترن لە جۆرەكانی دیكەی سكاڵا. تەنانەت بەشێكی ئەو تاوانانەی دیكەش كە كوشتن و فێڵكردن و هەڕەشەن، دوای لێكۆڵینەوە دەردەكەوێت بەشێكیان پەیوەندییان بە مۆبایل و خراپ بەكارهێنانیەوە هەیە".

ساڵی رابردوو 325 سكاڵای یاسایی لەسەر كێشەكانی مۆبایل لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تۆماركراون، ئەمساڵیش تاوەكو سەرەتای ئەم مانگە 119 سكاڵا تۆماركراون.

تەنیا پیاوان نین كە هەڕەشە لە ئافرەتان دەكەن، بەڵكو ژنانیش ئامێرەكانی پەیوەندی بۆ هەڕەشەكردن لە پیاوان بەكاردەهێنن. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "ئەو هەڕەشانەی پیاوان و ئافرەتان لەڕێگەی ئامێرەكانی پەیوەندییەوە لە یەكدی دەكەن جیاوازە. پیاوان زیاتر بۆ پارە و سێكسە. بەڵام ئافرەتان زیاتر بۆ هاوسەرگیرییە، هەندێكجاریش بۆ وەرگرتنی پارە هەڕەشە لە پیاوان دەكەن"


AM:11:02:21/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 25864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو