قوباد تاڵه‌بانی: باری ئابووریی هه‌رێم به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات


وێستگه‌ نیوز –
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی‌ له‌ گرنگیی خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا باری ئابووریی هه‌رێم به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات.

ماڵپه‌ڕی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ 2018/11/8 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ دۆمنیك ماس كونسولی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان و چاكسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم. تاوتوێكردنی چۆنیه‌تیی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق و كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بوو.

جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ستایشی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی حكومه‌ت و گه‌لی فه‌ره‌نسای له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لی كورد له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌كانی فه‌ره‌نسا به‌رز ده‌نرخێنێت، هه‌روه‌ها باسی له‌ چۆنیه‌تیی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. عادل عه‌بدولمه‌هدی و به‌شداریی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ جیاجیاكانی عیراق تیایدا و ئه‌گه‌ره‌كانی چۆنیه‌تیی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كرد.

قوباد تاڵه‌بانی له‌باره‌ی كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، گرنگیی خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی دووپات كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا باری ئابووریی هه‌رێم به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات و حكومه‌تیش وه‌ك هه‌میشه‌ پلانی باشتركردنی گوزه‌رانی هاووڵاتیانی هه‌یه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ چاكسازییه‌كانی حكومه‌ت كرد كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی زیاتری ئابووریی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ كونسولی گشتیی فه‌ره‌نسا و شاندی یاوه‌ری ستایشی چاكسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و هیوای به‌ره‌وپێشچوونی باشتر و زیاتریان بۆ هه‌رێمی كوردستان خواست.


PM:12:21:09/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو