‌قه‌ته‌ر بانگهێشتێكی فه‌رمی ئاراسته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات
‌کۆبونەوەی وەفدی قەتەر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 7ی تشرینی دووه‌می 2018، محه‌مه‌د عه‌بدولره‌حمان ئال سانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی قه‌ته‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدێكی باڵای وڵاته‌كه‌ی سه‌ردانێكی فه‌رمیی بۆ عیراق ده‌ستپێكرد.

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ محه‌مه‌د بن عه‌بدولره‌حمان ئال سانی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی قه‌ته‌ر به‌ یاوه‌ریی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌فدێكی وڵاته‌كه‌ی، سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی كردوه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی و ئال سانی باس له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عیراق و قه‌ته‌ر له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به‌تایبه‌ت بواری ئابوری كراوه‌، هاوكات ئال سانی راگه‌یاندوه‌ كه‌ عیراق دوای سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر "تیرۆر"دا به‌هێزتر بووه‌.

راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر چاویشیان له‌ هاوكاریی ئابوری و بازرگانیی نێوان هه‌ردوو وڵاته‌ له‌ بواری وزه‌ و بواره‌كانی دیكه‌شدا.

هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی قه‌ته‌ر، به‌ناوی ئه‌میری وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ فه‌رمی بانگهێشتی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردوه‌ سه‌ردانی ده‌وحه‌ بكات.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و ده‌وحه‌-ی به‌ گرنگ زانیووه‌ و راگه‌یاندوه‌ كه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ ئاسانكاری له‌ بواری وه‌به‌رهێنان له‌ عیراق تا ئابوریی وڵات ببوژێته‌وه‌.


PM:10:13:07/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌