سه‌نته‌ری میترۆ: لەسەر بەكارهێنانی "تەزویرو خیانەت" کەناڵی KNN دادگایی دەكەن


وێستگه‌ نیوزـ

سەنتەری میترۆ رایگەیاند شوێنی راستەقینەی قسەكردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و پاشەكشەی هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركوك و دۆڕاندنی كەركوك، میدیاكان و فەزای گشتییە نەك ژووری كۆبونەوەی داخراوی حزبەكان.

ئەمڕۆ لە ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی لە میانەی دیداری هاوبەشی بەڕێوەبەری گشتی KNN و سیروان رەشید لە میدیای بزوتنەوەی گۆڕان، بەرێوەبەرو ئەندامانی دەستەی كاگێڕی سەنتەری میترۆ قسەوباس لەو فشارانە كرا كە ئەمجارەیان لە رێگەی سكاڵای یاساییەوە دەكرێنە سەر KNN.

بەڕێوەبەری KNN ئاكۆ حەمە كەریم تیشكی خستە سەر ئەو داوا یاساییانەی كە روبەڕووی كراونەتەوە وەك داوای یاسایی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی و یەكێك لە فەرماندەكانی پێشووی میحوەری كەركوك، كە سكاڵای یاسایی لەسەر لەسەر خۆی، رەنج عوسمان پەیامنێری رانیە، پشدەر بابەكر كارمەندی ژوریی هەواڵی كەناڵەكە تۆمار كردووە. وتی" ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی لە سكاڵاكەی داوای یەك ملیار دینار قەرەبوو دەكات و بە پێی ماددەكانی یاسای سزادانی عێراقی داوای ئەو مافەی كردوە."

یەكێتی نیشتمانی كوردستان سكاڵای لەسەر بەڕێوەبەری گشتی KNN و بەڕێوەبەری رێگە پێدراوی كۆمپانیای وشە تۆمار كردوە. سكاڵاًكەی یەكێتی بابەتێكی ئەو كەناڵیە كە گوایە" شەوەی 12ی ئایار تەشهیری بەیەكێتی كردوە و وتوێتی یەكێتی تەزویری ئەنجامداوە و دەستكاری دەنگەكانی كردوە". سەرباری داوایەكی یاسایی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر لەكەركوك رویدا، یان هەڵبژاردنەكان، هەزاران هاوڵاتی و دەیان پەلەمناتارو كەسایەتی گشتی و كادێری حزبەكان، هەم بە "خیانەت" هەم" هڵبژاردنی پڕ لە ساختەكاری" وەسفیانكردوە، پرسیاری ئەوەشی كرد" ئایا دەبێت ئەو هەزاران هاوڵاتی و دەیان كەسایەتییە حزبی و سەربەخۆیە ببرێنە بەردەم دادگا؟"

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ داوایكرد ئەو گفتوگۆیانە دەبێت لە بەرژەوەندی ئازادی بیروڕاو ئازادی میدیا یەكلابكرێنەوە و یاسا نەكەینە فاكتەری دەمكوتكردن‌و و بێدەنگكردنی خەڵك و میدیاكان، جەختیكردەوە" ئەمە بەو مانایە نا كە ئێمە لەو پرسانەدا ئیتكی كاری رۆژنامەنوسی ببەزێنین"

سەنتەری میترۆ بەڵێنی پشتیوانی تەواوی كەناڵی KNN و سەرجەم میدیاكارانی راگەیاند و لە ماوەی ئایندە لە رێگەی نێوەندگیری، تا دەگاتە رێكخستنی كەمپین و گربونەوەی هاوپشتی KNN دەكات.


PM:04:59:17/11/2018
















ئه‌م بابه‌ته 2088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو