رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران داوای‌ كاری‌ هاوبه‌ش له‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق ده‌كات


وێستگه‌ نیوز –

رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران داوای كاركردنی هاوبه‌شی له‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كرد بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی چه‌سپاو و نه‌گۆڕ له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ گه‌لانی دراوسێ به‌ دوور بگیرێت له‌ به‌ركه‌وته‌كانی ململانێ و ناكۆكییه‌كان.

ماڵپه‌ڕی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ عیراق بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2018/11/17 ئایه‌توڵا عوزما سه‌ید عه‌لی خامه‌نه‌یی رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ نوسینگه‌ه‌ تایبه‌تی خۆی له‌ تاران پێشوازیكرد له‌ د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق".

ماڵپه‌ڕی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌ خامه‌نه‌یی پیرۆزبایی خۆی پێشكه‌ش به‌ به‌رهه‌م ساڵح كرد به‌ بۆنه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌ركی سه‌رۆك كۆماری، هیوای ده‌ربڕی كه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت، هاوكات رابه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران ستایشی رۆڵی حكومه‌تی عیراقی كرد له‌ دابینكردنی ئاسایش و هێمنی له‌ كاتی زیاره‌تی چله‌ و كارئاسانی بۆ ئێرانییه‌كان كه‌ له‌و بۆنه‌یه‌دا سه‌ردانی مه‌زاره‌ پیرۆزه‌كانیان كردووه‌ له‌ عیراق.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "خامه‌نه‌یی پێویستی قوڵكردنه‌وه‌ی یه‌كڕیزی نیشتمانی گه‌لی عیراق و پشتگیریكردنی له‌ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی عیراق دووپاتكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی كرد بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ قوڵه‌ی كه‌ هه‌ردوو گه‌لی موسڵمانی دراوسێی عیراق و ئێران پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌".
 
ماڵپه‌ڕی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار ده‌ڵێت: "سه‌ماحه‌تیان داوای كاركردنی هاوبه‌شی كرد بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی چه‌سپاو و نه‌گۆر له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ گه‌لانی دراوسێ به‌ دور بگیرێت له‌ به‌ركه‌وته‌كانی ململانێ و ناكۆكییه‌كان، له‌ هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ی كرد بۆ پێویستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی عیراق و ئێران".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح سوپاسی ئایه‌توڵا عوزما سه‌ید عه‌لی خامه‌نیی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و پیرۆزبایی كردنه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یكرد بۆ بایه‌خی په‌یوه‌ندی نێوان كۆماری عیراق و كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌رۆشی عێراقی خسته‌ڕو بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ ئاستێكی پێشكه‌ووتوی باش و لێك تێگه‌یشتنی هاریكاریی به‌رده‌وامدا بن به‌و جۆره‌ی خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو گه‌لی عێراق و ئێران ده‌كات".
 
سه‌رۆك كۆمار له‌ وته‌كانیدا پێویستی كاری هاوبه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌ردوو وڵاتدا به‌ ئامانجی پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌هێزكردنی رایه‌ڵه‌ی سیاسی و كلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات و كاركردن بۆ به‌دیهێنانی ئۆقره‌یی و ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌دا.


PM:11:56:17/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو