داوا دەکرێت ئەمریکا لە سزاکانی سەر ئێراندا رەچاوی تایبەتمەندی عیراق بکات


وێستگه‌ نیوز ـ
بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمریکای ھاندا رەچاوی بارودۆخی سیاسی و ئابوری وڵاتەکەی بکات لە سزاکانی سەر ئێراندا.

ئەمریکا رایگەیاندوە، عیراق دەتوانێت بۆ ماوەی 45 رۆژ غازی سروشتی و وزە لە ئێرانەوە ھاوردە بکات بەو مەرجەی بە دۆلار ئەو مامەڵەیە نەکات.

بەرھەم ساڵح رایگەیاند، ئەوان لە گرژییەکانی ناوچەکە نیگەرانن و وتی: "بەدڵنیاییەوە، نامەنەوێت ھیچ زیانێک بە گەلی ئێران بگات"

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە گفتوگۆیەکی راستەقینەدان لەگەڵ ئەمریکا و پێویستە دەوڵەتی پەیوەندیدار بەوسزایانەوە رەچاوی تایبەتمەندی عیراق بکات.

بەرھەم ساڵح ئەوەی خستەروو، وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندییەکی ھاوسەنگی لەگەڵ دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ھەبێت،" ئێران دەوڵەتێکی دراوسێیە و بەرژەوەندی ئێمە لەوەدایە پەیوەندییەکی باش و نەگۆڕمان لەگەڵیدا ھەبێت".

رۆژی 5تشرینی دووەمی 2018، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتە ھەستیارەکانی ئابوری ئێران وبە تایبەت کەرتی ووزە، چوونە بواری جێبەجێکردنەوە.

هــ. ر


AM:08:50:12/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 2700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو