به‌رهه‌م ساڵح: پەیامێکی رۆشن و راشکاومان بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکان لەگەڵ ئێراندا هەیە

‌حەسەن روحانی و د.بەرهەم ساڵح

وێستگه‌ نیوزـ

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ تارانی پایته‌ختی ئێران و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی، سه‌رۆك كۆماری عیراق راگه‌یاند: "پەیامێکی رۆشن و راشکاومان هەیە سەبارەت بە بایەخی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکان لەگەڵ ئێراندا کە رایەڵە و رەگ و ریشەیەکی گرنگی پەیوەندیی بە یەکەوەمان دەبەستێتەوە لەگەڵ گەلی ئێراندا".

د.بەرهەم ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن روحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران  كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 18ی تشرینی دووه‌می 2018 له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران ئه‌نجامیدا، دوپاتیکردەوە كه‌ پێویستە عیراق گرنگی بدات بەرۆڵە میحوەرییەکەی کە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە لێک نزیک بخاتەوە و بەیەکیان بگەیەنێت و نەبەێتە مەیدانی ململانێکان، وتیشی: ناوچەکە پێویستی تەواوی بە باش لێک تێگەیشتن و دیالۆگی بنیاتنەری نێوان وڵاتان ھەیە کەبەشێوەیەکی گشتی یارمەتی پەرەپێدان و پێشکەوتنی ناوچەکە بدات.
‎سه‌رۆك كۆماری عیراق وتی: "پەیامێکی رۆشن و راشکاومان هەیە سەبارەت بە بایەخی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکان لەگەڵ ئێراندا کە رایەڵە و رەگ و ریشەیەکی گرنگی پەیوەندیی بە یەکەوەمان دەبەستێتەوە لەگەڵ گەلی ئێراندا، ئەمڕۆ عیراق شایستەی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و ئۆقرەییە، ئەمەش پێویستی بە دەستپێشخەریی سیاسییانەیە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، هەروا پێویستی بە ژینگەیەکی هێمن و سه‌قامگیریی ئیقلیمیشە".

‎د.بەرهەم ساڵح داواشیکرد "سیستمێکی ئیقلیمی بڕەخسێنرێت و بدۆزرێتەوە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکانی ئێستا و بەیەک گەیشتنی بەرژەوەندییە دوقۆڵییەکان"، هاوکات ئەوەی خستە رو کە "رۆڵی عیراق میحوەریی دەبێت لەگەڵ پێویستیی پاراستنی سەروەریی وڵات لە ناوچەکەدا".

‎لە بەشێکی دیكه‌ی وتەکانیدا بۆ رۆژنامە نوسان، سه‌رۆك كۆماری عیراق بایەخی ئەو تەوەرانەی دوپاتکردەوە کە حەسەن روحانی، سەرۆک كۆماری ئێران له‌گه‌ڵیدا باسیكردوه‌، له‌وانه‌ دۆسیەی ژینگەیی لە نێوان هەرو وڵات و دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی هاوبەش لەسەر سنور و کردنەوەی هێڵی ئاسنین لە نێوان هەدو وڵاتی دراوسێدا.

‎له‌به‌رامبه‌ریشدا حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند "وڵاتەکەی دەخوازێت قەوارە و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە نێوان عێراق و ئێران دا بەرز بکاتەوە "لەوروەشەوە ئاماژەیکرد بۆ "گرنگیی بەستنەوەی هەردو وڵات بە هێڵی ئاسنەوە".

‎روحانی وتی "پەیوەندییەکانی ئێران ـ عیراق تایبەت و گرنگن لە روی مێژویی، کلتوریی، نیشتمانیی و ئیقلیمییەو، وتیشی: "لەگەڵ سەرۆک کۆمار د.بەرهەم ساڵحدا چەندین بابەت و دۆسییەی بەبایەخی هاوبەشی هەردو وڵاتیان تاوتوێکردوە".

باسی له‌وه‌شكرد کە "بایەخ و گرنگیی چەسپاندنی ئۆقرەیی وئاسایش لە وڵاتانی ناوچەکەدا زۆر پێویستە"، سەرۆک روحانی پێویستیی بایەخدان و بەهەند وەرگرتنی دۆسیەی ژینگەیی و ئەو کێشە ژینگەییانەی خستە رو کە وڵاتانی ناوچەکە بەدەستیەوە دەناڵێنن، لەو بارەیەشەوە ستایشی سەرۆک بەرهەم ساڵحی کرد کە بە شەخسیی بەدواداچون دەکات بۆ ئەو دۆسیەیە. 

‎پێشتر و بەرلە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیان، د.بەرهەم ساڵح و حەسەن روحانی بە بەشداریی هەردو وەفدی عیراقیی و ئێرانیی کۆبونەوە و لە کۆبونەوەکەدا رێوشوێنەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەدو وڵاتی دراوسێ و پەرەپێدانی ئاسۆی هاریکاریی نێوانیان تاوتوێکرد بەو جۆرەی بەرژەوەندییەکانی هەردو گەل و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی پێشکەوتن و ئاشتیی لە تەواوی ناوچەکەدا زامن و دەستەبەر دەکات. 


PM:05:31:17/11/2018




















ئه‌م بابه‌ته 1648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت